حووسییەكانی یەمەن فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی ئەمریكایان خستە خوارەوە

ناوەندی هەواڵەكان

حووسییەكانی یەمەن بڵاویان كردەوە، ئەمڕۆ لە ئاسمانی پارێزگای بەیدە لە باشووری وڵاتەکەمان فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی ئەمریكامان خستووەتە خوارەوە، دەشڵێن: تا ئێستا سەركەوتوو بووین لە خستنەخوارەوەی پێنج فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئەمریكی لەم جۆرە.

حووسییەكانی یەمەن لە بارەی خستنەخوارەوەی فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی ئەمریكا لە باشووری وڵاتەکەیان ڕاگەیاندراوێكیان بڵاو كردەوە.

لەڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، ئەمڕۆ هێزەكانی بەرگری ئاسمانی حووسییەكان فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی ئەمریكان لە جۆری ئێم کیو ٩ لە ئاسمانی پارێزگای بەیدە خستووەتە خوارەوە، دوتار دیمەنەكانی خستنە خوارەوەى ئەو فڕۆكە بێفڕۆكەوانە بڵاو دەكەینەوە.

ئاماژە بەوەشكراوە، تا ئێستا سەركەوتوو بووین لە خستنەخوارەوەی پێنج فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئەمریكی لەم جۆرە.

باس لەوەشكراوە، هێزەكانیان بەردەوامن لە پەرەپێدانی توانا بەرگرییەكانیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەستدرێژییەكانی ئەمریكا و بەریتانیا بۆ سەر وڵاتەكەمان.

جێگەی ئاماژەیە، لە دوای ٧ـی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردووە و لە دوای سەرهەڵدانی شەڕی حەماس و ئیسرائیل، حووسییەكانی یەمەن پشتیوانی خۆیان بۆ حەماس دووپات كردەوە و ڕایانگەیاند، لە دەریایی سوور هەر كەشتییەكی ئیسرائیل یان وڵاتانی دیكە بەرەو ئیسرائیل بچێت دەیكەنە ئامانج.

هـ.ئ

Comments are closed.