ناوەندی هەواڵەکان
پێش ئیبراهیم ڕەئیسی ١٢ سەرۆک و سەرکردەی دیکەى جیهان بە ڕووداوی فڕۆکە گیانیان لەدەستداوە.
کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەری ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران ڕووداوەکانی فڕۆکەوانیی هێنایەوە بەرچاو کە تیایاندا زۆرێک لە سەرۆک و سیاسەتمەدارە دیارەکانی جیهان گیانیان لەدەستدا.
سەرۆکی فلیپین ڕامۆن ماگسایسای
ڕامۆن ماگسایسای سەرۆکی فلیپین یەکەم سەرۆکە لە جیهاندا کە لە ڕووداوی فڕۆکەوانیدا گیانی لەدەستداوە، کاتێک لە ١٧ـی ئازاری ١٩٥٧دا لە تەمەنی ٤٩ساڵی دوای کەوتنەخوارەوەی لەناو فڕۆکەیەکی هێزی ئاسمانی وڵاتەکەیدا گیانی لەدەستدا، لەکاتێکدا لە گەشتێکدا بوو لە شاری سیبو بۆ مانیلای پایتەختی فلیپین.
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان داگ کارل هامەرشۆڵد
دوای نزیکەی ٤ ساڵ، داگ کارل هامەرشۆڵد کە دووەم سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو، لە سویدیەوە گەشتی کرد بەرەو ڕۆدیسیا( زامبیای ئێستا) و فڕۆکەکەی لە کۆنگۆ کەوتە خوارەوە.
هامەرشۆڵد دوای دەستلەکارکێشانەوەی تریگڤی لی یەکەم سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٥٣، ئەرکی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانی گرتە ئەستۆ و دواتر لە ساڵی ١٩٥٨ دووبارە بۆ هەمان پۆست دیاریکرایەوە و تا کۆچی دوایی کرد وەک سکرتێری گشتی بەردەوام بوو .
عەبدول سەلام عارف سەرۆک کۆماری عێراق
لە ١٣ی نیسانی ساڵی ١٩٦٦، عەبدول سەلام عارف سەرۆک کۆماری عێراق، بەهۆی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرێکەوە لە باشووری عێراق لە نێوان ناوچەی قورنە و بەسرە گیانی لەدەستدا.
عارف لە تەمەنی ٤٥ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد لەو گەشتەدا بەشێک لە وەزیر و هاوەڵەکانی لەگەڵی بوون.
بەگوێرەی هەندێک زانیاری، ئەو هێلیکۆپتەرەی کە سەرۆکی کۆچکردووی عێراقى هەڵگرتبوو، بەر زریانێکی کتوپڕی خۆڵ کەوتووە، بووەتە هۆی سەرلێشێواوی بۆ تیمی فڕۆکەوانی هێلیکۆپتەرەکە، ئەمەش وایکردووە هێلیکۆپتەرەکە دووجار لەسەر یەک بخولێتەوە پێش ئەوەی خۆی بکێشێت بە زەویدا و بتەقێتەوە.
ڕێنێ بارینتۆس سەرۆکی بۆلیڤیا
نزیکەی ٣ ساڵ دوای ئەو ڕووداوە، سەرۆکی بۆلیڤیا، ڕێنی بارینتۆس، لە تەمەنی ٤٧ ساڵیدا دوای کەوتنەخوارەوەی ئەو هێلیکۆپتەرەی کە لە گەشتێکی ناوخۆیی وڵاتەکەیدا بوو لە ٢٧ی نیسانی ١٩٦٩دا کۆچى دوای کرد.
هێلکۆپتەرەکە لەکاتی فڕینی لە نێوان شارۆچکەکانی تۆکوپایا و ئارکۆی بۆلیڤیا کەوتە خوارەوە.
جەیمی ڕۆڵدۆس ئەگویلێرا سەرۆکی ئیکوادۆر
لە ٢٤ی ئایاری ١٩٨١ فڕۆکەیەک کە ، جەیمی ڕۆڵدۆس ئەگویلێرا سەرۆکی ئیکوادۆرى لەناودا بوو، لە بناری چیای هوایراپونگۆ، لە پارێزگای لۆخا، کەوتە خوارەوە.
ڕووداوەکە هیچ کەسێکى تێدا ڕزگار نەبوو و مارتا بوکارام خانمی یەکەم، مارکۆ سۆبیا مارتینێز وەزیری بەرگری و هاوسەرەکەی گیانیان لەدەستدا، هەروەها دوو یاریدەدەری فڕۆکەوانەکە گیانیان لەدەستدا.
عومەر تۆریخۆس سەرۆکی پەنەما
لەهەمان ساڵدا عومەر تۆریخۆس سەرۆکی پەنەما کۆچی دوایی کرد کە لە ساڵی ١٩٦٨ بە کودەتایەکی سەربازی بوو بە فەرمانڕەوای پەنەما.
تۆریخۆس کە لە ٣١ـی تەمووزی ١٩٨١ لە ڕووداوێکی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی سەربازیدا گیانی لەدەستدا، خۆی بە سەرۆکی کۆماری پەنەما ناو نەدەبرد، بەو پێیەی نازناوی دیکەی پێ باشتر بوو، وەک “فەرماندەی باڵای شۆڕشی پەنەما” و “سەرۆکی باڵای حکومەت”.
مشیر ئەحمەد بەدەوی وەزیری بەرگری میسر
لە ٢ـی ئازاری ١٩٨١، وەزیری بەرگری میسر مشیر ئەحمەد بەدەوی دوای ئەوەی هێلیکۆپتەرەکەی کەوتە خوارەوە، گیانی لەدەستدا، لە ناوچەی سیوە، کە دەکەوێتە شوێنێکى سەربازی ڕۆژئاواى مەتروح .
