پەیەدە لە سلێمانی بە ئاهەنگێك جەژنی زمانی کوردیی پیرۆز کرد

ناوەندی هەواڵەکان

بە بۆنەی ١٥ـی گوڵان جەژنی زمانی کوردییەوە، پەیەدە و گەلی ڕۆژئاوا لە سلێمانی، ئاهەنگێکیان ساز کرد و ئەم ڕۆژەیان پیرۆز کرد.

ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی، بە دەستپێشخەری پارتی یەکێتی دیمکوراتی-پەیەدە و بە بەشداری بەشێکی زۆر لە هاوڵاتییانی ڕۆژئاوای کوردستا کە نیشتەجێی باشووری کوردستانن، بە تایبەت خەڵکی عەفرینی داگیرکراو، بە بۆنەی ١٥ـی گوڵان جەژنی زمانی کوردییەوە، ئاهەنگێک ساز کرا.

سەرەتای ئاهەنگە بە خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد، پاشان چەندین هۆنراوە لە لایەن ژنان و گەنجانی ڕۆژائاوای کوردستانەوە خوێندرایە، دواتر گرووپی هونەریی ئاوازی ڕۆژئاوا چەندین بەرهەمی هونەریی شۆڕشگێریی و شادیان پێشکەش کرد، هەر لە ئاهەنگەکەدا گرووپی کۆما زارۆکێ ڕۆژئاوا، چەندین تابلۆی سەرەنج ڕاکێشیان بۆ ئامادەبووان نمایش کرد.

لەبارەی ئاهەنگەکەوە، بێریڤان محەمەد ئەندامی ئەنجوومەنی گشتیی پارتی یەکێتی دیمکوراتی-پەیەدە، لە باشووری کوردستان، بە ڕۆژنیوزی وت: ئەم جەژنە پیرۆز دەکەین لە هەموو گەلی کورد، کە لە ١٥ـی گوڵانی ١٩٣٢بە بۆنەی دەرچوونی یەکەم ژمارەی گۆڤاری هاوارەوە لەلایەن بەدرخانییەکانەوە، وەک  جەژنی زمانی کوردیی دیاریکراوە، شانازی دەکەین بەم ڕۆژەوە، وەکوو  خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان لە ناو باشووری کوردستان، بە گەرمی پێشوازی لەم ڕۆژە پیرۆزە دەکەین.

بێریڤان محەمەد ئاماژەی بەوەش کرد: ڕاستە ئەم جەژنە تایبەت بە زمانی کوردیی، بەڵام ئێمە پیرۆزبایی ئەم جەژنە لە تەواوی گەلانی دیکە دەکەین، چوونکە هەر گەل و نەتەوەیەک بە زمانەکەی دەناسرێتەوە.

ب.گ

Comments are closed.