بافڵ تاڵەبانی: هیچ دەوڵەتێک ناتوانێت بەڕێگای سەربازی کێشەى کورد چارەسەر بکات

ناوەندی هەواڵەکان

سەرۆکی یەنەکە جەخت لەوە دەکاتەوە، هیچ دەوڵەتێکی ناوچەکە ناتوانێت بە ڕێگای سەربازی کێشەى کورد چارەسەر بکات، بە گفتوگۆ نەبێت، دەشڵێت: تورکیا نایەوێت گفتوگۆ بکات و تەنیا گوێی بۆ پارتى و هەندێک لایەنى دیکە دەگرێت.

بافڵ تاڵەبانى سەرۆکی یەنەکە هەفتەیەکە لە ئەمریکایە و چەندین دیدار و گفتوگۆى لەگەڵ بەرپرسانى ئەمریکا ئەنجامداوە، دوێنێش لە ناوەندێکی سیاسی و توێژینەوە پانێڵێکی بۆ ڕێکخراو تێیدا سەرنج و بۆچوونى خۆی و حزبەکەى بۆ چەند پرسێکی سیاسی و سەربازی خستەڕوو.

بافڵ تاڵەبانى لە قسەکانیدا سەبارەت بە شەڕی دژ بە کورد و پرسی چارەسەرى پرسى کورد لەناوچەکە وتی: کێشەی کورد بە ڕێگەی سەربازی چارەسەر ناکرێت کە تورکیا بەردەوام ئەم ڕێگایە دووبارە دەکاتەوە، بەڵکو کێشەى کورد بەڕێگەى گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن چارەسەر دەکرێت، هەندێک وڵات دەڵێن، شتێک نییە بەناوی کێشەى کورد، بەڵام ئەوە هەڵەیە، ژمارەیەکی زۆر کورد لەو وڵاتانە هەیە کە ژمارەی ٥٠ ملیۆن کەس دەبێت، تۆ دێیت دەتەوێ ئەمە بە شەڕ چارەسەر بکەی، بێگومان نەخێر ئەمە بە شەڕ چارەسەر نابێت، ئەسڵی کێشەکە لەڕێگای گفتوگۆوە چارەسەر دەکرێت، دەڵێم، بە توندوتیژی چارەسەر نابێت، چونکە کێشەکان زیاتر دەکات.

ئاماژەى بەوەشکردوە، هەمیشە ئەوە سەلمێندراوە کە کێشەی کورد بە توندوتیژی چارەسەر نابێت، ئەمە چەندین ساڵە ئەم کێشەیە لەناوچەکە هەیە و چارەسەر نەکراوە، تەنیا پەنا بۆ چارەسەری سەربازی براوە، کە ئەمەش ناتوانێت چارەسەر کێشەی کورد بکات، ئەمەش بۆچوونى ڕوون و ڕاشکاویی خۆم و حزبەکەمە لەسەر کێشەی کورد.

سەبارەت بە ڕۆژئاوای کوردستانیش، تاڵەبانی وتی: خۆم و حزبەکەم لەگەڵ ئەوەین کە کێشەى کورد لە سوریاش بە عەقڵانی چارەسەر بکرێت، بەڵام دیسان ئەوانیش هەر لەسەر ڕێگا کۆنەکەن بۆ ئەم پرسە، دەبێت ئەوان بزانن کێشەیەک هەیە بەناوی کێشەی کوردەوە، چارەسەریش لەو وڵاتە هەر بە گفتوگۆ دەبێت.

سەرۆکی یەنەکە لەسەر شەڕی دژی چەتەکانى داعش لەلایەن قەسەدەوە وتی: کورد بەشێوەیەکی زۆر باش شەڕی دژی داعش کرد و کاتێکی زۆر خەریکی ئەو شەڕە بوون، ئەوان زۆر نزیکن لە ئەمریکییەکان و هێزی دیکەش لە ناوچەکە، ئێستاش ئەو شەڕە هەر بەردەوامە، دەشڵێت: تورکیا بە ئێمە دەڵێت مادام ئێوە یارمەتى کوردانى سوریا دەدەن کەواتە ئێوە یارمەتى پەکەکە دەدەن و گوایە ئێمە کەل و پەلی سەربازیمان بۆ پەکەکە ناردووە، ئەمە بەتەواوی هەڵەیە، زۆر بە ڕوونى ئەم قسەیە دەکەم، با هەمووان ئەوە بزانن کە یەکێتى هاوکاری براکانى خۆی دەکات لە سوریا و بەدڵنیاییەوە ئەمە دەکەین.

سەرۆکی یەنەکە ڕوونیکردەوە، بڕیارێکی پەرلەمانى هەرێمى کوردستان هەیە بۆ یارمەتیدانى کوردانى ڕۆژئاوای کوردستان لە دژی داعش، ئەوەش ئەمەیە کە یەکێتى دەیکات، هەروەها باسی لەوەکرد، لە عێراق و سوریا لە شەڕی دژی داعش ئێمە یارمەتیماندان، ئەوانیش لە سوریا و عێراق یارمەتى ئێمەیاندا، پەیامی ئەو جەنگە دژایەتى داعشە، نەک دژایەتى تورکیا.

هەر لەسەر ئەو پرسە تاڵەبانی دەڵێت: تورکیا هێزێکی گەورە و کاریگەری ناوچەکەیە، چی لۆژیکێک لەوەدایە هێزێکی وەکو یەکێتى بێت دژایەتى تورکیا بکات، بێت لەبەردەم تورکیا ڕاوەستێت و بڵێت من هاتووم دژایەتى تۆ بکەم؟ من بۆ ئەمە بکەم؟ ئەمە کارێکی ژیرانە نیە، بەڵام کێشەی تورکیا ئەوەیە نایەوێت لەمە تێبگات.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی یەنەکە و دەوڵەتى تورک، بافڵ تاڵەبانی ئەوەی خستەڕوو، تورکیا نایەت گفتوگۆ بکات، بەڵکو گوێ بۆ ڕکابەرە سیاسییەکانی حزبەکەی دەگرێت کە “مەبەستی پارتى و چەند هێزێکی دیکەشە”، یاخود گوێ لە دوژمنەکانیشمان دەگرن، بۆیە تورکیا بیانوویان لەدژی یەکێتی هەیە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا سەرۆکی یەنەکە ئەوەشى وت: جیاوازی ئێمە لەگەڵ هەندێک لایەن و گرووپ ئەوەیە کە ئەوان تەلەفۆنێک یان جی پی ئیسێک بەدەستییەوەیەتی و زانیاریی بدەیە تورکیا، یەکێتى هەرگیز ئەمە بۆ هیچ وڵاتێک ناکات، هیچ کوردێکی ناو یەکێتى نە لە ڕابردوو نە لە ئێستا ئەوەى نەکردوە، ئێمە ئەوە دەکەین کە مام جەلال کردوویەتى کە یارمەتى هەموو لایەکمانى داوە کە بڕوای بە دیالۆگ هەیە، مام جەلال یارمەتی هیچ دەوڵەتێکی نەکردوە کە لە نەتەوە و ڕێبازی خۆی هەڵگەڕابێتەوە.

هـ.ح

Comments are closed.