گیا دەرمانەکانی چیای شنگال جارێکی دیکە دەبنە پارێزەری ئێزدییەکان

نەسیم زەندینی-شنگال

دکتۆر ئیسماعیل، کە بە دەرمانی سرووشتی چارەسەری هاوڵاتییان دەکات، بە گژوگیا سرووشتییەکانی چیای شنگال دەرمانخانەیەکی کردووەتەوە، سا بۆیە هاوڵاتییان نایانەوێت ئەو دەرمانانەی زیان بە تەندروستیان دەگەیەنێت بەکاریبهێنن بۆیە سەردانی دەرمانخانەکەی دکتۆر ئیسماعیل دەکەن.

چیای شنگال بەرزترین چیای سنووری پارێزگای نەینەوایە، لە هەمان کاتدا هەوارگەی گەلانی ناوچەکەیە بە تایبەت گەلی ئێزدی، ئێزدییەکان هەرکاتێک ڕووبەڕووی هێرش و مەترسیی بووبێتنەوە ڕوویان لە دامێنی چیاکە کردووە، ئەم چیایە تەنها لە کاتی کۆمەڵکوژیی و هێرشەکاندا نەبووەتە پارێزەری ئێزدییەکان، بەڵکو بە دەیان جۆری گیای سرووشتیش دەوڵەمەندە، کە ئەمەش جارێکی دیکە پارێزەری مرۆڤە.

دکتۆر ئیسماعیل عەبدۆ قاسم بە سوود وەرگرتن لە گیا سرووشتییەکانی چیای شنگال لە بازاڕی کۆنی شنگال دەرمانخانەیەکی سرووشتی کردووەتەوە و ماوەی ١٠ ساڵە بە دەرمانی سرووشتی چارەسەریی نەخۆش دەکات.

ئەم دکتۆرە بڕوانامەی پزیشکی دەرمانی سرووشتیی وەرگرتووە، بەهۆی پێویستییەوە بڕیاریدا لە بازاڕی کۆن دەرمانخانەیەک بکاتەوە، دکتۆر ئیسماعیل لەلایەک ئەو گیایانە پەیدا دەکات کە چارەسەری نەخۆشیی درێژخایەن دەکەن، لەلایەکی دیکەشەوە لەو گیایانەی کە کۆیان دەکاتەوە بەپێی نەخۆشییەکان چارەسەریی دیکە دەدۆزێتەوە.

دکتۆر ئیسماعیل دەڵێت: هەرچی بزانم دەیخەمە خزمەتی گەل و بەمشێوەیە باسی کارەکەی خۆی کرد، گەر شتێک لە مێشکی مندا هەبێت، دەڵێم دەبێت لە خزمەرتی کۆمەڵگەکەمدا بێت، بۆیە دەمەوێت بەم شێوەیە خزمەتی کۆمەڵگەکەم بکەم، کۆمەڵگەکەم وەک چاوی خۆم دەبینم.

هەروەها لەسەر نرخی دەرمانەکان وتی: لەو کەسانەی کە بێدەرامەت و هەژارن بێبەرامبەر خزمەتیان دەکەم، هەروەها تەنها حەق دەستی خۆم وەردەگرم لەو کەسانەی کە بارودۆخی مادییان باشە، ڕۆژانە نزیکەی ١٠ بۆ ٢٠ کەس سەردانم دەکەن و هاوکاریی زۆرینەیان بەبێ بەرامبەر دەکەم.

دکتۆر ئیسماعیل، هەموو ئەو دەرمانانە لە چیای شنگال پەیدا دەکات و وەک خۆی دەڵێت: هەموو ساڵێک ئەم گیایانە لە سەوزاییەکانی چیای شنگال کۆدەکەینەوە لە کاتی پێگەشتنیان، هەروەها هاوینانیش هەندێک جۆری گیا کۆدەکەینەوە.

دەرمانی گیایی بە باشترین چارەسەریی نەخۆشییە جۆراوجۆرەکان دادەنرێت، دکتۆر ئیسماعیل لەسەر کاریگەریی ئەو دەرمانە دەڵێت: زۆرینەی نەخۆشەکان کە دێنە لام لە دەرمانەکان ڕازین و چارەسەریی نەخۆشییەکەیان پێدەکرێت.

لە دەرمانخانەکەدا، دەرمانی هەریەک نەخۆشیەکانى دڵ، دەمار، هەناسە، هەوکردن، گەدە، گورچیلە و هتد دەستدەکەوێت.

ب. جـ

Comments are closed.