پەدەکە بۆ دواخستنى هەڵبژاردن لە تاران و بەغدا خۆی چەماندەوە

ناوەندی هەواڵەکان

هەر دوای بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بۆ لابردنى ١١کورسییەکەى کۆتا و کردنى هەرێم بە چوار بازنەى هەڵبژاردن، پەدەکە کەوتە خۆی بۆ پەکخستنى هەڵبژاردنی پەرلەمانى هەرێمی کوردستان کە بڕیار بوو لە ١٠ـی حوزەیرانى داهاتوو بکرێت، بۆ ئەوەش پەدەکە هەموو ڕێگەکانى سیاسی و یاسایی و میدیایی و دیبلۆماسی و خۆچەماندنەوەی لە بەغدا و تاران خستەکار تا هەڵبژاردن نەکرێت.

دوای ئەو بڕیارانە، پەدەکە لەڕووی سیاسیی و میدیاییەوە هەڵمەتێکی شەڕانگێزانەى دژی دادگای فیدراڵی بەرپا کرد و بە شەو و بە ڕۆژ بەرپرس و میدیاکانی پەدەکە دادگای فیدراڵیان بە دادگای “سەورەى بەعس” و دادگای ملیشیا و چەکدارەکان ناودەبرد و دادوەرەکانیشی بە کرێگیراوی وڵاتانى ناوچەکە تۆمەتبار دەکرد.

لەگەڵ ئەو هەموو تۆمەت و ناو و ناتۆرەیەی پەدەکە لە دادگای فیدراڵیاننا و هەڵبەست، کەچی ئێستا خۆیان بۆ سەرۆکی دادگاکە چەماندەوە و بە لێشاو سکاڵایان لەو دادگایە تۆمار کردوە، تەنیا بۆ ئەوەى لەو دۆخە ڕزگاریان بکات کە تێیکەوتوون.

پەدەکە کاتێک زانی لەم هەڵبژاردنەدا هیچ شتێک لەبەرژەوەندی ئەو نییە و چیتر ئەو زۆرینە ساختەیە ناهێنێتەوە کە بەساختەکاریی بەدەستی هێنابوو، نێچیرڤان بارزانى کردە کەواسووری بەر لەشکر و لە هەموو دەرگایەکی دا تا هەڵبژاردنى هەرێمی خستە چارەنووسێکی نادیارەوە.

ئامانجی پەدەکە تەنیا دواخستنى هەلبژاردن نییە، بەڵکو ئامانجی ئەوەیە هەڵبژاردن هەر نەکرێت تا ئەو کاتەی هەموو شتێک بۆ ئەو وەک خۆی لێدێتەوە، بۆ ئەوەش پەدەکە دادگای فیدراڵی سکاڵاباران کرد تا لەلایەک شکۆی دادگای فیدراڵی بشکێنێت و لەلایەکیش ئەو بڕیارانە هەڵوەشێنێتەوە کە لەبارەى هەڵبژاردنەوە داویەتى.

لە دوای ئەوەى پەدەکە هیچی تێدا نەهێشتەوە و ئەوەى بە دادگا و داوەرەکان کردی با بە دەواری شڕی نەکردوە، نێچیرڤان بارزانى خۆی گەیاندە بەغدا و لەدەرگای هەموو لایەنەکان و سێ سەرۆکایەتییەکەیدا تا هەڵبژاردن دوابخەن، لە هەموو ئەو کۆبوونەوانەدا نێچیرڤان بارزانى بە بەرپرسانى عێراقی وتووە: ئەگەر هەڵبژاردن دوانەخرێت، ئەوا مامم بڕیار دەدات لە حکومەت و پەرلەمانى عێراق بکشێتەوە و هەرێمی کوردستانیش دەکاتەوە بە دوو ئیدارەیی.

پەدەکە هەموو هەڕەشەکانى بە دوو ئیدارەی هەرێم و تێکدانى دۆخی هەرێم گەیاندە بەغدا و سەرۆکایەتییەکانى عێراق بە دادگای فیدراڵی و ئەنجومەنى باڵای دادوەریشەوە، ئەوان ئامادە نەبوون هیچ بەڵێنێکی ئەوتۆ بە پەدەکە بدەن، بۆیە لە لێدوانەکانیاندا تۆپەکەیان خستووە مەیدانى نێچیرڤان بارزانى و ڕایانگەیاند، ئەو سەرۆکی هەرێمەو دەتوانێت بریار لەسەر دواخستن یان کردن بدات.

