کچێک بە چەقۆ لەلایەن باوکییەوە کوژرا

ناوەندی هەواڵەکان

پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، تۆمەتبارێکیان دەستگیر کردووە، کە بە چەقۆ هێرشی کردووەتە سەر کچەکەیی و پاش ئەوەی گەیەندراوەتە نەخۆشخانە بەهۆی سەختی برینەکەی گیانی لەدەست داوە.

ئەمڕۆ، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، پاش ئەوەی ئاگادار کراونەوتەوە لە ڕووداوی کوشتنی کچێک، لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە و بۆیان دەرکەوتووە، باوکەکە بە چەقۆ هێرشی کردووەتە سەری و بەسەختی برینداری کردووە، هەر بەو هۆکارەش لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەشکردووە، کە دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر و گەڕان بەدوای تۆمەتباری هەڵاتوودا، توانرا لەماوەی كەمتر لە دوو کاتژمێردا لەلایەن تیمەکانى بنكەی پۆلیسی پێنجوێن بە هاوكاری ئاسایشی سنوورەكە تۆمەتبار بدۆزرێتەوە و دەستگیربكرێت.

دەربارەی تۆمەتبارەکە پۆلیس ڕایگەیاندووە، لەئێستادا تۆمەتبار (ع، ع، م لەدایكبووی ١٩٧١) بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی ٤٠٦ لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوە و لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.

شایەنی باسە ئەمە دووەم ڕووداوی کوشتنی ژنانە لە مانگی ئایاردا، هەروەها لە سەرەتای ئەمساڵەوە ٢٤ حاڵەتی کوشتن یاخود گیان لەدەستدانی گوماناویی ژنان لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم هەبووە.

ش. ئـ

Comments are closed.