ئەو هێلیکۆپتەرەی سەرۆکی ئێران گەشتی پێ کرد تووشی ڕووداو بوو

ناوەندی هەواڵەکان

بەپێی ئەو هەواڵانەی ئاژانسی تەسنیم بڵاوی کردووەتەوە، ئەمڕۆ سەرۆک کۆماری ئێران لە کاتی چوونی بۆ ئازەربایجانی ڕۆژهەڵاتیی، ئەو هێلیکۆپتەرەی گەشتەکەی پێ کردووە تووشی ڕووداو بووە.

ئاژانسی تەسنیم بڵاوی کردەوە، کە ئەو هێلیکۆپتەرەی سەرۆکی کۆماری ئێرانی گواستووەتەوە بۆ ئازەربایجانی ڕۆژهەڵاتیی، لە ڕێگەکەی دیار نەماوە و تووشی ڕووداو بووە و لە ئێستادا پڕۆسەی گەڕان بەشوێنیدا دەستی پێ کردووە.

ئاماژە بەوەشکراوە، کاروانی سەرۆک کۆمار پێکهاتبوون لە سێ هێلیکۆپتەر، کە دووانیان بەشێک لە وەزیر و بەرپرسانی تێدابوون گەیشتوونەتە شوێنی مەبەست، بەڵام ئەو هێلیکۆپتەرەی ئیبراهیم ڕەیسی سەرۆک کۆمار و حوسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران و ئایەتووڵا هاشم ئیمامی تەبرێزی تێدابوون تووشی ڕووداو بوون.

هەر بەپێی هەواڵەکان، هەریەکە لە هێزەکانی سەر بە مانگی سوور، هێزی سەربازیی و فریاگووزاریی، پرۆسەیەکی فراوانی گەڕان و پشکنینیان بۆ دیاری کردنی شوێنی هێلیکۆپتەرەکە دەست پێ کردووە، بەڵام بەهۆی زۆری تەم لە ناوچەکەدا تا ئێستا هیچ زانیارییەک دەست نەکەوتووە.

ش. ئـ

 

Comments are closed.