دادگای فیدراڵی لەبارەی پرسى هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم كۆدەبێتەوە

ناوەندی هەواڵەكان

بڕیارە ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق سەبارەت بە سكاڵاكەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمی كوردستان كۆببێتەوە، سكاڵاكەی دژی دابەشكردنی كورسییەكانی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان تۆماركردووە.

بەپێی خشتەی دانیشتنەكانی دادگای فیدڕاڵی ئەمڕۆ دادگاكە لە بارەی چەند سكاڵایەكەوە كۆدەبێتەوە و یەكێك لەوانەش تایبەتە بە سكاڵاكەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمی كوردستان.

بەپێی خشتەی دانیشتنەكانی دادگای فیدراڵی، ئەمڕۆ جارێكی دیكە دادگاكە سەبارەت بە سكاڵاكەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە، كە لە دژی سەرۆكی ئەنجوومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق تۆماری كردبوو.

مەسرور بارزانی لە سكاڵاكەیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دابەشكردنی ١٠٠ كورسیی پەرلەمانی هەرێمی كوردستانی بەسەر پارێزگاكان و هەروەها پێداچونەوە بە هەڵوەشاندنەوەی ١١  كورسییەكەی پێكهاتەكان دەكات.

ئەمە لەكاتێكدایە، ١٩ـی ئەم مانگە دادگای فیدراڵی لە سەر سكاڵاكەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمی كوردستان كۆ بوویەوە و بڕیاریدا كۆبوونەوەكە بۆ ئەمڕۆ دوابخات.

جێگەی ئاماژەیە، ٢٢ی شووباتی ئەمساڵ دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق ١١ كورسیی كۆتای پێكهاتەكانی لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان هەڵوەشاندەوە و بە نادەستووریی ناساندی.

هـ.ئ

Comments are closed.