هاوسەرۆكانی گشتیی دەم پارتی لە زیندان سەردانی دەمیرتاشیان كرد

ناوەندی هەواڵەکان

دوای سزا نوێیەكەی دادگای ئەنقەرە لە دۆزی کۆبانێ هاوسەرۆكانی دەم پارتی سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاشیان كرد لە زیندانی ئەدرنە و دواتر ڕایانگەیاند:دۆزی کۆبانێ دۆزێکی پیلانگێڕی و تۆڵەی سیاسییە و دان بەم بڕیارەدا نانێین، کورد و زەحمەتکێشان و گەلانی تورکیا، دان بەم بڕیارەدا نانێن.

ئەمڕۆ هاوسەرۆكانی دەم پارتی، تولای هاتیم ئۆغوڵڵاری و تونسێر باكیرهان سەردانی سەلاحەدین دەمیرتاش كرد لە زیندانی ئەدرنەو دواتر كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیان ئەنجامدا و بە بەشداری چەندین کەس لەبەردەم زیندانەکە ڕاگەیاندراویان خوێندەوە و لەوێ درووشمی “زیندانیانی سیاسی شکۆی ئێمەن” و “بژی بەرخۆدانی زیندان” بەرزکرایەوە.

تولای حاتەم ئۆغۆللاری ڕایگەیاند: دۆزی کۆبانێ دۆزێکی پیلانگێڕی و تۆڵەی سیاسییە، ئەو کورد و سۆسیالیست و شۆڕشگێڕە چەپانەی لە تورکیا پێداگری لە چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد دەکەن و تێکۆشانی یەکگرتووی دیموکراتیک دەپارێزن، سزای قورسیان بەسەردا دەسەپێنرێت.

وتیشی: ڕەوشی دەمیرتاش باشە و وەک جاران، ئەمڕۆش هەمان هەڵوێست و ورەی هەیە، ئەم بڕیارە نەیتوانی تۆسقاڵێک پاشەکشە بە هاوڕێیانمان فیگەن و سەڵاحەدین بکات.

حاتەم ئۆغۆللاری  ئاماژەى بەوە کرد، دەمیرتاش سڵاو و خۆشەویستی بۆ هەمووتان هەبووە و ئەوان زۆر باش بوون، مۆراڵێکی بەرزیان هەبوو، تا شکاندنی ئاسنەکانی ناوەوە و دەرەوە و دیوارە ساردەکان، ئەو دیوارانەی بۆ مەبەستی سیاسی دروستکراون، تێدەکۆشین.

هەر لە کۆنگرەکەدا تونجەر باقرخان ڕایگەیاند: لە بەرخۆدانی کۆبانێ، بە تێکۆشانی هاوبەشی کورد و عەرەب و گەلانی تورکیا دژی داعش، سەرکەوتنێکی هاوبەش بەدەست هات.

ئاماژەى بەوە کرد، دەبوو ئەم سەرکەوتنە لە تورکیا پیرۆز بکرایە، بەڵام بەداخەوە بوو بە ئامڕازی دادگاییکردن، وا دیارە شكستی داعش چەند کەسێکی هەراسان کردووە، ئازادیی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین چەند کەسێکی ناڕەحەت کردووە.

هەروەها هاوسەرۆکی دەم پارتی ئەوەشی خستەڕوو، ئەوانەی پشتگیریان لە گەلی کۆبانێ کرد، دادگایی کران و سزادران، پێش هەموو شتێک دەڵێین، دان بەم بڕیارەدا نانێین، کورد و زەحمەتکێشان و گەلانی تورکیا، دان بەم بڕیارەدا نانێن.

هـ.ح

Comments are closed.