زەکی چەلەبی؛ ئەو وڵاتپارێزەی تا دوا هەناسە دەستبەرداری دۆزەکەی نەبوو

ناوەندی هەواڵەکان

ئەمڕۆ دوو ساڵ تێدەپەڕێت، بە سەر تیرۆر کردنی وڵاتپارێز محەمەد زەکی چەلەبی، پەنابەری سیاسیی باکووری کوردستان لە باشوور و خاوەنی چێشتخانەی ‘دەنیز’ لە شاری سلێمانی، کە تا دوا هەناسەی لە هەڕەشەکانی دوژمن سڵی نەکردەوە و دەستبەرداری دۆزەکەی نەبوو، پاش دوو ساڵ بکوژانی هێشتا دەستگیر نەکراون و دۆسییەکەی بەکراوەیی ماوەتەوە.

لە پاش چەندینجار هەڕەشە لێ کردن و پێشکەشکردنی داخوازی کاری سیخوڕیی لەلایەن میتی تورکەوە، درەنگانی شەوی ١٧ـی ئایاری ٢٠٢٢،  محەمەد زەکی چەلەبی، کە پەنابەرێکی سیاسیی وڵاتپارێزی باکووری کوردستان بوو لە باشووری کوردستان و خاوەنی چێشتخانەی دەنیز بوو لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی، لەبەردەم شوێنی کارەکەی لەلایەن دوو چەکداری میتی تورکەوە کە لەسەر ماتۆڕ سکیلێک بوون، دەستدڕێژی گوللـەی لێکرا، چونکە تا دوا هەناسەی ئامادە نەبوو دەستبەرداری دۆزەکەی ببێت.

دوای ئەوەی بە برینداری گەیەندرایە نەخۆشخانە لە ڕۆژی ١٨ـی ئایاری ٢٠٢٢ دوو ساڵ بەر لە ئەمڕۆ، لە نەخۆشخانەی شار لە شاری سلێمانی گیانی سپارد و شەهید بوو، هەرچەندە وێنە و ڤیدیۆی بکوژەکانی بڵاو کرایەوە، بەڵام دەستگیرنەکراون و دەزگا ئەمنییەکانیش کە بەڵینی دەستگیرکردنیاندابوو، دەڵێن “بکوژەکان هەڵهاتوون و چوونەتە هەولێر و لەوێشەوە بۆ وڵاتی تورکیا”.

زەکی چەلەبیی کێیە؟

محەمەد زەکی چەلەبی، لە ١٨ـی نیسانی ساڵی ١٩٧٣ لە گوندی داسینا-ی سەر بە شارۆچکەی چاڵدێران-ی پارێزگای وانی باکووری کوردستان لەدایکبووە و منداڵی سێیەمی خێزانەکەیەتی.

ساڵی ١٩٨٦ زەکی چەلەبی لە تەمەنی ١٣ ساڵییدا بە دوای کار و بژوێویدا کۆچ دەکات بەرەو ئیستەنبووڵ و شارە گەورەکانی تورکیا، لە کارگە و باخچەکاندا کار دەکات و هاوکاریی خانەوادەکەشی دەکات، هەر لەو سەروبەندەدا بۆ یەکەم جار ناوی ‘بزووتنەوەی ئازادیی کوردستان’ـی بەرگوێ دەکەوێت.

ئیدی دەست بە چالاکیی شۆڕشگێڕانە دەکات لەگەڵ بزووتنەوەی گەنجانی شۆڕشگێڕی کوردستان، بەوهۆیەشەوە زوو زوو دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان، زیاتر لە ١٢ ساڵ لە ئیستەنبووڵ و شارەکانی دیکەی تورکیا دەمێنێتەوە و کار دەکات، تا سەرەنجام کۆتایی چیرۆکەکەی بە زیندانییکردن دەبێت.

ساڵی ١٩٩٨ زەکی چەلەبی دەگەڕێتەو بۆ وان، بەڵام لەسەر هەڵوێستە نەتەوەییەکانی لەلایەن پۆلیسی تورکەوە دەستگیر دەکرێت و سەرباری ئەشکەنجەی زۆر و هەوڵدان بۆ ئەوەی دانپێدانانی پێ تۆمار بکرێت، هەڕەشەی ئەوەی لێ دەکەن کە ئەگەر نەچێتە ژێرباری داواکارییەکانیانەوە، ئەوا لە هێلیکۆپتەرەوە هەڵدەدرێتە سەر چیای تەندورەک، بەڵام دان بە هیچ شتێکدا نانێت ئەمەش وا دەکات شەش ساڵ لە زیندان بمێنێتەوە.

