یەكێتی ئەورووپا داوای ڕاگرتنی هێرشەکانى ئیسرائیل بۆ سەر ڕەفح دەكات

ناوەندی هەواڵەكان

یەكێتی ئەوروپا داوای لە ئیسرائیل كرد، دەستبەجێ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكەی لە شاری ڕەفح لە باشووری كەرتی غەزە ڕابگرێت، هۆشداریش دەدەن لەوەی ئەگەر هێرشەكان بەردەوام بێت ئەوا پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی ئەوروپا و تەلئەبیب تێكدەچێت.

جۆزێپ بۆرێل، ڕێكخەری سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا لە بارەی دەستپێكردنی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر شاری ڕەفح و هۆشدارییەكانیان بۆ ئیسرائیل، بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوە.

لە بەیاننامەكەدا هاتووە، ئەگەر هێرشەكانى ئیسرائیل بۆسەر ڕەفح بەردەوام بێت ئەوا پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی ئەوروپا و تەلئەبیب تێكدەچێت.

ئاماژە بەوەشكراوە، داوا لە ئیسرائیل دەكەین، دەستبەجێ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكەی لە شاری ڕەفح لە باشووری كەرتی غەزە ڕابگرێت.

هەینی ڕابردوو ئەنجوومەنی سەربازی و  وەزارەتی كاروباری ئاسایش لە ئیسرائیل ڕێككەوتن لەسەر فراوانكردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئیسرائیل لە شاری ڕەفح لە باشووری كەرتی غەزە.

ڕۆژی شەممەش سوپای ئیسرائیل داوای لە فەلەستینییەكانی شاری ڕەفح  كرد، ناوچەکانیان چۆڵ بكەن و بچنە ئەو شوێنەی كە ناوی“مەواسی”ە.

لە بەرەبەیانی ٧ـی مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردووەوە چەكدارانی حەماس لە ڕێگەی هەزاران مووشەكەوە هێرشیان كردە سەر ئیسرائیل، كە لە ئەنجامدا بە هەزاران كەس بوونە قوربانیی و ئاوارە بوون، تا ئێستاش شەڕ و پێكدادانی نێوان چەكدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل بەردەوامە.

هـ.ئ

Comments are closed.