ناوەندی هەواڵەکان
لوەیزە حەنوون سەرۆکی پارتی کرێکارانی جەزائیر، ڕایگەیاند، جارێکی دیکە خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کاندید دەکات و جەختی کردەوە، ئەم هەڵبژاردنە؛ هەڵبژاردنی هێرشبردنە نەک بەرگری کردن.
ڕۆژی شەممە، پارتی چەپی کرێکارانی جەزائیر ئاشکرایان کرد، کە سکرتێری گشتی پارتەکە لوەیزە حەنوون، کاندیدە بۆ پۆستی سەرۆکی کۆمار، کە بڕیارە مانگی ئەیلوولدا بەڕێوەبچێت.
لەبارەی کاندید بوونییەوە، لوەیزە حەنوون وتی: کە ئەم بەشداریکردنە نوێنەرایەتی “سەرکەوتنێکی دیموکراسی” دەکات، ئاماژەی بەوەشکرد، کە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی “بەرگریکارانە” نابێت بەڵکو “هێرشبەرانە” دەبێت.
بڕیارە ٧ـی ئەیلوولی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتی لە جەزائیر بەڕێوەبچێت، کە دەکاتە سێ مانگ بەر لە وادەی یاسایی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لەو وڵاتە.
عەبدولمەدجید تبوون سەرۆک کۆماری ئێستا، کە لە کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩ەوە هەڵبژێردرا، تائێستا ڕای نەگەیاندووە، ئایا هەوڵی بەدەستهێنانەوەی خولێکی دیکەی سەرۆکایەتی دەدات یاخود نا.
لوەیزە حەنوون، کە لە تەمەنی ٧٠ ساڵدایە، یەکەم ژنە لە جەزائیر سێ جار چووەتە ڕکابەریی سەرۆکایەتی کۆمار لە ساڵانی ٢٠٠٤، ٢٠٠٩ و ٢٠١٤دا.
بەهۆی چالاکییە سایسییەکانی و داکۆکیکردن لە مافی ژنان، لوەیزە حەنوون لە ساڵانی هەشتاکاندا زیندانی کراوە، هەروەها لە ئەنجامی دەستپێکردنی بزووتنەوەیەکی جەماوەریی لە ساڵی ٢٠١٩دا، بە تۆمەتی “پیلانگێڕیی دژی دەوڵەت و سووپا” زیندانی کرا و لە ساڵی ٢٠٢١دا دادگا بێتاوانی لەو تۆمەتانە ڕاگەیاندن و ئازاد کرا.
ش. ئـ
Comments are closed.