ئاسۆس هەردى
ئەمڕۆ دادگایەکی دەوڵەتی تورک حوکمی زیندانی بەسەر چەندین سەرکردە و سیاسەتمەداری کورددا سەپاند.
حوکمەکە پەیوەندیی بەو کاتەوە هەیە کە هێزەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش پەلاماری ڕۆژئاوای کوردستانیان دا و دوا ناوچەی بەرگرییان گەمارۆ دا، کە شاری کۆبانی بوو، ئەو سەردەمە کە هەموو خەڵکی کوردستان و ئازادییخوازانی جیهان ترپەی دڵیان لەگەڵ پەلەپیتکەی تفەنگی شەڕڤانەکانی ڕۆژئاوادا لێی ئەدا، ئەردۆغان و حزب و حکومەتەکەی بە دڵەڕواکێوە چاوەڕوانی کەوتنی کۆبانێ و دوا سەنگەری ئازادییخوازانی جیهان بوون و دەیانگوت “کوبانی کەوت، کەوتووە”.
لەو ڕۆژگارە پڕ مەترسی و تاریکەدا، لەناو دڵی پایتەختەکەی سوڵتانە لووتبەرزەکەی ئەنقەرەوە، دەمیرتاش و هەڤاڵە ئازاد و ئازاکانی بە دەنگی بەرز هاواریان دەکرد کوبانی ناکەوێ، ئازادیی بەسەر کۆیلایەتی و ڕووناکی بەسەر تاریکیدا هەر سەر دەکەوێ و هەر وایش بوو.
سوڵتانە وەهمی و فوو تێکراوەکەی ئەنقەرە، بەرگەی ئەوەی نەگرت ڕووی کارتۆنیی خۆی لە ئاوێنەی حەقیقەتی خۆڕاگریی ڕۆژئاوای نیشتیماندا ببینێ، بۆیە بۆ دامرکاندنەوەی گڕوکف و غرووری تێکشکاوی خۆی و هاوئاوازەکانی، کەڵبەی لە جەستەی دەمیرتاش و هەڤاڵەکانی گیرکرد و لە زیندان توندی کردن.
ئەمڕۆش پاش نزیکەی ١٠ ساڵ زیندان، لە شانۆگەرییەکی کۆمیدی-تراژیدیدا حوکمی ٤٢ ساڵ زیندان بۆ دەمیرتاش، ١٠ ساڵ زیندان بۆ ئەحمەد تورک و چەندین حوکمی زیندان بۆ ژمارەیەکی زۆر سەرکردە و ئازادییخوازی کورد دەرچوو، لە دۆسێیەکدا کە لە میدیای تورکیدا بە دۆسێیەی کۆبانی ناسراوە، حوکمێک کە بۆ زۆرێک لەو ئازادییخواز و تێکۆشەرانە بەپێی تەمەن و ماوەی زیندانی کردنیان، وەک حوکمی زیندانی هەتاهەتایی وایە.
ئەردۆغان و دەوڵەتی تورک چ حوکمێک دەدەن با بیدەن، بەڵام با دڵنیابن بەو ستەمەیان بۆ هەمیشە و هەتاهەتایە ئەو سەرکردانە لە ناو دڵی هەموو کوردێک و هەموو ئازادییخوازێکدا، توند جێگیر ئەکەن.
ئ.م
ئەم وتارە ڕاوبۆچوونى تایبەتى نووسەر خۆیەتى.
Comments are closed.