هیوا سەید سەلیم: هەرگیز خەون و بیرۆکەی دەوڵەتی تورکیا نایەتە دی

هەولێر

هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک تا دێت لە هەرێمی کوردستان زیاتر دەبێت و دەیەوێت خاکی کوردستان داگیر بکات، ئامانجی سەرەکی ئەو شەڕەش لەناوبردنى کوردە لەسەر خاکی خۆی، چاودێرێکی سیاسیش دەڵێت: هەرگیز ئەم خەون و بیرۆکەیەی دەوڵەتی تورکیا نایەتە دی، پێویستە دەست هەڵبگرن لەم سیاسەتە شکستخواردووە و زیندووکردنەوەی میساقی میللی.

دەوڵەتى داگیرکەری تورک ژمارەی سەربازەکانى و بنکە و بارەگاکانى لە باشووری کوردستان بە هاوکاری پەدەکە زیاتر کردووە بۆ دژایەتى و شەڕ لە دژی تەڤگەری ئازادیی کوردستان و ئەو قەوارەیە سیاسییە کوردییەکەى لە باشووری کوردستان درووست بووە، ئەردۆغان لەماوەى ڕابردوو هاتە عێراق و هەولێر تاکو ئەوانیش لەو شەڕەدا هاوبەشی پێ بکات، ئەوەش ئەو پیلانەیە کە ئەو دەوڵەتە فاشیستە بۆ قڕکردنى کورد هەڵیگرتووە.

هیوا سەید سەلیم چاودێر و چالاکی سیاسی سەبارەت بە سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عیراق و هەرێمی کوردستان و هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ ڕۆژنیوز بەمشێوەیە دەدوێت.

” سەردانەکەى ئەردۆغان بۆ داپۆشینی ئەو شکستە بوو بەهۆی گەریلاوە تووشی بووە”

هیوا سەید سەلیم ڕایگەیاند: سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عیراق و هەرێمی کوردستان، پەیوەندی بە شکستە سەربازییەکانی دەڵەتی تورکیاوە هەیە، لەسەر دەستی گەریلاکان لە باشووری کوردستان، تا بتوانێت پشتیوانی حکومەتی عیراق و هەرێمی کوردستان بەدەست بێنێت، بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی دیکەی سەربازی لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان، تا شکستەکانی پێ پەردەپۆش بکات.

وتیشی: پێویستە ئەردۆغان و دەسەڵاتی تورکیا، دەست هەڵبگرن لە سیاسیەتی شەڕکردن و بەکارهێنانی ڕێگای سەربازی، بەڵکو تاکە ڕێگا ئاشتییە لەگەڵ گەلی کورد.

ئەم چاودێڕە سیاسیە پێیوایە کە دەوڵەتی تورکیا خەوەن دەبینێنت بە زیندوو کردنەوەی میساقی میللی، بۆیە هەوڵەکانی تورکیا تەنها بۆ باشووری کوردستان نییە، بەڵکو ڕۆژئاوای کوردستان و وڵاتانی عەرەبی ناوچەکەیە لەگەڵ یۆنان دەگرێتەوە، بۆیە ئەم هەوڵانەی دەوڵەتی تورکیا تەنها خەونێکە، چونکە نایەتە دی و وڵاتانی ناوچەکە ئەمە قبوڵ ناکەن.

” هەرگیز خەون و بیرۆکەیەی دەوڵەتی تورکیا نایەتە دی”

هیوا سەید سەلیم وتیشی پێویستە دەوڵەتی تورکیا دەبێت کۆتایی بەم خەونە بهێنێت، کە لە سەردەمی عوسمانییەکانەوە هەیان بووە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو ناوچانەی کاتی خۆی لە ژێر دەستیاندا بووە، بۆیە هەرگیز ئەم بیرۆکەیەی دەوڵەتی تورکیا نایەتە دی، پێویستە دەست هەڵبگرن لەم سیاسەتە شکستخواردووە و زیندووکردنەوەی میساقی میللی، چونکە ئەم سیاسەتەیە زیانی گەورە بەخۆیان دەگەینێت.

سەبارەت بە یەکگرتوویی و یەکڕیزی لایەنە کوردییەکانى باشووری کوردستانیش هیوا سەید سەلێم باس لەوە دەکات، گەلی کورد مێژوویەکی خراپی هەیە لە شەڕی کورد بە کورد، ئەزموونی شەڕی برا کوژی ساڵانی نەوەدەکان، تاوەکو ئێستا ئاسەوارەکەی ماوە، چونکە زیان بە تەواوی گەلی کورد گەیاند، ئەمەش لە سوودی دووژمنانە، بۆیە ناکرێت هیچ لایەنێک و هێزێکی کوردیی پەنا بۆ شەڕکردنی یەکتری ببەن.

لەکۆتایشدا ئەو چاودێرە سیاسییە دەڵێت: پێویستە لایەنە سیاسیەکان و گەلی کورد لە هەرچوارپارچەی کوردستان، دووربکەنەوە لە پیلان و ئەجێندای دووژمنانی گەلی کورد، بۆیە دەبێت لایەنە سیاسییەکان هەنگاوە بنێن بۆ یەکدەنگی و یەکگرتوویی، چونکە هەبوونی یەکڕیزی لایەنە کوردییەکان لە هەر چوارپارچەی کوردستان، بە ئامانجی خەباتی نیشتیمانی گەلی کورد دێتە دی.

هـ.ح

Comments are closed.