بن سەلمان و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی کۆشکی سپی کۆبوونەوە

ناوەندی هەواڵەکان

ئەمڕۆ شازادەی جێنشینی سعودیە محەمەد بن سەلمان و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی کۆشکی سپی جەیک سۆلیڤان، بە مەبەستی تاوتوێکردنی دەقی ڕێککەوتنەکەی نێوان واشنتۆن و ڕیاز، کۆبوونەوە.

میدیای فەرمی سعودیە ڕایگەیاند، شازادەی جێنشینی سعودیە محەمەد بن سەلمان و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی کۆشکی سپی جەیک سۆلیڤان، لە شاری دەهرانی سعودیە کۆبوونەتەوە و لە کۆبوونەوەکەدا پێداوچوونەوە کراوە بە  دەقی ڕێککەوتنە ستراتیژییەکانی نێوان هەردوو وڵاتدا، کە خەریکە تەواو دەبێت.”

ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدا دێت، هەواڵەکان باس لەوە دەکەن ئەمریکا و سعودیە نزیک بوونەتەوە لە ڕێککەوتنێک، کە تێیدا ئەمریکا گرەنتی ئاسایش دەدات بە سعودیە و یارمەتی ئەو وڵاتە دەدات لە پەرەپێدان بە ئەتۆمی مەدەنیی، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و سعودیە کە بە ” ڕێککەوتنی گەورەی ” ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراوە، هێشتا زۆر دوورە.

هەروەها ڕایگەیاندووە، سۆلیڤان و شازادەی جێنشین تاوتوێی ئەوەشیان کردووە”ئاڕاستەیەکی گونجاو سەبارەت بە بەدیهێنانی چارەسەری بۆ ئیسرائیل و فەڵەستینییەکان و وەستاندنی جەنگەکە و کارئاسانیکردن بۆ چوونە ناوەوەی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو غەزە.”

ڕۆژی هەینی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، سۆلیڤان سەردانی سعودیە و ئیسرائیل دەکات بۆ تاوتوێکردنی پرسەکانی نێوانییان و هەروەها پرسەکانی ناوچەکەش، لەوانەش غەزە و هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ئاسایش و ئاشتییەکی هەمیشەیی لە ناوچەکەدا.

ب.گ

Comments are closed.