مەڕاسیمی حەوتەمین ساڵیادی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا بەڕێوەچوو

سلێمانی

ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی، بە ئامادەبوونی لایەنگرانی بزووتنەوەی گۆڕان و بەشێک لە نوێنەری پارت و ڕێکخراوەکانی هەرێمی کوردستان، حەوتەمین ساڵیادی کۆچی دوایی ڕێکخەری گشتیی پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان نەوشیروان مستەفا کرایەوە.

لەسەر مەزارەکەی لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی، مەڕاسیمی حەوتەمین ساڵیادی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا ڕێکخەری گشتیی پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان، بەبەشداری هاوڕێ و هاوسەنگەرانی و نوێنەری پارت و ڕێکخراوەکان و لایەنگرانی بزووتنەوەی گۆڕان بەڕێوەچوو.

دلێر عەبدولخالق وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان لەمبارەیەوە بە ڕۆژنیوزی وت: ٧ ساڵ تێپەر دەبێت بە سەر ژیانئاوای یەکێک لە کاریگەرترین سەرکردەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد و ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕاندا، کاک نەوشیروان پەیامی بۆ هەر چوار بەشی کوردستان هەبوو، پشتوانی دۆز و خەباتی کورد بوو لە بەشەکانی دیکەی کوردستان.

نەوشیروان مستەفا، ڕێکخەری گشتیی پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٥ بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی چووە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، دوای مانەوەی بۆ ماوەی حەوت مانگ، ڕۆژی ٢٨-٤-٢٠١٦ گەڕایەوە شاری سلێمانی و دوای ئەوەش جارێکی دیکە بۆ چارەسەر لە ٣-٩-٢٠١٦ چوەوە بەریتانیا، دواجار لە ١٣-٥-٢٠١٧ گەڕایەوە شاری سلێمانی و دوای شەش ڕۆژ لە گەڕانەوەی لە تەمەنی ٧٣ ساڵیدا لە ١٩ـی ئایار و دوای زیاتر لە نیو سەدە کاری سیاسیی، کاتژمێر ٠٨:٠٠ـی بەیانی لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد و لە گردی زەرگەتە بە مەڕاسیمێکی جەماوەریی بەخاک سپێردرا.

ب.گ

Comments are closed.