پەکەکە: دەبێت ڕێ لە خیانەتە بەردەوامەکانی پەدەکە بگیرێت

ناوەندی هەواڵەکان

پەکەکە ڕایگەیاند، پەدەکە لە هەموو پارچەکانی کوردستان هاوکاریی دەوڵەتی داگیرکەری تورک دەکات و لە ڕێگەی ڕۆژنامەکانییەوە بە ویستی تورکیا هێرش دەکاتە سەر سلێمانی، ڕێکخستنی سیاسیی و سەربازیی پەکەکە لە سلێمانیدا نییە، بۆیە دەبێت تەواوی توێژەکان لە دژی ئەو خیانەتە بووەستنەوە و نەهێڵن پەرەی پێبدرێت.

کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە، لە بارەی خیانەتە بەردەوامەکانی پەدەکە و سەرانی بارزانی هەروەها هاوکارییەکانیان بۆ دەوڵەتی داگیرکەری تورک و هێرشکردنە سەر سلێمانی لە ڕێگەی ڕۆژنامەکانیانەوە ڕاگەیاندراوێكی بڵاوکردەوە.

لە سەرەتای ڕاگەیاندراوەکەدا کۆمیەتەکەی پەکەکەدا ڕایگەیاندووە، بزووتنەوە گەورەکان و ڕێبەرە بە پرەنسیپەکان، بە شێوەی ژیان و تێکۆشانی خۆیان، بزووتنەوە بچوک و سەرکردە بچووکەکانیش بەبێ پرەنسیپی و خیانەتەکانیان دەچنە مێژووەوە.

ئاماژەیان بەوەشداوە، لە شەڕی ئازادییدا کە گەریلاکانی ئازادیی کوردستان بە گیانبازی و قارەمانێتی بەڕێوەی دەبەن، دەسەڵاتی پەدەکە لە دژی گەریلا لەگەڵ سوپای تورک و میت کاردەکەن، لە هەولێر ناوەندی هەماهەنگی هاوبەش لە نێوان سوپای تورک و پێشمەرگەکانیان؛ لە نێوان میت و پاراستنیش دا ژووری هاوبەشیکردنی زانیاریی هەواڵگریی دامەزراوە، لە ماڵپەڕەکانی سەرۆکایەتی فەرماندەیی گشتیی و وەزارەتی دەرەوەی تورکدا نەخشەی بنکە و بارەگا سەربازییەکانی تورک کە بە هاوکاری پەدەکە درووستکراون بە ئاشکرا بڵاوکراوەتەوە.

باسیان لەوەشکردووە، پەدەکە و بنەماڵەی بارزانی باش دەزانن کە هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتی تورک، لەگەڵ سوپای تورک و میت بە واتای هاوکاریی لەگەڵ دوژمنە، لەناو گەلیشدا ئەوە بە وتنی خیانەت پێناسە دەکرێت، بۆ ئەوەی بتوانێت لەو پەیوەندییە شووم و نەفرەت لێکراوەیدا بەتەنیا نەبێت، هاوکاریی کردن لەگەڵ دەوڵەتی تورک لەسەر حکومەتی بەغدا و بەڕێوەبەرایەتی یەنەکەش دەسەپێنێت، بۆ ئەوەش لەگەڵ دەسەڵاتداری ئەردۆغان دیپلۆماسی هاوبەش بەڕێوەدەبات، سەردانەکانی هاکان فیدان، ئیبراهیم کاڵن و تەیب ئەردۆغان بۆ بەغدا و هەولێر بەشێک لەو کارەن.

لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەکەکە ڕایگەیاندووە، ڕۆژنامەی خەباتی پەدەکە لە ژمارەی ١٤ـی ئایاری خۆیدا بە مانشێتی ‘پەکەکە لە سلێمانی هێزی چەکدار درووست دەکات و دەیاننێرێتە قەندیل و رۆژئاوا’ شاری سلێمانی و ئیدارەی شارەکەی کردووەتە ئامانجی دەوڵەتی تورک، پەدەکە بە بڵاوکردنەوەیەکی لەو جۆرە تورکیا هان دەدات هێرش بکاتە سەر سلێمانی، پەدەکە کە بەر لە ئێستا خیانەتی ٣١ـی ئابی ١٩٩٦ـی کرد و لەگەڵ تانکەکانی سەدام چووە ناو هەولێر، ئێستاش لە ڕێگەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە هەڕەشە لە گەل و ئیدارەی سلێمانی دەکات، پەدەکە، بنەماڵەی بارزانی و ڕۆژنامەی خەبات باش دەزانن کە نە ڕێکخستنێکی پەکەکە لە سلێمانی هەیە، نە هێزێکی سەربازیی لەوێ هەیە، ئەمە درۆیەکی گەورەیە، بە مەبەست کراوە، درۆیەکی ئامانجدارە.

ئاماژەیان بەوەشداوە، لە وەها کاتێکدا کە گەلی کورد لە چوار پارچەی کوردستان بە هەمان ڕۆح و هەستەوە تێکۆشانی ئازادیی بەڕێوەدەبات، بەڕێوەبەرایەتی پەدەکە و بنەماڵەی بارزانی لەگەڵ دوژمنی گەلی کورد یەکدەگرن، خیانەتیان بۆ خۆیان کردووە بە پیشە و پێداگری لەسەر خیانەت دەکەن، لە هەڵبژاردنەکانی باکوور پشتیوانی ئاکەپە، لە ڕۆژئاوا پشتیوانی لە دەوڵەتی تورک و چەتەکانی داعش دەکەن، لە باشووری کوردستان لە بری ئەوەی لە بەرامبەر هێرشە ڕۆژانە و داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک بوەستنەوە، بەرامبەر بە گەریلاکانی ئازادیی دەوستنەوە کە لە دژی ئەو هێرشانە تێدەکۆشن.

لە کۆتاییشدا دەڵێن: دەبێت کوردستانیانی وڵاتپاڕێز، حزب، رێکخراو، ڕۆشنبیران، نووسەران و هونەرمەندان لە بەرامبەر هاوکاریی و داردەستەیی پەدەکە بۆ دەوڵەتی تورک و خیانەتەکە بوەستنەوە و نەهێڵن ئەو خیانەتە پەرەی پێبدرێت.

ب. جـ

Comments are closed.