لە ئامەد بە ڕێپێوانێک جەژنی زمانی کوردیی بەرز ڕاگیرا

ناوەندی هەواڵەکان

لە ئامەد بە بۆنەی جەژنی زمانی کوردییەوە، ڕێپێوانێکی جەماوەریی ئەنجام درا، لە ڕێپێوانەکە جەختیان کردەوە: “زمانمان، هەبوونمانە، لەپێناو زمانی دایکمان، هەموو دەرفەتەکان بەکاردەهێنین”.

کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەی زمان و چاندی میزۆپۆتامیا (مەد-دەر)، کۆمەڵەی ئەدیبانی کورد، ئینستیوتی کوردی ئامەد، گۆڤاری دەستار، پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە)، پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا)، پلاتفۆرمی ڕەنج و دیموکراسیی ئامەد بە بۆنەی ١٥ـی ئایار جەژنی زمانی کوردییەوە ڕێپێوانێکیان ئەنجامدا.

تێیدا، هاوسەرۆکی گشتیی دەبەپە چیدەم کلچگون ئوچار و کەسکین بایندەر و هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی تونجەر باقرخان و سەدان کەس بەشداربوون، هاوڵاتییان بە جلوبەرگی کوردییەوە ئامادەبوون.

لە ڕێپێوانەکەدا پانکارتی “١٥ـی ئایار جەژنی زمانی کوردیی، پیرۆز بێت” بە زاراوەی کوردی کورمانجی و کورمانجکی هەڵگرت و درووشمی “بێ زمان، ژیان نابێ”یان بەرزکردەوە.

هەروەها هاوڵاتییان بە جلوبەرگی کوردییەوە لافیتەی “زمانی ئازاد…ژیانێکی ئازاد”یان هەڵگرت.

پاشان ڕاگەیاندراوێک بە زمانی کوردی لەلایەن هاوسەرۆکی مەد-دەر شوکران یاقوت خوێنرایەوە، لە ڕاگەیاندراوەکەدا تیشکخرایە سەر گرنگی و دەوڵەمەندی و دێریینی زمانی کوردی و وتی: “زمانی کوردی هەبوون و سەربەخۆیی و شکۆ و ناسنامەی نەتەوەیی کوردانە، خێمە و چەتری یەکێتی کوردانە، ئازادی زمانی کوردی سەرچاوەی سەرەکی ڕزگاری و ئازادیی نەتەوەی کوردە.”

هەروەها ئاماژە کرا بە تێکۆشانی ٥٠ ساڵەی گەلی کورد بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ئازادیی کوردستان بۆ پاراستنی چاند و زمانەکەی، بانگەواز لە هەموو ناوەندەکانی خەبات کراوە، لە خەباتی سیاسی و چاندی و هونەری و ئابووری خۆیاندا زمانی کوردی بەکاربهێنن، دەڵێت: “بەم ئامانجە ئەمساڵ بە درووشـمی “هەردەم کوردی، لە هەموو جێیەک کوردی” بە ئامانجی بڵندکردن و فراوانکردنی تێکۆشانی شکاندنی گۆشەگیری سەر زمانی کوردی کە بەشێکە لە گۆشەگیری سەر بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان و گۆشەگیری گشتی سەر تێکۆشانی نەتەوەیی کورد، بەرنامە و چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەین.”

ڕاگەیاندراوەکە جەژنی زمانی کوردی لە هەموو گەلی کورد و هەموو ژنان و دایکان و تێکۆشەران و خەمخۆران و خەباتکاران و عاشقانی زمانی کوردی پیرۆز دەکات، بانگەواز لە ژنان و گەنجان و هەمووان دەکات، لە قوتابخانە و زانکۆ و هەموو شوێنێک و هەموو کاتێک بە زمانی کوردی بدوێن و بیربکەنەوە و بخوێنن و بنووسن.

پاشان هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی، تونجەر باقرخان تیشکی خستەسەر فشارەکانی سەر زمانی کوردی و ڕایگەیاند پێویستە زیاتر هەڵوەستە بکەین بۆ پاراستنی زمانی کوردی، گوتی: “لێرەوە بانگەواز لە هاوسەرۆکانی شارەوانییەکانمان دەکەین، لێرە بەدوا زیاتر هەڵوەستە لەسەر زمانی کوردی بکەن. زمانمان هەبوونمانە، دەبێت لە کۆڵان و شەقامەکان فێری زمانی کوردی بین و گەلەکەمان فێری زمانی خۆمان بکەین، بۆ ئەمەش هەموو دەرفەتەکان سەفەربەر دەکەین.”

ب.گ

Comments are closed.