لە ئەڵمانیا شەهیدانی سێدارە بە ڕێزەوە بەبیرهێنرانەوە

ناوەندی هەواڵەکان

بە پێشەنگایەتی کژار لە ئەڵمانیا، هەریەکە لە فەرزاد کەمانگەر، فەرهاد وەکیلی، عەلی حەیدەریان و شیرین عەلەمهوولی، کە ١٤ ساڵ بەر لە ئێستا لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە لە سێدارەدران بە ڕێزەوە بەبیرهێنرانەوە.

هەریەکە لە زیندانیانی سیاسیی فەرزاد کەمانگەر، فەرهاد وەکیلی، عەلی حەیدەریان و شیرین عەلەمهوولی کە ٩ـی ئایاری ٢٠١٠ لە سێدارەدران، بە پێشەنگایەتی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کژار لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا بە مەراسیمێکی شایستە بەبیر هێنرانەوە.

لە دوای خولەکێک ڕێزگرتن لە هەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادیی، بەشداربووان وتاری خۆیان پێشکەش کرد و ڕایانگەیاند، سزای لەسێدارەدان لە دژی مافەکانی مرۆڤە، هەستی توندوتیژی و تۆڵەسەندنەوە لە ناو کۆمەڵگادا زیاد دەکات، لە بەر ئەوە نابێت سزادان بە ئامانجی کۆمەڵکووژی و لەناوبردنی گەلان بێت.

هەروەها ئاماژەیان بەوەشکرد، لەبەر ئەوەش ماوەیەک بەر لەئێستا هەڵمەتی “نا بۆ لەسێدارەدان و بەڵێ بۆ ژیانی ئازاد”یان دەستپێکردبوو، لە چوارچێوەی هەڵمەتەکەدا ئێمە بۆ چالاکوانی کورد وەریشە مورادی هەڵمەتی “ئازادی بۆ وەریشە مورادی”یمان دەستپێکرد، دەبێت هەموان بەتایبەتی بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ و لایەنگرانی دیموکراسی بەشداری لەو هەڵمەتەدا بکەن.

هەروەها لەیادەکەدا بەڵگە فیلێک پیشاندرا و یادەکە بە گوێگرتن لەو گۆرانیانەی بۆ یادی شەهیدان ئامادەکرابوون، کۆتایی هات.

ب. ق

Comments are closed.