هاوکات لەو گەشتەی وەزیرەکەدا ١٣ فەرماندەی باڵای هێزە چەکدارەکانی میسر یاوەری بوون و سەرجەمیان گیانیان لە دەستدا.
سامۆرا میشێڵ یەکەم سەرۆکی مۆزەمبیق
لە ١٩ـی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٨٦، سامۆرا میشێڵ کە یەکەم سەرۆکی دەوڵەتی مۆزەمبیق بوو لە کیشوەری ئەفریقا، بەهۆی ڕووداوێکی فڕۆکەوە گیانی لە دەستدا.
میشێڵ لە ساڵی ١٩٧٥ وەک سەرۆکی کۆماری گەلی مۆزەمبیق دەستبەکار بووە و لە تەمەنی ٥٠ ساڵیدا بەهۆی ئەوەی فڕۆکەکەی لە نزیک شاری مبوزینی لە باشووری ئەفریقا کەوتە خوارەوە گیانی لە دەستدا.
فڕۆکەکەى لە جۆری توپۆلیڤ تو-١٣٤ بوو کاتێک کەوتە خوارەوە، جگە لە میشێڵ ٤٣ کەسی دیکەی هەڵگرتبوو ٣٣ کەسیان گیانیان لەدەستدا، لەنێویاندا وەزیر و بەرپرسانی حکومەتی مۆزەمبیق هەبوون.
محەمەد زیائول حەق سەرۆکی پاکستان
محەمەد زیائول حەق سەرۆکی پاکستان، کە بە دەستێکی پۆلاین حوکمڕانی وڵاتەکەی دەکرد و لە ساڵی ١٩٧٧ ەوە بە کودەتایەکی سەربازی دەسەڵاتی گرتبووە دەست، لە ١٧ی ئابی ١٩٨٨ لە ڕووداوێکی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەدا گیانی لەدەستدا.
ئەو فڕۆکەیەی کە سەرۆکی پاکستانی هەڵگرتبوو لە شاری موڵتان نزیک لە سنووری هیندستان لە ڕۆژهەڵاتی پاکستان لە گەشتێکدا، کە ژمارەیەک فەرماندەی باڵای سوپای پاکستانى لەگەڵدا بوون کەوتە خوارەوە.
ڕادیۆی فەرمی پاکستان ئەوکات بڵاوی کردەوە، کە فڕۆکەکە دوای چەند خولەکێک لە بەرزبوونەوەی لە هەوادا تەقیوەتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی هیچ یەکێک لە سەرنشینەکان ڕزگاریان نەبووە.
بۆریس ترایکۆڤسکی سەرۆکی کۆماری مەکەدۆنیا
لە ٢٦ـی شوباتی ٢٠٠٤ ئەو فڕۆکەیەی بۆریس ترایکۆڤسکی سەرۆکی کۆماری مەکەدۆنیای هەڵگرتبوو لەگەڵ شەش یاریدەدەر و دوو فڕۆکەوانەکەی کەوتنە خوارەوە و بەهۆیەوە ترایکۆڤسکی گیانی لە دەستدا.
فڕۆکەکە لەکاتێکدا کەوتە خوارەوە کە خۆی ئامادە دەکرد بۆ نیشتنەوە لە شاری مۆستار لە باشووری وڵاتی بۆسنە.
جۆن گارانگ جێگری یەکەمی سەرۆکی سودان
لە یە١ـی ئابی ساڵی ٢٠٠٥، پاش ئەوەی ئەو هێلیکۆپتەرەی کە لە ئۆگەنداوە دەستی بە گەشتکردن کردبوو و لەناویدا جۆن گارانگ جێگری یەکەمی ئەو کاتەی سەرۆکی سودانی هەڵگرتبوو، کەوتە خوارەوە و بەهۆیەوە گارانگ گیانی لە دەستدا.
گارانگ کە لە تەمەنی ٦٠ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، بڕیار بوو یەکەم سەرۆکی باشووری سودان بێت دوای جیابوونەوەی فەرمی لە سودان لە ٩ی تەمموزی ٢٠١١ بەڵام ئەو شەش ساڵ پێش ئەو جیابوونەوەیە گیانی لە دەستدا.
لێخ کاچێنسکی سەرۆکی پۆڵەندا
لە ١٠ـی نیسانی ساڵی ٢٠١٠ لێخ کاچێنسکی، سەرۆکی کۆچکردووی پۆڵەندا لەگەڵ گرنگترین فەرماندەکانی سوپای وڵاتەکەی گیانی لە دەستدا ، بەهۆی ئەوەی ئەو فڕۆکەیەی کە تێیدا گەشتیان دەکرد، لە نزیک شاری سمۆلێنسکی ڕووسیا کەوتە خوارەوە و تێکشکا.
ئیبراهیم ڕەیسى سەرۆکى ئێران
ئێوارەی دوێنێ هەواڵی دیارنەمانی ئەو هێلیکۆپتەرە بڵاو بووەوە، کە سەرۆکی ئێران و وەزیری دەرەوە و چەند بەرپرسێکی دیکەی تێدابووە لە ئازەربایجانی ڕۆژهەڵاتیی، پاش نزیکەی ١٨ کاتژمێر هەڵمەتی گەڕان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێلیکۆپتەرەکە بە تێکشکاویی دۆزرایەوە و میدیای فەرمی ئێرانیش ڕایگەیاند، کە سەرجەم سەرنشینەکان گیانیان لە دەستداوە.
ڕ.ش
Comments are closed.