ژنان لە ڕێگەی هونەرەوە هەوڵی پاراستنی شوناسیان دەدەن

هەرێم قادر

ژنانی هەڵەبجە جیا لەوەی لەسەرجەم بوارەکاندا توانایەکی زۆریان هەیە و جێدەستیان دیارە، هاوکات هەوڵەدەن لە ڕێگەی هونەری نیگار کێشانەوە شوناس و ناسنامەی کوردیی و ژنبوونیان بپارێزن و نیشانی کۆمەڵگەکەیانی بدەن.

هونەر ئامڕازێکی فرە لایەن و کاریگەرە، کە لە ڕێگەیەوە دەتوانرێت شۆڕشێکی کۆمەڵایەتیی و فکری بەرپابکرێت، هەروەها گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ پاراستن و هێشتنەوەی شوناس و ناسنامەی نەتەوەیی بە زیندوویەتیی، هەر بۆیە ژنانی گەنجی هونەرمەندی کورد، هەوڵدەدەن بە ڕەنگ و تابلۆکێشان ئەو شوناسەی هەیانە دەریبخەن و جوانییەکانی کۆمەڵگە و نەتەوەکەیان نیشان بدەن.

سۆزیار و پروشە، کە دوو نیگارکێشی گەنجی شاری هەڵەبجەن، دەیانەوێت ڕۆڵ و جوانیەکانی ژنان لە ڕیگەی تابلۆکانیانەوە دەربخەن و نیشانی بدەن ژنان چ ڕۆڵێکیان ھەیە لە پێشخستن و زیندوو هێشتنەوەی کۆمەڵگەدا و لە ڕۆژنیوزەوە دەڵێن: پێویستە ھەمووان بەچاوی جوانییەوە سەیری تواناکانی ژنان بکەن.

وێنەکانم کاتێک دەیکێشم باسی ڕۆڵی ژنان و جوانیی و ناسکییان دەکەم

سۆزیا مەحمود
سۆزیار و پروشە

سۆزیا مەحمود ھونەرمەندێکی شێوەکارە دەرچووی پەیمانگای ھونەرە جوانەکانە، خاوەنی ١٠ ساڵ ئەزموونە لەبوارەکەدا و دەربارەی هونەرەکەی وتی: وێنەکانم کاتێک دەیکێشم باسی ڕۆڵی ژنان و جوانیی و ناسکییان دەکەم بە تێکەڵکردنی لەگەڵ سروشت.

وتیشی: ژنان بەکێشانی وێنەکانیان دەتوانن کۆمەڵگەکەیان بەرەوپێشببەن دەست رٍەنگینن، لە پێشانگاکان کاتێک میوانەکان تابلۆکان دەبین هەست بەو توانایە دەکەن و دەزانن ژنانی کورد چەندە لە بواری نیگارکێشان و هونەردا پێشکەوتوون.

سۆزیار ئاماژەی بەوەکرد، لە بواری هونەری نیگارکێشاندا ژنانێکی زۆر دەست ڕەنگین و بەتوانامان هەیە، بەڵام ڕەخساندنی هەل و ژینگەی گونجاو، هەروەها کردنەوەی پێشانگا کەمە ژنان لەبواری کێشانی وێنەدا زۆر زیرەکن، بەڵام پێشانگا کردنەوە کەمە بۆیان.

دەربارەی هەمان بابەت پروشە حەیدەر، کە پێنج ساڵ ئەزموونی هەیە دەربارەی کارە هونەرییەکانی وتی: : لەڕێگای تابلۆ ھونەرییەکانمانەوە توانیومانە بەشێکی بچوکیش بێت ھاوکاری بکەین لەپاراستن و مانەوەی کەلتورەکەمان، بەپیشاندانی جلوبەرگی کوردی  کەلتوری نەتەوەکەمان ھاوکارین بۆ پاراستنی.

ھەلەکان کەمە بۆ ئەوەی برەو بەتواناکانیان بدەن.

پڕوشە
پڕوشە

بە هەمان شێوەی سۆزیار، پڕوشەش تیشکی خستەسەر نەبوونی دەرفەتی گونجاو بۆ زیاتر دەرخستنی ژنانی دەستڕەنگین و وتی: ژنانی ھەڵەبجە ھەرچەندە لێهاتووییان زۆرە و ھەر یەکەیان خاوەنی بەھرەیەکی خۆیانن و دەست ڕەنگینن، بەڵام ھەلەکان کەمە بۆ ئەوەی برەو بەتواناکانیان بدەن.

لە کۆتاییشدا دووپاتی کردەوە، کە ژنان بەشێکی گرنگی کۆمەڵگەن و دەبێت ھەمیشە ڕۆڵەکانیان بەرز بنرخێندرێن، لە ھەمانکاتدا بەشێکی جوانی کۆمەڵگەشن و وتی: دەتوانین لە ڕێگەی ھونەرەکانمانەوە جوانی بڵاوبکەینەوە، ئامانجیشمان تەنھا پیشاندانی جوانیەکانی کۆمەڵگەیە.

ش. ئـ

Comments are closed.