دواین زانیارییەکان له‌باره‌ی چارەنووسی ئیبراهیم ڕه‌ئیسییەوە

ناوەندی هەواڵەکان

تا ئێستا ئەو هێلیکۆپتەرەی کە ڕەئیسی تێدابوو لە ڕێگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵاتی تووشی ڕووداو بوو کەوتەخوارەوە، نەدۆزراوەتەوە، بەرپرسانی ئێران دەڵێن: زانیارییەکان جێگەی نیگەرانین، هاوکات ١٦ تیم نێردراون بۆ گەڕان لە شوێنی ڕووداوەکە.

ئەمڕۆ ئاژانسی تەسنیم بڵاوی کردەوە، کە ئەو هێلیکۆپتەرەی سەرۆکی کۆماری ئێرانی گواستووەتەوە بۆ ئازەربایجانی ڕۆژهەڵاتیی، تووشی ڕووداو بووە و چارەنووسی نادیارە، لە ئێستادا پڕۆسەی گەڕان بەشوێنیدا دەستی پێ کردووە.

وه‌زیری ناوخۆی ئێران ڕایگه‌یاند‌، تیمه‌كانی فریاكه‌وتن به‌ ڕێگاوه‌ن كه‌ ژماره‌یان ١٦ تیمن بۆ شوێنی ڕووداوه‌كه‌ و گه‌ڕان و به‌دواداچونیان ده‌ست پێ كردووه‌.

میدیای فەرمی ئێران دەڵێت، تا ئێستا چارەنووسی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری وڵاتەکە و هێلیکۆپتەرەکەی نازاندرێت, هەروەها بەهۆی خراپی کەشوهەواوە، تیمەکان ناتوانن بە هێلیکۆپتەر بەدوایدا بگەڕێن و هەموو تیمە فریاگوزارییەکان زەمینین.

هاوكات، ئاژانسی فارسی ئێران، لە بابەتێکدا داوا له‌ هاوڵاتییانی ئه‌و وڵاته‌ ده‌كات، نزا بۆ ئیبراهیم ڕەئیسی و سه‌رنشینانی هێلیكۆپته‌ره‌كه‌ بكه‌ن.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی نێودەوڵەتی ڕۆیته‌رز، له‌ زاری به‌رپرسێكی باڵای ئێرانه‌وه‌ بڵاوی كردووەته‌وه‌، ژیانی ئیبراهیم ڕه‌ئیسی سه‌رۆك كۆماری ئێران و حسێن ئه‌میر عه‌بدوڵاهییان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران له‌ مه‌ترسیدایه‌، “هێشتا هیوامان هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌و زانیاریانه‌ی له‌ شوێنی كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌كه‌ به‌ده‌ستمان گه‌یشتوون، زۆر جێگه‌ی نیگه‌رانین”.

شوێنی كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی هێلیكۆپته‌ره‌كه‌ له‌ گوندی ئوزی سه‌ر به‌ شارۆچكه‌ی وه‌رزه‌قانی پارێزگای ئازه‌ربایجانی ڕۆژهه‌ڵات بووە‌.

مانگی سووری ئێرانی ڕایگه‌یاندووه‌، به‌ هۆی ته‌م و مژ و سه‌ختیی شوێنه‌كه‌ پڕۆسه‌ی گه‌ڕان و پشكنین بۆ دۆزینه‌وه‌ی هێلیكۆپته‌ره‌كه‌ كاتێكی زۆری پێویسته‌.

هه‌ریه‌ك له‌ حسێن ئه‌میر عه‌بدوڵاهییان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران و پارێزگاری ئازه‌ربایجانی ڕۆژهه‌ڵاتی ئێران و ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی دیكه‌ یاوه‌ری ئیبراهیم ڕەئیسی بوون و له‌ناو هێلیكۆپته‌ره‌كه‌دا له‌گه‌ڵیدا بوون.

ب.گ

 

Comments are closed.