ئەم سەردانە شتێکی ئەوتۆی بۆ پەدەکە لێسەوز نەبوو، بۆیە ناچار ڕووی کردە تاران و لەگەڵ بەرپرسانى ئەو وڵاتە پرسی هەڵبژاردنى خستەڕۆژەڤەوە، داوای کرد لەڕێگەى حکومەتى عێراق و دادگای فیدراڵییەوە کار بکات بۆ دواخستنى هەڵبژاردن، بۆیە پەدەکە لە تارانیش خۆی چەماندەوە و بە بێدەنگکردن و لەجوڵەخستنى هێزەکانى ڕۆژهەڵات، دواخستنی هەڵبژاردنى لە تارانەوە مسۆگەر کرد.

هێشتا نێچیرڤان بارزانى لە تاران نەگەڕایەوە، مەسرور بارزانى بەناوی حکومەتى هەرێمەوە ڕۆژی ٦ـی ئایار سکاڵایەکی لە دادگا تۆمار کرد بۆ تانەدان لە کارەکانى کۆمسیۆن، بنەمای ئەو سکاڵایەش لە تارانەوە نەخشەى بۆ کێشرابوو، بۆیە دادگا هاتە سەرخەت و هەموو کارەکانى کۆمسیۆنى ڕاگرت بەو جۆرەى پەدەکە دەیویست.

سکاڵاکەی مەسرور بارزانی دژ بە کۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە كه‌ “كۆمسیۆن لە دابەشکردنی هەرێمی کوردستان بۆ چوار بازنەی هەڵبژاردن، سەرپێچیی دەستور و بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵیی کردووه‌”.

مەسرور بارزانی لە سکاڵاکەیەدا باسی لەوە کردووە، کۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان، لە دابەشکردنی ژمارەی کورسیی بازنەکاندا، پشتی بە ژمارەی دەنگدەران بەستووە، نەوەک ژمارەی دانیشتووانی ئەو بازنانە”، ئه‌وه‌ش به‌ پێچه‌وانه‌ی یاسا و ده‌ستور ناودێرده‌كات


دوا بەدوای سکاڵاکەى مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتى  ماوەبەسەرچوو، چەند کەسێک لە تورکمان و ئەرمەن و مەسیحییەکان کە کادری پەدەکەن و کار بۆ بنەماڵەى بارزانى دەکەن چوار سکاڵایان لە دادگای فیدراڵی تۆمار کرد، بۆ گەڕاندنەی ١١ کورسییەکەی کۆتا.

دوای ئەو سکاڵابارانەى پەدەکە، دوێنێ نێچیرڤان بارزانى خۆی گەیاندەوە بەغدا و لەگەڵ سوودانى و سەرۆکی باڵای دەسەڵاتی دادوەری و سەرۆکی دادگای فیدراڵی کۆبووە، دیانەوە ئەو چەمانەوەیش بۆ ئەوە بوو کە کاری دواخستنى هەڵبژاردنەکەى هەرێم تەواو بکەن و دادگا ناچار بکرێت بڕیارەکانى خۆی هەڵوەشێنێتەوە، پەدەکە مەبەستییەتى جارێکی دیکە دەست بە حەباکەى سەرۆکی دادگای فیدراڵی بگرێت و خۆی هەڵستێنێتەوە.

بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوو ئەنجام و بەرهەمی ئەو هەموو هێرش و تۆمەتبارکردن و سکاڵا و خۆچەماندنەوەیە لە بەغدا و تاران ڕابگەیەندرێت و پەدەکە ئەوەى بە خۆچەماندنەوە و هەڕەشەکردنى دوو ئیدارەیی و کشانەوە لەبەغدا بەدەستى هێنا بۆ ڕایگشتى بڵاوبکرێتەوە، سەرلەنوێ وادەیەکی دیکە بۆ هەلبژاردن دیاری بکرێت و دادگای فیدراڵیش چارەسەرێکیش بۆ کورسییە فەوتاوەکانى کۆتا بدۆزێتەوە.