ساڵی ٢٠٠٤ لە زیندان ئازاد دەکرێت و لە ساڵی ٢٠٠٦ ژیانی هاوسەرێتیی لەگەڵ نورتەن چەلەبی پێک دەهێنێت و دوو منداڵیان دەبێت بەناوەکانی ئوزگور و دەنیز.

بەڵام کەیسەکەی چەلەبی لە دادگای تورکیا دانەخرابوو، تا ئەوکاتەی لە ساڵی ٢٠١٠ بڕیاری زیندانییکردنی هەتاهەتایی بۆ دەردەچێت، ئەویش بۆ خۆ ڕزگارکردن لە زیندانییکردن، بڕیار دەدات باکووری کوردستان بەرەو باشووری کوردستان جێبهێڵێت، وەک پەنابەرێکی سیاسیی لە شاری سلێمانی دەگیرسێتەوە.

تا شەهیدبوون دەستبەرداری دۆزەکەی نەبوو

زەکی و خانەوادەکەی لە سلێمانی هەواری ژیانێکی نوێ هەڵدەدەن، چێشتخانەیەک بەناوی (دەنیز) دەکاتەوە کە ناوی کچە تاقانەکەیەتی، جارێکی دیکە بەشێوەیەکی چالاک درێژە بە کاروانی خەباتی وڵاتپاریزیی و ئازادییخوازانەی خۆیان دەدەن، لە ڕیزی پێشەوەی زۆرینەی چالاکییە نەتەوەیی و ئازادیخوازییەکاندا بوو، هەرگیز ڕۆژێک خۆی دانەبڕی لە ئازارەکانی گەلەکەی.

ئەوان سەرباری ئەو زەحمەتیی و کۆسپانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، بەڵام هەرگیز بیر لەوە ناکەنەوە کوردستان بەرەو وڵاتانی ئەورووپا جێبهێڵن، زەکی خۆی هەمیشە دەیوت: ئێمە بۆیە هاتووینەتە باشوور بۆ ئەوەی لە وڵاتی خۆمان بین، دەمانەوێت لە ئامێزی نیشتمانەکەماندا بین باشترە لە وڵاتی بێگانە.

بەڵام دەستی ڕەشی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لێی دوورناکەوێتەوە و لە سلێمانیش گوشاری دەخەنە سەر، بۆ ئەوەی کاری سیخووڕییان بۆ بکات، چەندین جاریش میتی تورک هەڕەشە لە خۆی و خانەوادەکەی دەکەن، بەڵام ئەو هەڕەشانە هەنگاوێک پاشەکشێ بە زەکیی ناکەن.

سەرەنجام شەوی ١٧ـی ئایاری ٢٠٢٢ زەکی چەلەبی لەلایەن دوو ماتۆڕسواری چەکداری میتی تورکەوە، لەبەردەم خواردنگەکەی خۆی لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی دەستڕێژی گوللـەی لێ دەکرێت و چوار فیشەکی بەردەکەوێت، پاش ڕۆژێک مانەوە لە نەخۆشخانە، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە شەهید دەبێت و تەرمەکەی دەگەڕێندرێتەوە بۆ زێدی خۆی لە شاری وانی باکووری کوردستان.

ئەمڕۆ، دوو ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر تیرۆرکردنی وڵاتپارێز زەکی چەلەبیدا، سەرباری بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی بکوژەکانی، دەزگا ئەمنییەکانی باشووری کوردستان نەیانتوانیوە دەستگیریان بکەن.

دەربارەی دۆسییەکەشی، نورتەن چەلەبی، هاوسەری زەکی چەلەبی ڕایگەیاند، تا ئێستا لەلایەن دادگا و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە زانیارییان پێنەدراوە، تەنها ئەوە نەبێت پێیان ڕاگەیاندوون، کە بکوژەکانی لە سلێمانییەوە هەڵاتوون بۆ هەولێر و توانیویانە بگەنەوە تورکیا.

ب.گ

Comments are closed.