بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان ڕێپێوانێکی جەماوەریی بەڕێوەچوو

ناوەندی هەواڵەکان

دانیشتوانی تل تەمر و زرگان لە دژی گۆشەگیریی و بۆ ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێپێوانێکی جەماوەرییان ئەنجامدا.

بۆ شەرمەزارکردنی گۆشەگیریی ئیمراڵی و بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بە سەدان کەس لە دانیشتوانی تل تەمر و زرگان لە کانتۆنی جزیرە، ڕێپێوانیان کرد.

ڕێپێوانەکە لە بەردەم ئەنجوومەنی بنەماڵەی شەهیدان لە تل تەمر دەستیپێکرد و لە کۆتایی شەقامی شەهید عومەر بەراڤی کۆتایی هات، لەوێدا عەبدولرەحمان حسێن ئەندامی ئەنجوومەنی گشتیی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) لقی حەسەکە قسەی کرد و وتی: ئێمە گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئۆجالان شەرمەزار دەکەین کە زیاتر لە ٢٥ ساڵە بەردەوامە.

لە بەردەوامی قسەکانیدا حسێن وتی: دەوڵەتی تورک ناتوانێت ئیرادەی گەلەکەمان تێکبشکێنێت، ئێمە سەردانانەوێنین و تا مسۆگەر کردنی ئازادی جەستەیی ڕێبەرمان درێژە بە چالاکیەکانمان دەدەین.

هەروەها سەماح حەمادی ئەندامی بەڕێوەبەری کۆمیتەی ئابوری لەسەر ناوی ئەنجوومەنی شاری زرگانەوە وتەی پێشکەش کرد و وتی: ئێمە بێدەنگی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی بواری یاسا شەرمەزار دەکەین، بێدەنگی ئەوان، پەڵەیەکی شەرمەزارییە بە ناوچاوانی مرۆڤایەتی و جیهان.

سەماح ئەوەشی خستەڕوو، کە تا ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان مسۆگەر دەکرێت، ئەوان لە گۆڕەپانەکان دەبن.

ب. ق

Comments are closed.