دۆزی کۆبانێ؛ تۆڵەسەندنەوەی سیاسیی لە کورد

ناوەندی هەواڵەکان

تا ئێستا دۆزی کۆبانێ، لە دژی ١٨ زیندانیی و ١٠٨ سیاسەتمەداری کورد، کە لە ناویاندا سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکانی گشتیی پێشووی (هەدەپە) هەیە، لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە دانەخراوە و بڕیاری کۆتایی لەبارەی ئەو دۆزەوە نەدراوە، کە لە بنەمادا دۆزێکی سیاسییە و ئامانج لێی تۆڵەسەندنەوەیە لە کورد لە بەرانبەر شکستی گرووپە چەتەکانی داعش لە کۆبانێ.

دۆزی کۆبانێ کە تێیدا، هاوسەرۆکانی گشتیی پێشووی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) فیگەن یوکسەکداغ و سەڵاحەدین دەمیرتاش لە ناو ١٨ زیندانیی و لە کۆی ١٠٨ سیاسەتمەداری کورد، بە پاساوی هاندانی خۆپیشاندانەکان بۆ ئیدانەکردنی هێرشەکانی گرووپە چەتەکانی داعش بۆ سەر کۆبانێ، لە ٦تا٨ـی  تشرینی دووەمی ٢٠١٤ دادگایی دەکرێن، کۆتا دانیشتنی لە دادگای سزای قورسی ئەنقەرە لە هۆڵی کامپی زیندانی سینجان، لە ١٧ـی نیسانی ئەمساڵ بەڕێوەچوو بەڵام بە فەرمانی کۆشکی کۆماریی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بڕیاری کۆتایی لەبارەی دۆزەکەوە نەدرا و وابڕیارە ئەمڕۆ دانیشتنێکی تر لەبارەی ئەو دۆزەوە بەڕێوە بچێت.

“دۆزی کۆبانێ” چییە؟

لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٤ داعش هێرشی کردە سەر کۆبانێ، لە ٥ـی تشرینی یەکەم چەتەکانی داعش چوونە ناو کۆبانێوە، کە ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی ٥٥ هەزار کەس دەبێت، لەوکاتەدا مەترسییەکی گەورە بۆسەر شارەکە درووستبوو، خەڵکی کۆبانێ هیچ دەرچە و نەفەسێکیان نەما، دەمودەست داوا لە تورکیا کرا کە کۆریدۆرێکی مرۆیی بکاتەوە بۆ کۆبانێ.

پاش ئەوەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک گوێی بە مەترسییەکان نەدا، هەدەپە بانگەوازییان لە گەلی باکووری کوردستان کرد، کە لەپێناو کردنەوەی کۆریدۆرێکی مرۆیی بۆ کۆبانێ  و لەدژی هێرشەکانی داعش دەست بە ئەنجامدانی خۆپیشاندانی هێمنانە و مەدەنیی بکەن، لە پاش بانگەوازییەکەی هەدەپە لە ٣٥ شار و ٩٦ ناوچەی تورکیا و باکووری کوردستان خۆپیشاندانی مەدەنیی دەستی پێ کرد.

بەڵام پۆلیسی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و هێزی تایبەتی دەوڵەت هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران و هەوڵیاندا بە فشار و لێدان و زەبری چەک بڵاوەیان پێ بکەن، لە ئەنجامدا بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان ٣٧ کەس گیانی لەدەستدا بەڵام بەگوێرەی ڕاپۆرتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ (ئیهەدە) لە ٦ تا ١٢ـی مانگی تشرینی دووەم، ٤٦ کەس گیانی لەدەستداوە، کە زۆرینەیان لایەنگری هەدەپە بوون، هەروەها بەهۆی هێرشەکانی پۆلیسی دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە، زیاتر لە ٧٦٠ کەس بریندار بوون.

قۆناغی دەستپێکردنی دۆزی کۆبانێ

 لە پاش حەوت ساڵ دەوڵەتی داگیرکەری تورک دۆزی کۆبانێی لە دادگا کردەوە و دەستی بە لێپرسینەوە کرد.

لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠١٦، دەوڵەتی تورک پارێزبەندی چەندین پەرلەمانتاری هەدەپەی هەڵگرت و هاوسەرۆکانی گشتیی هەدەپە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ  و چەندین سیاسەتمەداری کورد دەستگیر کران و خرانە زیندانەوە، دۆسییەی لێکۆڵینەوە لە دژی ١٠٨ سیاسەتمەدار کرایەوە لەسەر ٢٩ تۆمەتی هەڵبەستراو، بەڵگەنامەی دۆزی کۆبانێ لە ٥ هەزار و ٣٦٧ لاپەڕە پێکدێت.

“دۆزی کۆبانێ؛ سیاسییە و بۆ تۆڵەسەندنەوەیە”

ئەم دۆزە لە ئاستی ناوخۆیی و جیهانییدا ناڕەزایەتیی و کاردانەوەی فراوانی بەدوای خۆیدا هێنا و هەدەپە ڕایگەیاند،”ئەمە دۆزێکی یاسایی نییە، دۆزێکی سیاسییە و بۆ تۆڵەکردنەوەیە لەبەرانبەر شکستهێنانی داعش، دادگاییکردنی کوردە بۆ پاراستنی داعش، ئۆپەراسیۆنی فراوانی لەناوبردنە، پیلانی کودەتایە کە چەندین ساڵە بەردەوامە، ئێمە ڕووبەڕووی دۆزێکی پڕ لە درۆ و فێڵ بووینەتەوە.”

بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا  لەبارەی زیندانییانی دۆزی کۆبانێ

لە پاش دەستگیرکردنی هاوسەرۆکانی گشتیی و سیاسەتمەدارانی کورد لەسەر دۆزی کۆبانێ، پارێزەرانی هەدەپە، کەیسەکەیان گەیاندە دادگای مافی مرۆڤی ئەرووپا، دادگا لە ٢٠ـی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ ڕایگەیاند، کە دۆزەکە بێ بنەمایە و سەڵاحەدین دەمیرتاش بەهۆکاری سیاسیی زیندانیی کراوە و بڕیاری ئازادکردنی دەرکرد، بەڵام دەوڵەتی داگیرکەری تورک ئەو بڕیارەی لەبەرچاو نەگرت و پێشێلی کرد و ئامادە نەبوو ئازادی بکات، تا ئێستاش لێپرسینەوە لەسەر دۆزی کۆبانێ بەردەوامە و دەوڵەتی تورک ئامادە نییە بڕیاری کۆتایی بدات.

ب.گ

Comments are closed.