دۆزی کۆبانێ.. دۆزی قڕکردنی کورد و ئازادیی

ناوەندی هەواڵەکان

پڕۆژەی ئەردۆغان کە خەونى سەرکەوتنى داعش و پیلانەکەی بوو بەسەر کۆبانێدا، لەسەر دەستى شەڕڤانان و گەریلا شکستى پێهێندرا، چونکە ئەو هەرزوو وتی کۆبانێ کەوت و داعش سەرکەوت، بەڵام شەڕڤانان و گەریلا خەیاڵی پووچی ئەردۆغانیان بە داعشەوە تێکشکاند، دواتریش وەک تۆڵەیەک بۆ شکستەکەی، ئەردۆغان دۆزی کۆبانێی لە دادگا قڕکەرەکانیدا کردەوە.

ئەم ئازارە مێژووییەی کە شەڕڤانان و گەریلا لە کۆبانێ بە ئەردۆغانیان چێشت هێشتا بیری نەچووەتەوە، هەر بۆیە دادگایەکی تاوانکاری و قڕکردنی بۆ کورد پێکهێنا، بەڵام بیری چووە کە چیاکان و گۆڕەپان و شەقامەکانی کوردستان هێشتا پڕن لە ملیۆنان دەمیرتاش و ئەحمەد تورک و یوکسکداغ کە بە بیرو فەلسەفەى ڕێبەر ئۆجالان تێکۆشان بەجۆشتر دەکەن.

سەپاندنى سزای زیندانى ٤٢ ساڵ بەسەر سەڵاحەدین دەمیرتاش  و سزای ١٠ ساڵ بۆ ئەحمەد تورک و سزای ٣٢ ساڵ بەسەر ڤیگەن یوکسەکداغدا، تۆڵەکردنەوەی ئەردۆغان لە دۆزی کۆبانی هیچی تر تر نییە، ئەردۆغان مۆری فاشیستى خۆی لە دیموکراسییەت و دەسەڵاتی دادوەری تورکیا دا، بۆیە ئەمە بەشێکە لە سیاسەتی قڕکردنی کوردان.

ئەردۆغان کە لە دواین هەڵبژاردن شکستى هێنا و ئەمەش دوای چانسی مانەوەی بوو، ئێستا دەیەوێت بەر لە ڕۆیشتنی تورکیا بخاتە سەر پلێتى فاشیستی دژ بە گەلی کورد و بە تەواویی دیموکراتی و سیاسەت لە تورکیا بکاتە زیندان و تاریکستان.

بڕیاری سزادانى ئەو سیاسەتمەدارانەی کورد لەسەر دۆزی کۆبانێ زۆر بە ڕوونی زهنیەتی دەوڵەتى فاشیستى تورکی دژ بە گەلی کورد دەرخست، چونکە ئەو سزایانە بۆ ئەو تۆمەتانە لە هیچ یاسا و دەستوورێکدا جێگای نابێتەوە و  سەرلەبەری دۆزەکە سیاسییە و بۆ قڕکردنى کورد ئافرێندراوە.

دۆزی کۆبانێ لە چاوی گەلی کورد و ئازادیخواز و دیمووکراتخوازان و یاسا دۆستان دۆزێکی شەرمەزارانەیە و ڕەوایەتى نییە، بەم بڕیارانەش کۆبانێ زیاتر وەک شوێنی تێکشکاندنى بیری توندڕەویی و فاشیزم بە شکۆ تر دەکات، ئەوانەشی سزایان بەسەردا سەپێندراوە مەزنتر و ئازاتر دەخاتە بەرچاوی کورد و جیهان.

دەوڵەتى ئاکەپە-مەهەپە بە ناوی یاسا و دادگاوە سیاسەتى قڕکردنى  کورد بەڕێوە دەبەن، ئەمەش هیچ بەهایەکی بۆ یاسا و دادگاکان و دادپەروەری نەهێشتووەتەوە، کە پەلە قاژەی دوا ڕۆژەکانى دەسەڵاتییانە، بەڵام گەلی کورد هەمیشە سزا و زیندانەکانى کردووەتەوە بەهێزبوونی دۆزی کورد و تێکۆشانی مەزنتر کردوە.

کۆبانێ چۆن هێمای تێکشکاندنى ئەردۆغان و هاودەستەکەی کە داعش بوون، ئاواش سزاکانی دادگا هێمای دیسانەوە گرنگی تێکۆشان و سیستەمی دیموکراتیک و فەلسەفەکەى ڕێبەر ئۆجالانە، بۆیە ئەگەر دۆزی کۆبانى بۆ دەوڵەتە فاشیستەکەی ئاکەپە و مەهەپە سزادانی دەیان ساڵە بێت بۆ ڕابەرە سیاسیەکانى کورد، ئەوا بۆ گەلی کورد مانای بەهێزبوون و پێداگرتنە لەسەر ئەو بەهایانەى رێبەر ئۆجالان کە ٢٥ ساڵە و بەدیاریکراویش ٣٨ مانگە تێکۆشانی بۆ دەکات.

ئەو بڕیارە ناڕەوایانەی لە دۆزی کۆبانێدا دران ڕاستینەی ئەردۆغان و ئاکەپەیان دەرخست، ئەم نادادپەروەری و دادگا ڕۆبۆتانە کە وەکو ئاو شلن بەدەستى ئەردۆغانەوە ئاماژەیەکى زۆر ڕوونی ڕێبازی ئاکەپە و مەهەپەیە بەرامبەر گەلی کورد، لەسەر ئەو بنەمایەش ئەرکی کورد قورستر دەکات کە تێکۆشانی خۆی بە هێزترو فراوانتر بکات.

هـ.ح

Comments are closed.