ناوەندی هەواڵەکان
ئەمڕۆ ٤٧ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر شەهیدبوونی حەقی قەراردا، یەکەمین ترپەکانی دڵی شۆڕش و ڕێبوارانی تەڤگەری ئاپۆیی و ڕاستینەی سەرۆکایەتیی، هاوکات یەکەم شەهیدی پەکەکەش، ئەو دڵسۆزیی و ئاستی شۆڕشگێڕیی و پابەندێتی خۆی بەم تەڤگەر و گەلەوە گەیاندبووە ئاستێک، کە ڕێبەر ئۆجالان بڵێت: حەقی قەرار ڕۆحی شاراوەی منە.”
حەقی قەرار شۆڕشگێڕیی بە ڕەگەز تورک و گیان فیدای ئازادیی کوردستان، یەکێک لە ئەندامانی گرووپی سەرەتایی ئاپۆیی، لە ١٨ـی ئایاری ١٩٧٧ واتا ٤٧ ساڵ پێش پێش ئێستا، لە شاری دیلۆک شەهید کرا، لەلایەن ڕێکخراوی دژە شۆڕشی (ستێرکا سۆر) کە لە کۆمەڵێک کۆنترا پێکدەهاتن بە سەرۆکایەتی ‘عەلائەدین قاپان’ و لەلایەن دەزگای سیخوڕیی میتی تورکەوە ڕێکخستن کرابوون، ئەمەش بە خیانەتکردن لە بەڵێنێک، کە لە قاوەخانەیەک لە دیلۆک بە شەهید حەقی قەراریان دابوو بۆ چاوپێکەوتن و دانووستان.
جەمیل بایك هاوسەرۆکی کۆنسەی سەرۆکایەتی کەجەکە و یەكێك لە دامەزرێنەرانی پارتی كرێكارانی كوردستان – پەكەكە، لەبارەی ئەو قۆناغەوە دەڵێت: کاتێک گرووپی ئاپۆچییەکان سەریهەڵدا، چەند گرووپێكی كورد لەتوركیا هەبوون، بەڵام چەمكی ئەوان میللیگەرایی(پاشڤەڕۆ) بوو، ئێمە دەمانویست هەموو جوڵانەوە چەپ و شۆڕشگێڕێیەكان لەژێر چەترێكدا كۆبكەینەوە بۆ ئەوەی ببین بەهێز، بەڵام ئەوان دژی ئێمە دەجوڵانەوە و بە ئێمەیان دەوت: “ئێوە كوردنین.”
شەهید حەقی قەرار خاوەنی کەسایەتییەک بوو، کە هەمیشە لەسەر قسە و بەڵێنەکانی پابەند بووە و گوتە و پراکتیکی لەگەڵ یەکدا هاوتا بووە، هەرگیز ڕادەست بوون و ترسی بۆ خۆی پەسەند نەکردووە، لەسەر ئەم بنەمایانە، ئەو بەڵێنەی کە بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ گرووپی (ستێرکا سۆر) دابووی، سەرەڕای ئەوەی، کە درکی بەوە کردبوو بۆسە و پیلانێک لە پشت ئەم چاوپێکەوتنەوە هەیە، بەڵام پاشگەز نەبوویەوە و چووە شوێنی دیدار لەسەر ئەو بەڵێنەی کە دابووی، بەڵام لەوێدا درایە بەر دەستڕێژی گولـلە و شەهیدیان کرد.
ڕێبەر ئۆجالان ئەم ڕووداوەی بە ئاسایی وەرنەگرت و وەک هەڕەشەیەک پێناسەی کرد بۆ گرووپی ئاپۆچییەکان، کە ئەو پەیامەی لە پشتەوەیە، “ئەگەر لە تێکۆشان پاشگەز نەبنەوە، چارەنووسی ئێوەش وەها دەبێت و بەم شێوەیە گرووپەکەتان پاکتاو دەکەین.”
حەقی قەرار دەبێتە یەکەم شەهیدی پەکەکە، ڕێبەر ئۆجالان لەبارەیەوە دەڵێت “حەقی قەرار ڕۆحی شاراوەی منە”، هەر بۆیە لە تۆڵەی خوێنی ئەو، تەڤگەری ئاپۆیی قەڵەمبازێکی مێژوویی دەهاوێژێت و لە ٢٧ـی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٧٨ لە گوندی فیسی سەر بە شاری ئامەد، یەکەم کۆنگرەی بە پارتیبوونی خۆی دەبەستێت لەژێر ناوی “پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە” و درێژە بە ڕێبەرایەتی شۆڕشی ئازادیی دەدات، ڕێبەر ئاپۆ پەکەکە وەک “پارتی شەهیدان” ناودێر دەکات.
حەقی قەرار کێیە؟
حەقی قەرار، لە ساڵی ١٩٥٢ لە ناوچەی ئولوبەی سەر بە شاری ئوردووی تورکیا لە دایک بووە.
ھەموو قۆناغەکانی خوێندنی لە شاری ئوردوو خوێندووە، دواتر لە کۆلیژی هونەرە جوانەکان لە زانکۆی ئاتاتورک وەرگیراوە و خوێندوویەتی.
حەقی قەرار، بە جووڵانەوە شۆڕشگێڕیی و چەپگرەکانی پاش ساڵانی حەفتاکان کاریگەر بووە، لە ماوەیەکی کورتدا بووە بە خاوەنی دنیابینیی شۆڕیشگێڕیی، هەر لەو ساڵانەدا ئاشنا دەبێت بە ڕێبەر ئۆجالان و شەهید کەمال پیر و بناغەی شۆڕشی ئازادییخوازانەی پەکەکە دادەنێن و سەرەتا لە گرووپێکی گەنجی شۆڕشگێڕەوە دەست پێ دەکەن.
لە ساڵی ١٩٧٦ـدا بڕیاری گەڕانەوەی دەدرێت بۆ وڵات، کە لە کۆبوونەوەی دیکمەندا پێشنیار کرابوو، سەرەتا چووە باتمان و پاشانیش دیلۆک، بەهۆی پراکتیک و جوڵە و خەباتی سەرکەوتووانەی، دەزگای سیخوڕیی میت و گرووپی کۆنترای (ستێرکا سۆر) دەکەونە وێزەی.
دواجار لە ساڵی ١٩٧٧ لە دیلۆک ئەو گرووپە حەقی قەرار بانگهێشتی گفتوگۆ دەکەن، کۆبوونەوەکە لە ڕۆژی ١٥’ـی ئایار لە قاوەخانەیەکی دیلۆک’دا پێکھات، بەڵام بۆسەی بۆ دادەنێن و لە ئەنجامی پیلانگێڕییەکی چەپەڵدا، لە ١٨’ـی ئایاری ١٩٧٧ هەڤاڵ حەقی قەرار شەهید دەکەن، ئەم شەهیدبوونەشی دەبێتە قۆناغێکی مێژوویی و قەڵەمبازێکی مەزن لە شۆڕشی ئازادییخوازانەی گەلی کورد و تەڤگەری ئاپۆیی.
ب.گ
Comments are closed.