ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ پەسەند کردنی بودجە کۆدەبێتەوە

ناوەندی هەواڵەکان

سبەینێ بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پەسەند کردنی بودجە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە و دواتر ڕەوانەی پەرلەمانى عێراق دەکرێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەری و پەسەندکردنى.

ئەمڕۆ مەزهەر محەمەد ساڵح ڕاوێژکاری دارایی و ئابووری سەرۆک وەزیرانی عێراق بە میدیا عێراقییەکانى ڕاگەیاند: ئەنجوومەنى وەزیران ئامانجی ئەوەیە کە هەمواری بودجەى زوو پەسەند بکرێت، بۆیە سبەینێ ئەنجوومەنى وەزیران کۆبوونەوەى خۆی پێش دەخات بۆ گفتوگۆ کردن و پەسەن دکردنى بوودجە.

ڕوونیکردەوە، کۆبوونەوەکە لەسەر بنەمای مادەی ٧٧ـی یاسای ژمارە ١٣ـی ساڵی ٢٠٢٣ ئەنجامدەدرێت کە ڕێگەدەدات بەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر چەند بڕگەیەکی بودجە بریاری کۆتایی بدەن و پەسەندی بکەن.

ڕاوێژکارەکەى سەرۆک وەزیران ئاماژەى بەوەشکرد، دوای ئەوە تاوتوێی بودجەکرا و لەلایەن سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە پەسەند بکرێت ئەوە ڕاستەوخۆ رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکرێت بەمەبەستی پەسەند کردن و جێبەجێکردنی بودجەی سێ قۆڵی ئابووری عێراق.

ئەو ڕاوێژکارەى سەرۆک وەزیران ئەوەشى خستەڕوو، بودجەی ئەمساڵی عێراق بودجەی گەشەپێدانی ژێرخانی ئابووری نانەوتی و پیشەسازییە و بۆ ئەومەبەستەش خەرجی بەکاربردنی پڕۆژەکان زیاترکراوە تاوەکو بتوانرێت بە خێرایی بەشێک لە پڕۆژە گرنگەکان لەمساڵدا تەواوبکرێن.

کۆبوونەوەکەى سبەینێ ئەنجومەنى وەزیران لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ بڕیارە پەرلەمانى عێراق کۆبێتەوە بۆ هەلبژاردنى سەرۆکێکی نوێ، هاوکات پەرلەمان بەهۆی هەمواری یاسای بودجەوە پشووی یاسادانانى خۆی درێژکردەوە.

هـ.ح

Comments are closed.