عێراق زیاتر لە ٦٠٠ ملیۆن دۆلار قەرزاری وڵاتى چینە

ناوەندی هەواڵەكان

بەپێی ڕاپۆرتێكی نوێی بانكی نێودەوڵەتی قەرزەکانى چین لەسەر عێراق گەیشتووەتە ٦٤٦ ملیۆن دۆلار و ئەمەش گوزارشتە لە فراوانبوونی پەیوەندییە داراییەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە، دەشڵین، لە ساڵی ٢٠١٢ەوە چین چوار تریلیۆن دۆلار قەرزی بە وڵاتانی كەم داهات و داهات مامناوەند داوە.

بانكی نێودەوڵەتی لە بارەی بڕى قەرزەکانى چین لەلایى عێراق و وڵاتانی كەم داهات و داهات مامناوەند ڕاپۆرتێكی بڵاوكردەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەكە، ئابووری چین بە خێرایی گەشە دەكات، تێكڕای گەشەی داهاتی گشتی ساڵانەی ئەو وڵاتە لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا زیاتر لە ١٣٪ بووە، سەرەڕای ئەم گەشەسەندنە، چین لە گەورەترین قەرزدەرەكانە بە وڵاتانی كەم داهات و داهات مامناوەند.

ئاماژە بەوەشكراوە، لە ساڵی ٢٠١٢ەوە چین نزیكەی ٤٠%ـی كۆی قەرزی دارایی بۆ وڵاتانی كەم داهات و داهات مامناوەند دابینكردووە، كە كۆی گشتی چوار تریلیۆن دۆلار بووە، لەم بڕە پارەیە ٣٢٪ـی لە ڕێگەی كاڵاوە بووە.

لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، چین گەورەترین قەرزدەرە بە وڵاتانی كەم داهات و داهات مامناوەند، بەجۆرێک كۆی قەرزە دەرەكییەكانی چین لە ساڵی ٢٠٢٢دا گەیشتە ١٨٠ ملیار دۆلار.

ئەوەش خراوەتەڕوو، كۆی گشتی قەرزەكانی چین لای عێراق ٦٤٦ ملیۆن دۆلارە، دوا ئەویش میسر دێت، كە لە پلەی دووەمی جیهانی عەرەبی گرتووە و قەرزەكانی پێنج ملیۆن و ٢١٤ هەزار دۆلارە.

لە كۆتایدا باس لەوەشكراوە، پاكستان، ئەنگۆلا و سریلانكا گەورەترین قەرزارەكانی چینن.

هـ.ئ

Comments are closed.