سۆران.. تا ئێستا مۆزەخانەیەک نییە بۆ پاراستنی شوێنەوارەکان

سلێمانی

لەگەڵ ئەوەی ناوچەکە هەڵگری نهێنیی سەرەتای مرۆڤایەتییە و جێی سەرەنجی هەموو جیهانە، بەڵام تائێستا لە سۆران مۆزەخانەیەکی نیشتمانیی نییە بۆ پاراستن و هێشتنەوەی ئەو شوێنەوارانەی لە ناوچەکە دۆزراونەتەوە، بەڕێوەبەری شوێنەروای سۆرانیش دەڵێت: كوردستان لانكەی شارستانیەتە.

عەبدولوەهاب سلێمان بەڕێوەبەری شوێنەواری سۆران لە بارەی نەبوونی شوێنێک بۆ پاراستنی شوێنەوارەكان و گەڕانەوەی شوێنەوارەكان بۆ هەرێمی كوردستان، بۆ ئاژانسی ڕۆژنیوز دەدوێت.

عەبدولوەهاب سلێمان
عەبدولوەهاب سلێمان

عەبدول وەهاب سلێمان سەرەتای قسەکانی بەوە دەستپێ کرد، کە دەستكەوتە مێژوویە شوێنەوارییەكان، سەلمێنەری مێژووی ڕاستەقینەی شارستانیەتی كوردستانن و وتی: دوژمنانی ئێمە بە تورک و فارس و عەرەبەوە، هەمیشە هەوڵی ئەوەیان داوە، تەنانەت ناوی كوردستانیش لە هیچ سەرچاوەیەكی مێژوویدا نەمێنێت.

ئاماژەی بەوەش كرد، ئەو دەسكەوتەی لە ئەشكەوتی شانەدەر دۆزرایەوە، نیشانیدا كوردستان لانكەی شارستانییەت بووە، هەروەک ڕاڵف سولیکی شوێنەوارناس دوای تەواوبوونی كارەكانی لە ساڵی ١٩٦٠ ئاوڕێک لە ئەشكەتی شانەدەر دەداتەوە و دەڵێت: “شارستانییەت لەم دەرگایەوە بە جیهاندا بڵاوبووەتەوە و بە هەموو بەڵگەكان سەلمێندراوە كوردستان خاكێكی پیرۆزە”.

تیشکی خستەسەر دواین دۆزینەوەی ئەشکەوتی شانەدەر و گرنگییەکەی و وتی: پاش بڵاوکردنەوەی فیلمێکی بەڵگەیی دەربارەی گرنگی شانەدەر و دۆزینەوەی شانەدەر زێد، تا ئێستا زیاتر لە دوو ملیار و نیو كەس لە گووگڵ گەڕانیان بۆ ناوی كوردستان ئەنجامداوە.

عەبدولوەهاب سلێمان لە بارەی گەڕانەوەی شوێنەوارەكان بۆ هەرێمی كوردستان لە دوای لێكۆڵینەوە زانستییەكان وتی: بەپێی یاسا و ئەو گرێبەستانەی لە نێوان وەزارەتی شارەوانی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار لەگەڵ تیمە بیاننییەكان واژۆ كراوە، نابێت هیچ پارچەیەكی شوێنەوار ببرێتیە دەرەوەی وڵات، تەنها بۆ كاری لێكۆڵینەوە و پشكنین ڕێگە پێدراوە، لە داهاتووشدا لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا شوێنەوارەكەی ئەشكەوتی شانەدەر دەهێنرێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان.

ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا مۆزەخانەیەكی نیشتیمانیمان نییە بۆ پاراستنی شوێنەوارەكان و وتی: پێویست بوو مۆزەخانەیەكی نێودەوڵەتیمان هەبێت، بۆ ئەو شوێنەوارانەی خاوەندارێتی بۆ كوردستان دەگەڕێتەوە.

ڕوونی كردەوە، بەنیازین لەگەڵ ئیدارەی سۆران بەهاوكاری زانكۆی كامبریجی بەریتانی، نزیک ئەشكەوتی شاندەر پارکێکی شوێنەواریی و مۆزەخانەیەكی پێشەكەوتو درووست بکەن و وتی: بۆ ئەوەی شوێنەوارەكان و شانەدەر زێت و ئەو ١٠ ئێسكە پەیكەرەی دیكەش بگەڕێنینەوە بۆ هەرێمی كوردستان و لەو مۆزەخانەیە بپارێزرێن.

ئەشکەوتی شانەدەر، وەک یەکێک لە کۆنترین شوێنەوارەکانی جیهان هەژماردەکرێت و تا ئێستا چەندین لێکۆڵینەوەی لێکراوە، دۆزینەوەی کۆمەڵێک پەیکەرە ئێسکی مرۆڤەکانی نیاندەرتاڵ لە ناوەڕاستی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو لەلایەن شوێنەوارناسی ئەمریکی ڕاڵف سولیکی وایکردووە، کە بە درێژایی نیو سەدەی ڕابردوو جێی سەرنج بێت، هاوکات دۆزینەوەی گۆڕستانێک لە قوڵایی ئەشکەوتەکەش بووەتە هۆکارێک، کە شوێنەوارناسانی ئەمریکا و بەریتانیا بە درێژایی ئەو ماوەیە خەریکی لێکۆڵینەوەبن.

سەرەڕای نكوڵی كردنی دوژمنانی گەلی كورد، سەبارەت بە گرنگی جوگرافیا و دەوڵەمەندی خاكی كوردستان و هەوڵدانەكانیان بۆ تێكدانی نیشتمان، بەڵام بەردەوام دۆزینەوەی شوێنەواری سەرنج ڕاكێش و پڕ بەهاكان لە كوردستان ئاماژەیە بۆ لانكەی بوونی مرۆڤایەتی لەم ناوچەدا، بەڵگە شوێنەوارییەكانیش دەرخەری ئەو ڕاستییەن.

هـ.ئ

Comments are closed.