سوپای ئیسرائیل ژمارەی كوژراو و بریندارەكانی ئاشكرا كرد

ناوەندی هەواڵەكان

سوپای ئیسرائیل بڵاوی كردەوە، دوای ئەوەی یەكێك لە سەربازەكانیان لە شەڕەكانی باشووری كەرتی غەزە كوژراوە ژمارەی سەربازە كوژراوەكانیان لە ٧ـی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردووە تا ئێستا گەیشتووەتە ٦٢١ سەرباز.

سوپای ئیسرائیل لە بارەی ژمارەی كوژراو و بریندارەكانیان لە شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەكان لەگەڵ چەكدارانی حەماس لە دوای ٧ـی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردووە تا ئێستا ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، ئەمڕۆ سەربازێكیان بە ناوی (سەرجەنت ئیرا یایر گیسڤان)ی تەمەن ١٩ ساڵ لە شەڕێكدا لە باشووری كەرتی غەزە كوژراوە، بەمەش ژمارەی سەربازە كوژراوەكانمان لە سەرەتای دەستپێكردنی جەنگی غەزەوە تا ئێستا گەیشتووەتە ٦٢١ ئەفسەر و سەرباز.

ئاماژە بەوەشكراوە، لە سەرەتای دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی زەمینیەوە تا ئێستا ٢٧٣ سەرباز كوژراون، هەروەها كۆی گشتی بریندارەكان لە سەرەتای شەڕەوە تا ئێستا سێ هەزار و ٤٥٦ كەسە، كە دوو هەزار و نۆ لەوانە برینەکانیان سووكە و ٩١٧ برینداری دیکەیان برینەکانیان مامناوەندە و ٥٣٠ـی دیکەیان برینەکانیان سەختە.

لە بەرەبەیانی ٧ـی مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردووەوە چەكدارانی حەماس لە ڕێگەی هەزاران مووشەكەوە هێرشیان كردە سەر ئیسرائیل، كە لە ئەنجامدا بە هەزاران كەس بوونە قوربانی و ئاوارە بوون، تا ئێستاش شەڕ و پێكدادانی نێوان چەكدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل بەردەوامە.

هـ.ئ

Comments are closed.