حکومەتی عێراق پڕۆژەیاسای بودجه‌ی گشتیی ٢٠٢٤ـی په‌سه‌ند كرد

ناوەندی هەواڵەکان

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پڕۆژەیاسای خشتەی بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ ـی پەسەند کرد و ڕەوانەی پەرلەمان دەکرێت، کە کۆی گشتی داهاتەکانی ١٤٤ ترلیۆن و ٣٣٦ ملیار دینار بوو.

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ لە دانیشتنێكی تایبەتدا دەنگی لەسەر پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای خشتەی بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ـدا و ڕەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکرێت.

لە پاش تەواوبوونی کۆبوونەوەکە ڕاگەیاندراوێکیان بڵاو کردەوە، لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی نائاسیی خۆیدا پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ـی پەسەند کرد، ئەنجوومەنی وەزیران لە پڕۆسەی ناردنی بودجەی ساڵی ٢٠٢٤دایە بۆ پەرلەمان.

ئاماژە بەوەشکراوە، کۆی گشتی داهاتەکان ١٤٤ ترلیۆن و ٣٣٦ ملیار دینار بووە، هەروەها خەرجی ٢١٠ ترلیۆن و ٩٣٦ ملیار دینار بووە.

ئەوەش خراوەتەڕوو،کورتهێنان گەیشتە ٦٣ ترلیۆن و ٥٩٩ ملیار دینار، خەرجی حکومەت ١٠ ترلیۆن و ٤٢ ملیار دینار بووە.

باس لەوەشکراوە، بودجەی وەبەرهێنان دەگاتە ٥٥ ترلیۆن دینار، کۆی گشتی تەرخانکراوی وەبەرهێنان بۆ پارێزگاکان و سندوقی گەشەپێدانی پارێزگاکان بۆ بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ گەیشتە ١٠ ترلیۆن و ٦٣٣ ملیار.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، لە حیسابی پارێزگاکان لە چوارچێوەی تەرخانکردنی ئەمنیی فریاگوزاریدا، ١١ ترلیۆن و ٢٦٤ ملیار دینار خەرجکراوە، کە لە ٣٦٪ـی واتا نزیکەی ٤ ترلیۆن و دوو ملیار دینار خەرجکراوە و ئەوەی دیکەشی کە ماوە زیاتر لە حەوت ترلیۆن بووە.

لە کۆتایییدا ئاماژە بەوەش کراوە، ئەو حەوت ترلیۆن و ٣٣٠ ملیارەی کە دەمێنێتەوە لە تەرخانکردنی دارایی پارێزگاکان لە حیسابی ئەمانەتدایە و لەبەردەستی حکومەتە خۆجێیەکاندایە و بەردەستە بۆ دابینکردنی دارایی بۆ پڕۆژەکان.

خولی یاسادانانی ئێستا بۆ ماوەی یەك مانگ درێژكراوەتەوە، بۆ ئەوەی لەو ماوەیەدا خشتەی بودجە یەكلایی بکرێتەوە، پەرلەمان دەسەڵاتی گواستنەوە و كەمكردنەوەی خەرجییەكانی ناو خشتەكان و كەمكردنەوەی ڕێژەی كورتهێنانی هەیە، ، بۆ ئەوەی مۆڵەتی تەواو بدرێت بە حكومەت بۆ جێبەجێكردنی بەرنامە و پلانەكانی.

پێشتر عەتوان عەتوانی سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند بوو، قەبارەی بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ـی وڵاتەكەمان ٢٢٨ ترلیۆن دینارە و بودجەی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو نزیكەی ٢٩ ترلیۆن دینار زیادی كردووە.

ب.گ

Comments are closed.