ئەگەر لە پێشوودا پەدەکە بە ساختەکاریی و پارە و هێزی چەکدار و گەندەڵی درێژەى بەمانەوەى خۆیدابێت، ئەوا ئەمجارە لەڕێگەى دادگای فیدراڵییەوە مانەوەى خۆی مسۆگەر کرد و دادگای  فیدراڵی بۆ ساختەکارییەکانى خۆی بەکارهێنا.

ڕۆژی سێ شەممە کۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا سكاڵاكه‌ی مه‌سرور بارزانی كه‌ له‌ دژی كۆمسیۆن تۆماریكردووه، به‌ “بانگه‌شه‌ی نادروست و دوور‌ له‌ ڕاستی و ‌ناده‌ستوری” ناوده‌بات و ده‌ڵێت، یه‌كلاكردنه‌وه‌ی سكاڵاكه‌ له‌ تایبه‌تمه‌ندیی دادگای باڵای فیدراڵی نییه‌، بەڵام ئەو سکاڵایە بووە هۆی ڕاگرتنى کارەکانى کۆمسیۆن بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن لەو وادەیەی بۆی دیارکرابوو.

كۆمسیۆن ئاماژەى بەوەشکردوە ١١ كورسیی كۆتاكان دژی هه‌ردوو بنه‌مای یه‌كسانی و چوونیه‌كیی ده‌رفه‌ته‌كانه‌ كه‌ له‌ ده‌ستوردا هاتوون، به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ١١ كورسییه‌كه‌، كۆتاكان ده‌توانن كورسیی زیاتر به‌ده‌ستبهێنن”.

هاوکات كۆمسیۆن هۆشداریی داوە له‌ دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و ڕایگەیاندوە، دواخستنی هه‌ر بڕگه‌یه‌كی خشته‌ی پرۆسه‌كانی هه‌ڵبژاردن، كارده‌كاته‌سه‌ر ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ واده‌ی دیاریكراوی خۆیدا، به‌ تایبه‌ت له‌ كاتێكدا كه‌ ماوه‌ی یاسایی كاركردنی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیاران، له‌ 7ـی 7ـی 2024ـدا كۆتایی پێدێت.

لەسەر بنەمای سکاڵاکەى مەسرور بارزانى و لەسەر داوای دادگای فیدراڵی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان بڕیاریدا کە ، دووباره‌ ده‌رگای تۆماركردنی ده‌نگده‌رانی بۆ ده‌نگده‌رانی هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه‌ و داواش له‌و ده‌نگده‌رانه‌ی كه‌ ئامێره‌كانی ده‌نگدان په‌نجه‌مۆریانیان نه‌خوێندوونه‌ته‌وه‌ ده‌كات، سه‌ردانیان بكه‌ن بۆ دووباره‌كردنه‌وه‌ی په‌نجه‌مۆره‌كانیان، ئەوەش یەکێک بوو لە داواکارییەکانى پەدەکە بۆ

 لەکاتێکدا دادگای فیدرالی ماوەیەکی دوور و درێژی پێویستە بۆ گفتوگۆکردن و ڕاویژکردن لەسەر هەر سکاڵایەک کە پێدەگات، بەڵام بۆ سکاڵاکەى مەسرور بارزانی لەماوەى ٢٤ کاتژمێردا ئەو دادگایە دادبینیی بۆ سکاڵاكه‌ی مەسرور بارزانی كرد و دواتر فه‌رمانێكی له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ركرد و جێبه‌جێكردنی ئه‌و بڕگه‌یه‌‌ی ڕاگرت، كه‌ ١١ كورسییه‌كه‌ی كۆتاكان له‌ په‌رله‌مانی كوردستانی هه‌ڵوه‌شاندووه‌ته‌وه‌.

دادگا فیدراڵی لە بڕیارەکەیدا ئاماژەى بەوە کردوە، جێبه‌جێكردنی بڕگه‌ی دووه‌می ماده‌ی دوو له‌ سیستمی تۆماركردنی لیستی كاندیدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان ژماره‌ حه‌وتی ساڵی ٢٠٢٤، كه‌ له‌ لایه‌ن كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ په‌سه‌ندكراوه‌، ڕاده‌گیرێت تا ئه‌و كاته‌ی داواكه‌ یه‌كلاده‌كرێته‌وە.

هـ.ح

Comments are closed.