لە ئەوروپا پیلانگێڕییەکانی دۆزی کۆبانێ و سزادانی سیاسەتمەدارانی کورد شەرمەزار کران

ناوەندی هەواڵەکان

لە هەریەکە لە شارەکانی هامبورگ و هانوڤەری ئەڵمانیا و ڤیەننای پایتەختی نەمسا، دۆزی پیلانگێڕانەی کۆبانێ و سزادانی سیاسەتمەدارانی کورد بە گردبوونەوەی جەماوەری شەرمەزار کران.

ڕۆژى ١٦ـی ئەم مانگە دادگای ئەنقەرە، لەبارەی “دۆزی کۆبانێ”ـوە بڕیاریدا و ئەحمەد تورک، بە تۆمەتی “ئەندامێتی لە ڕێکخستن” سزای ١٠ ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێندرا، هەروەها دەمیرتاش ٤٢ ساڵ و  فیگەن یوکسەکداغ ٣٢ ساڵ و نۆ مانگ سزای زیندانییان بۆ بڕایەوە، لە دژی ئەمەش چالاکیی و ناڕەزاییەتییەکان لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان بەردەوامە.

لەو چوارچێوەیەشدا لە شاری هانوڤەری ئەڵمانیا، خۆپیشاندانێکی جەماوەری بە پێشەنگایەتی یەکێتی هێزی دیموکراتیکی ئەوروپا و ناڤ-دەم ئەنجامدرا و دۆزی پیلانگێڕانەی کۆبانێیان شەرمەزار کرد.

چالاکییەکە لەبەردەم وێستگەی ناوەندی شەمەندەفەری هانوڤەر ئەنجامدرا و چەندین وتە پێشکەش کرا و ئەوە خرایەڕوو، کە بڕیارەکانی دۆسییەکە، مایەی قەبوڵکردن نین، دەوڵەتی تورک هەوڵ دەدات پارێزگاری لە تاریکی و ڕەشی داعش بکات، ئێمە لە بەرامبەر گۆشەگیریی ئازادیی و ئاشتیی دەپاڕێزین.

لە کۆتایشدا و لە دوای پپێشکەش کردنی وتەکان، ڕیپێوان ئەنجامدرا و چەندین درووشم وترانەوە.

هەروەها، لە شاری هامبۆرگیش لە دژی دۆسێیەی پیلانگێریی کۆبانێ، هاوڵاتییان لە ستێرنسچانز کۆبوونەوە و بەردەوام دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی”، “بژی بەرخودانی زیندانەکان” و “بژی بەرخودانی کۆبانێ”ـیان دەوتەوە.

لە گردبوونەوەکەدا سەلما ئیرماک و نیهاد ئاکدۆغان قسەیان کرد و هەروەها لە سەر ناوی ئاتیف، ئاگیف و یانگ ستراگڵ وتە پێشکەش کرا.

هەر لە درێژەی چالاکییەکاندا لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا بە پێشەنگایەتی ناوەندی کۆمەڵەی دیموکراتیکی کورد، چالاکوانان لە بەردەم پەرلەمانی نەمسا کۆبوونەوە و دۆسێیەی پیلانگێڕانەی کۆبانێیان شەرمەزار کرد.

لەسەر ناوی ئەنجوومەنی ژنانی ڤیەننا نورجان گولەریوز، لە سەر ناوی ئەی دی ئێ‌ گی ئەرداڵ یۆڵداش و لەسەر ناوی کۆمەڵگەی ئازاد ئەحمەد زیرەک وتەیان پێشکەش کرد، دواتر چالاکوانان تا بەردەم بینای ئۆپێرا بە وتنەوەی دروشم ڕێپێوانیان ئەنجامدا.

ب. ق

Comments are closed.