لە چالاکییەکدا گرنگی شوێنەوار بۆ شوناس و ناسنامەی کورد تاوتوێ کرا

سلێمانی

لە دوو پانێڵدا، ڕۆڵ و گرنگی شوێنەوار و شوێنەوارناسان لە کوردستان باسکرا و گرنگترینیان ئەوەیە، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن لە قۆناغەکانی کۆن و نوێدا کوردستان لانکەی مرۆڤایەتییە.

ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی لە پەیمانگای نا حکومی برایت، بە ئامادەبوونی بەشێک لە مامۆستایانی زانکۆ، کە پسپۆڕیی مێژوویی و شوێنەوارناسییان هەیە، هەروەها خوێندکارانی بەشە جیاوازەکان، لە دووپانێڵدا باس لە گرنگیی دواین دۆزینەوەی ئەشکەوتی شانەدەر و ڕۆڵی شوێنەوارناسان و شوێنەوار بۆ شووناس و ناسنامەی کورد کرا و سەرەتای چالاکیەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.

دڵشاد عەزیز
دڵشاد عەزیز

لە پانێلەکەدا باسیان لە گرنگی دواین لێکۆڵینەوەکان کرد لە بارەی کوردستانەوە، کە هەمووی سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کوردستان لانکەی مرۆڤایەتی و شارستانیەتی ٧٥ هەزار ساڵ پێش ئێستایە.

دکتۆر دڵشاد عەزیز مارف وتی: ڕاگەیاندنی دۆزینەوەی شانەدەر زێت، ئەم بابەتە زیاتر کوردستان دەناسێنێت تاکو سیاسیەکان، ئێمەش وەک شوێنەوارناسانی کورد ڕۆڵمان هەبووە، ئەشکەوتی شانەدەر لایەنێکی ئەنترۆپۆلۆجی گرنگی هەیە، لە ئێستادا شانەدەر یەکەمی جیهانە و مرۆڤەکانی شانەدەر یەکەم قوربانی بومەلەرزە بوون لە کوردستان.

دڵشاد عەزیز ئاماژەی بەوەشکرد، خواردن و چێشتلێنانی حەفتا هەزار ساڵ لەمەوبەر لە ئەشکەوتی شانەدەر دۆزراوەتەوە، کۆنترین شۆربای جۆ لەوێ لێنراوە خورما و پۆڵکە، پاقلە، زەنبەقی ئاویی، پیاز، گوڵ، بەیبوون، گوێز…. یەکەم نەشتەرگەری لە ئەشکەوتی شانەدەر ئەنجام دراوە.

جەزا شۆڕش
جەزا شۆڕش

پانێلیستی دووەم مامۆستای زانکۆ جەزا شۆڕش لە بارەی گرنگی جوگرافیای شانەدەرەوە وتی: شانەدەر  ١٢٥ کیلۆمەتر لە هەولێرەوە دوورە، دەروازەی سێگۆشەیی هەیە، پانیەکەی ٢٥ مەترە، لەپێش شانەدەر زێدەوە ئێسکەپەیکەری جیاواز دۆزراوەتەوە و بونیادنراونەتەوە.

جەزا شۆڕش باسی لەوەشکرد، یەکێک لە گرنگیەکانی دیکەی ئەشکەوتی شانەدەر، پلەی گەرمای تاڕادەیەک نەگۆڕە، هەروەها زەویەکەشی خۆڵێکە کە خوێی کەمە بۆیە ئێسکەکان بە ئاسانی ناڕزێن و دەمێننەوە.

لە پانێلی دووەمدا باس لە گرنگی شوێنەوارناسی بۆ شوناس و ناسنامە کورد کرا لەلایەن هەردوو مامۆستای زانکۆ، دکتۆر زریان سالار و دکتۆر جەوهەر جەلال.

زریان سالار حەمە عارف
زریان سالار حەمە عارف

سەرەتا دکتۆر زریان سالار حەمە عارف وتی: وەکو شوێنەواری سلێمانی کاری زۆرمان ئەنجام داوە لە کنە و پشکنین، بەشە شوێنەوارەکانمان چەندین توێژینەوەی گرنگی لەسەر کراوە بەمەش کوردستانی ناساندووە و جێگەی خۆشحاڵییە.

دکتۆر جەوهەر جەلال ڕاگری پەیمانگەی بڕایت، باسی لە لایەنی شارستانی دانیشتوانی کوردستان کر د و وتی:  مرۆڤ بۆئەوەی ببێتە مرۆڤێکی چاک دەبێت سێ شت بکات بیری باش، گوفتاری باش، کرداری باش، ئەوەش پێغەمبەر زەردەشت بووە ئەمەشی بۆ ڕێکخستن و ئاسانکردنی ژیان وتووە.

جەوهەر جەلال باسی لە ڕۆڵی ژنان کرد و وتی: ژنانی ئێمە دەتوانن شانازی بەخۆیانەوە بکەن بەوەی بڵێن ئێمە بووینە هۆکاری لەدایکبوونی یەکێک لە حەوت سەرسوڕهێنەرەکەی جیهان لەوانە باخچەهەڵواسراوەکانی بابل.

جەوهەر جەلال
جەوهەر جەلال

وتیشی: نابێت ئێمە خۆمان لەبەرانبەر داگیرکارانی کورد بەبچووک بزانین، چونکە ئەبێت شانازی بکەین و بڵێین، ئێمە خاوەن شارستانیەت بوین ئێمە دەرمانمان هەبووە  و بەکارمان هێناوە.

ش. ئـ

Comments are closed.