“لە دێرزەمانەوە سروشتێكی جوانی هەبووە”

كامەران حەمە ساڵح عەبدوڵڵا

سلێمانی پێش درووستبوونی وەك شار زۆرترین كارێز و كانیاوی تێدابووە، كە ژمارەیان ٧٧ كارێز و كانیاو بووە و سەرچاوەیەكی گرنگی ژیان و سەوزایی بووە.

ئەم شوێنانە بۆتە شوێنی گەشتوگوزار و سەیران بۆ خەڵكەكەی، تێیدا دارودرەخت و درەختی میوە و گوڵ و پەرژین جوانترین سیمای ژینگەی جوانی بە شوێنەكە بەخشیووە، کە لە یادەوەریی شارەكەدا بەردەوام باس دەكرێ‌، بەوەی هەمیشە قەشەنگ بووە لە سەوزایی و سروشتیدا، ئەو شوێنانەی لە كۆنەوە تا ئێستا زۆریان ماونەتەوە وەك (كانیی سەرچنار و باخی شێخ لەتیف بە كارێزی شێخ لەتیف ناسراوە و كارێزی كانێسكان بۆ باخی گشتی و پاركی ئازادی ئێستا و قۆریە شكاو كارێزی حاحی بەگ و كارێزی وەستا شەریف و كارێزی جولەكان و كارێزی دەباشان كارێزی ساڵحی مەحمود و خوار دەباشان و كارێزی مەلاعەلی و كارێزی كارێزە وشك، باخی سەعید بەگ و كارێزی موشیر ئاوا لای ئەمنە سوورەكە.

ئەم سەرچاوە ئاوییانەی ناوشار هەرلە دروستبوونی وەك شار هێمایەكی دڵگیر بووە بە پێناسەكردنی سروشت و ژینگەیەكی دڵڕفێن لە دێرزەمانەوە.

خەڵكی سلێمانی بەردەوام داریان رواندووە یان كەپری میویان داناوە و یەكێك بووە لە نەریتە باوەکانی ماڵان لە حەوشە و بەردەرگا لەگەڵ دارتوویان رواندووە.

یەكێك لەو دارانەی مێژوویەكی کۆنی هەیە ئەویش داری سورەچنارە، كە زیاتر لە چەمی سەرچنار و گەڕەكی كانێسكان و باخی گشتی روێنراوە، پێش ئەوەی باخەكە دروست بكرێت، زۆرێک لەو دارانە مێژوویان ١٠٠ – ١٥٠ ساڵ دەگەڕێتەوە، هەیانە تا ئێستا ماون، داری سنەوبەریش لە جۆگەی كارێز و شیوەكان روێنراوە ئەو شوێنانە بۆتە شوێنی گەشتوگوزار و سەیرانگە و كانی شەكراو و باخی بەختیاری، بۆیە لەمێژە سلێمانی هەربە جوانی ماوەتەوە و بەردەوام جوانتر دەبێت و یەكێكە لە شۆخترین شارەکان بەپێی شوێنی جوگرافیا و دۆڵ و گرد و شاخ و كانیاو و كارێزەكانی.

ئ.م

ئەم وتارە ڕاوبۆچوونى تایبەتى نووسەر خۆیەتى.

Comments are closed.