پاش دەستپێکردنەوەی دروێنە لە سەرگەڕان؛ کێشەیەکی دیکە سەرهەڵدەدات

بڕوا ئەسعەد

کێشەکانی سەرگەڕان لە باشووری کەرکووک بە بەردەوامی هەیە، یەکێک لە جووتیارەکان ڕایگەیاند، هیچ بڕیارێک نییە سایلۆکان بەرووبومەکانمان لێ وەربگرن، ئەگەر بڕیارەکانی ڕژێمی بەعس هەڵنەوەشێتەوە کێشەکانمان بەردەوام دەبێت.

بە هۆی ئەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکان لە شارەدێی سەرگەڕان، لە پلانی کشتوکاڵی تۆمارنەکراون، جووتیاران مەترسی ئەوەیان هەیە، سایلۆکان، گەنمەکانیان لێ وەرنەگرن، چونکە لە ئەنجامی تەعریب و ئاستەنگییە بەردەوامەکانی سوپا هێشتا بڕیارەکانی مەجلیسی قیادەی سەورەی بەعس هەڵنەوەشاوەتەوە، محەممەد سەرگەڕانى نوێنەری جووتیارانی سنوورەکەش جەخت دەکاتەوە، هەتا مادەی ١٤٠ جێ بە جێنەکرێت، کێشەکانیان بە هەڵواسراوی دەمێنێتەوە.

محەممەد سەرگەڕانى
محەممەد سەرگەڕانى

محەممەد سەرگەڕانى لە بارەی دۆخی گوندەکانیان لە خوارووی کەرکووک بە ڕۆژنیوزی وت: لە دوای سەردانەکەی شاندی پەرلەمانی عێراق، دەستمان بە دروێنە کرد، عەرەبی هاوردە ناوچەکانیان جێهێشتووە، ئەو چادرانەی لە دژی ئێمە هەڵیاندابوو بۆ ڕێگریکردن دروێنەکردنی زەوییەکانمان لابراون، ماوەی سێ ڕۆژە بەردەوامیین لە دروێنەکردن، بەڵام ئەو چارەسەرانە کاتییە.

ئاماژەی بە چارسەرە ڕیشەییەکان کرد و وتی: پێویستە بڕیارەکانی مەجلیسی قیادەی سەورەی ڕژێمی بەعس هەڵوەشێندرێنەوە، ئەوەش پێویستە لە پەرلەمانی عێراقەوە بکرێت، هەروەها مادەی ٢٩ـی بڕیاری سەرۆک وەزیرانی عێراق جێبەجێبکرێت، کە تایبەتە بە گرێبەستی عەرەبە هاوردەکان و گەڕانەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکان بۆ خاوەنەکانیان، هەروەها جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠.

ئەو جووتیارە کوردە ئاماژەی بە کێشەیەکی دیکە کرد، کە ئەگەری ببێتە بەربەست لە بەردەم کارەکانیان و وتی: بە هۆی بەردەوامی کێشەکان لە سنوورکەماندا هەتا ئێستا زەوییە کشتوکاڵیەکانی ئێمە لە پلانی کشتوکاڵدا تۆمارنەکراوە، کە مەترسی ئەوە هەیە سایلۆ بەرووبوومەکانمان لێ وەرنەگرێت، ئەگەر سایلۆ لێمان وەرنەگرێت، ناچار دەبین لە بازاڕی ڕەش-دا ساغیان بکەینەوە بە نرخێکی کەمتر، ئەوەش بە زیان دەشکێتەوە بۆ ئێمە، هەوڵی زۆرمان داوە، بەڵام هەتا ئێستا هیچ بڕیارێک نییە،کە لێمان وەربگرن.

شارەدێی سەرگەڕان، هەر یەک لە گوندەکانی شەناغە، پەڵکانە، سەربەشاخە، گابەرەیە، خەرابەیە، ٥٠  هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی لە خۆ دەگرێت، ساڵانە ٤٠ بۆ ٥٠ هەزار تەن بەرووبوومیان هەیە.

ش. ئـ

Comments are closed.