لە ڕۆژئاوای کوردستان یادی شەهیدی پێشەنگ حەقی قەرار بەرز ڕاگیرا

ناوەندی هەواڵەکان

شەهیدی پێشەنگی تێکۆشانی ئازادیی کوردستان، حەقی قەرار لە ٤٧ـەمین ساڵیادی شەهیدبوونیدا، لە ١١ شاری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە مەڕاسیمی تایبەت یادی بەرز ڕاگیرا.

ئەمڕۆ ساڵیادی شەهیدبوونی شۆڕشگێڕی مەزن حەقی قەرارە کە لە ١٨ـی ئایاری ١٩٧٧ بەدەستی گرووپی کۆنترای (ستێرکا سۆر شەهید کرا، هاوکات ئەم ڕۆژە وەک ڕۆژی شەهیدانی تەڤگەری ئازادیی کوردستان دەستنیشان کراوە.

بۆ بەرز ڕاگرتنی ئەم یادە، لە شار و شارۆچکەکانی (تل تەمر و تل بەراک و شەدادی و دەرباسیە و تربەسپی و چلاغا و دێرک و تل حەمیس و قامیشلۆ و تەبقە و حەلەب، لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام درا.

چالاکییەکان بە بەشدارییەکی بەرچاوی دانیشتووان و ئەندامانی پارت و دامەزراوە و ڕێکخراوە مەدەنییەکان و بنەماڵەی شەهیدان و ژنان و گەنجان، بەڕێوەچوون، لە چالاکییەکاندا تیشکخرایە سەر گرنگی مانگی ئایار وەک مانگی شەهیدان، لە مێژووی تێکۆشانی گەلی کورد.

لە چالاکییەکەی تل تەمر، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی بنەماڵەی شەهیدانی تل تەمر، محەمەد ئیلیات ڕایگەیاند: “هەڤاڵ حەقی بۆ سەربەخۆیی کوردستان گیانی فیدا کرد، ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دەڵێت: ئەو یەکەمین شەهیدی ئێمە و یەکەمین دامەزرێنەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە، ڕاستە شەهید بوو، بەڵام هێڵی ڕاستی و پاراستنی میراتی شەهیدانی بۆ ئێمە جێهێشت.”

لە چالاکییەکەی تل بەراک ئامادەبووان گوێبیستی تۆماری دەنگی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بوون دەربارەی شەهیدان و ڕاستی شەهیدبوون.

لە چالاکییەکەی دەرباسیە، ئەندامی ئەنجوومەنی بنەماڵەی شەهیدانی دەرباسیە، سەمەر عەبدوڵا وتی: “شەهید حەقی دژی زیهنیەتی فاشیست بەرخۆدانی کرد و بوو بە سیمبولی بەرخۆدان”.

لە چالاکییەکەی تربەسپی ئەندامی ئەنجوومەنی گشتی پەیەدە، سلێمان عەرەب دەربارەی شەهید حەقی قەرار وتی: “بەرامبەر سیاسەتی دوژمنان لەگەڵ ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان تێکۆشا، پاش شەهیدبوونی بوو بە چرای ئازادیی و سیمبولی تێکۆشانی ئازادیی.”

لە چالاکییەکەی چلاغا، بەڵگەفیلمێک دەربارەی شەهیدان و دیمەنێکی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان پیشاندرا کە شرۆڤەی واتای ڕۆژی شەهیدان دەکات.

لە چالاکییەکاندا بەڵێن دووپاتکرایەوە بۆ درێژەدان بە ڕێگەی شەهید حەقی قەرار و تەواوی شەهیدانی تێکۆشانی ئازادیی کوردستان.

ب.گ

Comments are closed.