نوێترین زانیاری لەسەر کێشەی وەرگرتنى گەنمی جوتیارانی هەرێم

ناوەندی هەواڵەکان

وەزیری كشتوكاڵی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، لەگەڵ بەغداد لێكتێگەیشتنی باش هەیە لەسەر ئەوەی هاوشێوەی پارێزگاكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق گەنمی جووتیارانی هەرێم وەربگیرێت، دەشڵێت: تاوەكو ئێستا نەگەیشتوونەتە قۆناغی كۆتایی بڕیاردان لەسەر چۆنییەتی وەرگرتنی گەنم.

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوە ئاوییەكانی هەرێم بۆ میدیا ناوخۆییەکان لەسەر کێشەى وەرگرتنى گەنمی جووتیارانى هەرێم قسەى کرد.

بێگەرد تاڵەبانی وتی: بەمەبەستی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لەلایەن وەزارەتی بازرگانی و وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق، ئەمڕۆ سەدانی بەغدادمان كرد.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ وەزیری كشتوكاڵ و تیمی هونەریی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق كۆبوونەوە و دواتر لەگەڵ لیژنەی ٥٧ كۆبوونەوەیان تایبەت بە بڕیاردان لەسەر چۆنییەتی وەرگرتنی گەنم كردووە و گفتوگۆی لەسەر مافی جووتیارانی هەرێمی كوردستان كرا.

وەزیری کشتوکاڵ وتیشی: لە چوارچێوەی هەموو ئەو رێكارانەی كە ئەمساڵ گیراونەتەبەر بۆ سەلماندنی راستی و دروستی داتا و زانیارییەكانی جووتیارانی هەرێم، تاوەكو بەهەمان شێوەی پارێزگاكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بەرهەمی گەنمەكەیان رادەستی سایلۆكان بكەن.

بێگەرد تاڵەبانی ئەوەى خستەڕوو، دوای گفتۆگۆیەكی زۆر لە نێوان هەردوولایاندا تارڕدەیەك لێكتێگەیشتن هەبوو، بەڵام تاوەكو ئێستا نەگەیشتوونەتە قۆناغی كۆتایی بڕیاردان لەسەر چۆنییەتی وەرگرتنی گەنم.

ئەمساڵ حکومەتى ناوەندی عێراق بڕیاریدا سەرجەم گەنمی جوتیارانى هەرێم وەرنەگرێت و تەنیا لە ٢٠% گەنمی هەرێم وەرگرێت، لەکاتێکدا هەموو گەنمی جوتیارانى ناوەڕاست و خوارووی عێراق وەرگیراوە، ئەوەش جوتیارانى هەرێمی نیگەران کردو ڕایانگەیاند کە زیانێکی مادی زۆریان پێدەگات.

هـ.ح

Comments are closed.