چوارچێوەی هەماهەنگی هەمواركردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆیی پەرلەمان ڕەتدەكاتەوە

ناوەندی هەواڵەكان

ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، چوارچێوەی هەماهەنگی هەمواركردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆیی پەرلەمان بە مەبەستی كردنەوەی دەرگای خۆ كاندیدكردن بۆ پۆستى سەرۆكایەتی پەرلەمان ڕەتدەكاتەوە.

عەلی بەنداوی ئەندامی پەرلەمانی عێراق و سەركردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی، لە بارەی هەمواركردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆیی پەرلەمانی عێراق و چارەسەر كردنی كێشەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان، بۆ میدیا عێراقییەكان دەدوێت.

عەلی بەنداوی ڕایگەیاندووە، داواكارییەكانی پارتی تەقەدووم بۆ هەمواركردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان بە مەبەستی كردنەوەی دەرگای خۆ كاندیدکردن بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان ڕەتدەكرێتەوە و ناتوانرێت قبوڵبكرێت، هەروەها ئێمە هەرگیز لەم بابەتە پاشگەز نابینەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، هێزە سیاسییە سوننەكان هیچ بژاردەیەكی تریان نییە، جگە لە ڕێككەوتن لەسەر یەك كەس بۆ پۆستی سەرۆكایەتی پەرلەمان، ئەگینا دەبێت ئەو هێزانە ڕێز لەوە بگرن، كە پەرلەمانتاران دەنگ بەچی كاندیدێك دەدەن، ئەم ململانێیانە خزمەت بە سوننە ناكات.

باسی لەوەشكرد، ئێمە كاردەكەین و هەوڵدەدەین دیدگاكان لێك نزیك بكەینەوە، بەڵام هیچ پێشهاتێكی نوێ لەم بابەتەدا نییە، هیچ وادەیەك نییە بۆ دیاریكردنی كاتی دانیشتنێكی نوێی بە مەبەستى هەڵبژاردنى سەرۆكی پەرلەمان.

ئێوارەی شەممەی ڕابردوو پەرلەمانی عێراق دانیشتنێكی تایبەتى بە هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێ پەرلەمان ئەنجامدا، كە نزیكەی ٣٠٠ پەرلەمانتار تێدا بەشداربوون، پەرلەمان لە خولی یەكەمیدا نەیتوانی سەرۆكی پەرلەمان هەڵبژێرێت، ئەمەش ناچاری كردن خولی دووەمی هەڵبژاردن ئەنجامبدەن، كە تیایدا سالم عیساوی ١٥٨ دەنگی بەدەستهێناوە و مەحمود مەشهەدانی ١٣٧ دەنگی بەدەستهێنا، دواتر پەرلەمان چووە خولی سێیەم، بەڵام لە خولی سێیەمدا بەهۆی شەڕ و پێكدادانی نێوان پەرلەمانتارانەوە دانیشتنەكان بۆ كاتێكی نادیار دواخرا.

هـ.ئ

 

 

Comments are closed.