وەزارەتی ناوخۆی عێراق: ناوچەی بەتاوین پاککراوەتەوە لە تاوانباران

ناوەندی هەواڵەکان

وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، داوا لە هەموو سەندیکا و ڕێکخراوەکان دەکەین جارێکی دیکە چالاکی و ڤیستیڤاڵەکانیان لە ناوچەی بەتاوینی بەغدا ئەنجام بدەن، چونکە ئێستا ئەو ناوچایە بەتەواوی پاککراوەتەوە لە تاوانباران.

فەریق میقداد میری وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە ئاژانسی ڕۆژ نیوز ئامادەی بوو ڕایگەیاند، ناوچەی بەتاوینی بەغدا لە تاوانباران پاککراوەتەوە.

میری ڕاشیگەیاند، دوای ئەوەی چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ئۆپەراسیۆنی بەرفراوانمان لە ناوچەی بەتاوینی بەغدا ئەنجامدا و ئێستا شوێنەواری تاوان لەو ناوچەیە بە یەکجاری سراوەتەوە و پاکمان کردووەتەوە لە تاوانباران.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ڕێگەی وەزارەتی ناوخۆ و بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران، داوا لە هەموو سەندیکا و ڕێکخراوەکان دەکەین جارێکی دیکە چالاکی و ڤیستیڤاڵەکانیان لەو ناوچەیەی بەغدا ئەنجام بدەن، ژیانی مەدەنی بۆ بەتاوین بگەڕێننەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، بە سپۆنسەری وەزارەتی ناوخۆ لە ڕێگەی فەرمانگەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییە گشتییەکانەوە ئێستا لە شوێنە جیاوازەکانی بەتاوین، فێستیڤاڵی شیعر، پێشبڕکێی وەرزشی، ڤیستیڤاڵی بە بازاڕکردن سازدەکرێن.

ڕ.ش

 

Comments are closed.