پەرلەمانتارێکی عێراق بوونی بنکەیەکی سەربازی دەوڵەتی تورک لە ئامێدی پشتڕاست دەکاتەوە

ناوەندی هەواڵەکان

ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بنکەیەکی سەربازی نوێی دروستکردووە لە شارۆچکەی ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆک، دەشڵێت: ئەمەش بەڕوونی ئەوە دەردەخات دەوڵەتی تورک نیازی داگیرکردنی زەوییەکانی خاکی عێراقی هەیە، کۆتایهێنان بەم داگیرکارییەش پێویستی بە هەڵوێستێکی یەکگرتووە لەناو حکومەتی عێراقدا.

عەلی بەنداوی ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ڕۆژنیوز سەبارەت بە دروستکردنی بنکەیەکی سەربازی نوێ لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە لە ئامێدی بەم شێوەیە زانیاری خستەڕوو.

عەلی بەنداوی ڕایگەیاند، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بنکەیەکی سەربازی نوێی دروستکردووە لە شارۆچکەی ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆک.

عەلی بەنداوی
عەلی بەنداوی

ئەوەشی خستەڕوو، بوونی ئەم بنکەیە بەڕوونی ئەوە دەردەخات دەوڵەتی تورک نیازی داگیرکردنی زەوییەکانی خاکی عێراقی هەیە و کۆتایهێنان بەم داگیرکارییەش پێویستی بە هەڵوێستێکی یەکگرتووە لەناو حکومەتی عێراقدا.

بەنداوی دەشڵێت، هێزەکانی دەوڵەتی تورک بەگوێرەی هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکان بە هێزی داگیرکەر هەژمار دەکرێن، دەبێت فشار بخرێتە سەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ کۆتاییهێنان بەم داگیرکارییە، عێراقیش مافی خۆیەتی هەموو ئەوەی لە توانایدایە بیکات بۆ دەرکردنی ئەو هێزانەی کە دەستیان بە داگیرکردنی خاکەکەی کردووە.

لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشکرد، دەوڵەتی تورک بوونی حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان لە عێراق  دەکاتە بیانوو، تا بەردەوام بێت لە پێشێلکردنی سەروەری خاکەکەمان و زەوییەکانی بۆردومان دەکات و لاوازی هەڵوێستی حکومەتی عێراق بۆ ڕێگریکردن لە فراوانبوونی ئەم داگیرکارییە هەڕەشە لە ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەکەمان دەکات .

ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ ئاشکرا بوو کە سوپای داگیرکەری تورک بنکەیەکی سەربازی نوێ لە گوندی کیستە لە شارۆچکەئ ئامێدی لە باکووری دهۆک دروست دەکات، شایەتحاڵەکان پشتڕاستیان کردەوە کە ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی دەوڵەتی تورک دوو هەفتەیە شەو و ڕۆژ لەم شوێنە کاردەکەن و جارجارە فڕۆکەکانیان لەو شوێنە دەنیشنەوە.

ژمارەی پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢١ەوە تا ئێستا زیاترە لە ٢٢ هەزار پێشێلکاری ئەمنی.

جێگای سەرنجە، لە ٢٦ی تشرینی یەکەم، پەرلەمانی دەوڵەتی تورک دەنگیدا بە درێژکردنەوەی ماوەی بوونی هێزە سەربازییەکانی بۆ ماوەی دوو ساڵی دیکە لە خاکی عێراق و سوریا و دەسەڵاتی بە حکومەتەکەیدا هێزی زیاتر بنێرێت.

ڕ.ش

Comments are closed.