شەهیدانی مانگی ئایار و کۆمەڵکوژیی هەولێر بە شکۆوە یاد کرانەوە

سلێمانی

لە شاری سلێمانی، لە مەڕاسیمێکی شکۆداردا شەهیدانی کۆمەڵکوژیی هەولێر و مانگی ئایار بە بیرهێندرانەوە، هاوکات بە ئامادەبوونی ڕێکخراوی میزۆپۆتامیا و خانەوادەی شەهید، دووەمین ساڵیادی شەهید محەمەد زەکی چەلەبی بەرز ڕاگیرا و بەڵێن درا درێژە بە ڕێگاکانیان بدەن.

ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی بە ئامادەبوونی کۆمیتەی شەهیدانی باشووری کوردستان و ڕێکخراوی کرێکارانی میزۆپۆتامیا و خانەوادەی شەهید زەکی چەلەبی و شەهیدانی کۆمەڵکوژیی هەولێر، مەڕاسیمێکی یادهێنانەوە بە ڕێوەچوو.

سەرەتای مەڕاسیمەکە  بە خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدان دەستی پێکرد، دواتر غەریب محەمەد ئەندامی کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدان بەیاننامەیەکی خوێندەوە و تێیدا هاتبوو: ئەمڕۆ ٢٧ ساڵ تیپەڕ دەبێت بە سەر کۆمەكوژیی هەولێر، بەرامبەر بە ٨٣ لە تێکۆشەرانی گەلەکەمان، کە بۆ پارێزگاری لە ڕاستینە و کولتووری گەلەکەمان خەباتیان دەکرد، ئەوانە لە گەنجانی وڵاتپارێز و یەکێتی ژنانی ئازادییخوازی کوردستان و نەخۆشخانەی  مانگی سووری کوردستان و یەکێتی نەتەوەی دیموکراتی کوردستان و نووسینگەی سەرەکی ڕۆژننامەی وڵات و ڕاگەیاندنی ئازاد پێکهاتبوون.

ئەوەش هاتبوو تێیدا: هەموو ئەو ناوەندانە کەسانی مەدەنی و بێچەک بوون، لەلایەن هێزەکانی پەدەکەوە، لە سەر خواستی تورکیای فاشیست کۆمەڵکوژ کران، بە دوور لە هەموو بەهایەکی مرۆڤایەتیی و جڤاکیی و ئاینیی و نەتەوەیی، بە شێوازێکی دڕندانە هێرش کرایە سەریان و  بێ سەرووشوێن کران، هاوکات ئەمڕۆ ١٨ـی ئایار ساڵیادی شەهید زەکی چەلەبی و شەهید ئارام و شەهید ئیسماعیلە لە ڕێگای دەستی خیانەت و سیخووڕییەوە، هەر لەم ڕۆژەدا شەهیدی پێشەنگ حەقی قەرار لە ساڵی ١٩٧٧ تیرۆر کرا، بەم هۆیەوە مانگی ئایار بە مانگی شەهیدان ناسراوە.

هەر لە مەڕاسیمەکەدا، نەوزاد جۆجکەن ئەندامی ڕێکخراوی کرێکارانی مێزۆپۆتامیا بەیاننامەیەکی خوێندەوە و تێیدا هاتبوو: لە کەسایەتی شەهید زەکی چەلەبیدا، تەواوی شەهیدانی دیکەی کوردستان بە بیر دێنینەوە، وەکوو دەزانن لەم مانگەدا دەستی ڕەشی خیانەتی پەدەکە گەیشتە پۆلێک لە تێکۆشەرانی ئازادیی، بە داخەوە جارێکی دیکە هەولێر بووە شوێنی ناڵە و هاواری تێكۆشەرانی ئازادیی، ئێمە جارێکی دیکە هاوکاری و دەستی خیانەتی دووژمنان شەرمەزار دەکەین.

هەر لە مەڕاسیمەکەدا نورتەن چەلەبی هاوژینی شەهید زەکی چەلەبی بەیاننامەی بنەماڵەکەیانی خوێندەوە وتی: لە کەسایەتی شەهید زەکی چەلەبید سەری ڕێز بۆ تەواوی شەهیدانی کوردستان دادەنەوێنم، پرسیاری هەموو کورد و ئازادیخوازانە کە بۆچی جیهان لە ئاست ئێش و ستەم و زوڵمی سەر کوردان لاڵ بووە، شەهیدکردنی زەکی و شوکری و زیلان و حوسێن، هۆکارەکەی چالاکی و تێکۆشانی ئەوان بوو بۆ ئازادیی، زەکی وەکو ئاوی سازگار بە دوای ڕاستییەکاندا دەڕۆشت، زەکی ئەوینداری خاک و وڵاتی خۆی بوو، بە ڕێزداری گەیشت بە ئامانجی خۆی.

لە کۆتاییشدا بەڵێنی درێژەدان بە ڕێگا و ڕێبازی شەهیدان دووپاتکرایەوە و بە درووشمی “شەهید نامرن” کۆتاییان بە چالاکییەکەیان هێنا.

ب.گ

Comments are closed.