ئەپیكۆر: ئامادەین بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێم

ناوەندی هەواڵەكان

كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان (ئەپیكور) بڵاوی كردەوە، سەردانەكەی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ هەولێر و بەغدا ئاماژەیەكی بەهێز و پێویستە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم لەڕێگەی توركیاوە، دەشڵێن، كۆمپانیا ئەندامەكانی كۆمەڵەكەمان ئامادەن بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمى کوردستان.

كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان (ئەپیكور) لە بارەی سەردانی جێفری پایەت، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ بەغدا و هەولێر و هەوڵەكانى بە مەبەستى دووبارە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی بەندەری جیهانەوە، ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، پێشوازی لە سەردانەكەی جێفری پایەت، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان دەكەین و وەك  ئاماژەیەكی بەهێز و پێویستی دەبینین بۆ ئەوەی بەرپرسانی عێراق و هەرێمی كوردستان دەست بكەن بە هەوڵەكانیان بە مەبەستى هەناردەکردنەوەى نەوت لە ڕێگەی توركیاوە.

ئاماژى بەوەشكرد، كۆبوونەوەكانی ئەو بەرپرسە ئەمریكییە لەگەڵ هەردوو سەرۆك وەزیرانی هەرێم و بەغدا درێژكراوەی ئەو گفتوگۆیانەیە، كە پێشتر لە واشنتن و لە كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن ئەنجامدراوە.

ئەوەشى خستەڕوو، كۆمپانیا ئەندامەكانی ئەپیكۆر ئامادەن بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت، ئەمەش لەگەڵ گەیشتن بە ڕێككەوتنێك، كە تیایدا دڵنیایی بدرێت لەبارەی وەرگرتنی پارەی هەناردەی نەوت لە ڕابردوو و بۆ داهاتووش، لەگەڵ ئەوەشدا مەرج و گرێبەستە ئابوور و بازرگانییەكانمان پارێزراو بن، بەم شێوەیە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت سوودی بۆ هەموو هاووڵاتییانی عێراق و هاوبەشەكانی دەبێت.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، سەردانەكەی جێفری پایەت بۆ هەولێر و بەغدا گرنگیی و هەماهەنگیی نێوان هەموو لایەنە پەیوەندیدار و هاوبەشەكان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بۆری نەوتی عێراق بۆ توركیا دەردەخات.

دوێنێ یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ سەرچاوەكانی وزە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆبووەوە و وا بڕیارە ئەمڕۆ سەردانی هەولێر بكات و لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمی كوردستان كۆ ببێتەوە.

جێگەی ئاماژەیە، لە ٢٥ی ئادارای ٢٠٢٣ەوە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی بەندەری جیهانی توركیاوە بە بڕیارێكی دادگای ناوبژیوانی پاریس ڕاگیراوە.

هـ.ئ

Comments are closed.