لە هەڵەبجە پێشانگایەكى شێوەکارى بۆ ١٠ ژنە هونەرمەند کرایەوە

هەڵەبجە

ئەمڕۆ لە هەڵەبجە پێشانگایەكی هونەری شێوەكاری بۆ ژمارەیەك لە ژنان كرایەوە، تێیدا تابلۆی سروشت و ژن نمایشكرا، ژنانی بەشداربووانی پێشانگاكەش دەڵێن: كردنەوەی ئەم پێشانگایانە زۆر گرنگە، چونكە لەم ڕێگەیەوە تواناى ژنان پیشانی خەڵك دەدرێت.

چەند شێوەكارێكی پێشانگای “ژنەكان هەر پەنجەیەكیان ڕەنگێكی لێ دەڕژێت” لە بارەی كردنەوەی یەكەمین پێشانگای ساڵانەی هەڵەبجە و بەشداریكردنیان لە پێشانگاكە بۆ ئاژانسی ڕۆژنیوز دەدوێن.

لەنجە سالم
لەنجە سالم

لەنجە سالم بەشداربوویەكی پێشانگاكەیە و دەڵێت: درووشمی پێشانگاكەمان لە ژێر ناوی “ژنەكان هەر پەنجەیەكیان ڕەنگێكی لێ دەڕژێت” بەڕێوەدەچێت، تێدا كۆمەڵێك ژنی شاری هەڵەبجە بەشدارن و هەریەكەیان بە تابلۆی جیاواز بەشداریییان تێدا کردووە.

دەشڵێت، ئەم پێشانگایانە زۆر گرنگە بۆ ئێمەی ژنان بۆ ئەوەی كارە هونەرییەكانمان پیشانی بینەر بدەین و چێژی لێوەربگرن، هەروەها بەشێك لە تابلۆكانی ناو پێشانگاكە باسی سروشت دەكات، بەشێكی دیكەشیان باسی ڕۆڵی ژنان لە كۆمەڵگەدا دەكات، پێشانگاكەش بۆ دەركەوتنی توانایی ژنان لە بوارى هونەریدا زۆر گرنگە.

كەلسوم سەباح
كەلسوم سەباح

كەلسوم سەباح بەشداربویەكی دیكەی پێشانگاكەیە بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، یەكەمجارە بەم جۆرە پێشانگایەكی گرنگ بۆ ژنان لە هەڵەبجە بكرێتەوە، هیوادارم بەردەوامی هەبێت بۆ ئەوەی ژنان زیاتر بەرەو پێشەوە بچن و توانای خۆیان دەربخەن.

جێگەی ئاماژەیە، ئەم پێشانگایە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەڵەبجەوە ڕێكخراوە، كە تیایدا ١٠ ژنە هونەرمەندی شێوەكاری شارەكە بەشداربوون.

هـ.ئ

Comments are closed.