پەرلەمانى عێراق وادەی پەسەندكردنی بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ـی ئاشکرا کرد

ناوەندی هەواڵەكان

سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، دەنگدان لەسەر خشتەی بودجەى ساڵی ٢٠٢٤ لە ٩ی مانگی حوزەیران تێناپەڕێت، دەشڵێت، وەزیرانی دارایی و پلاندانان یەكەم كەس دەبن، كە لەلایەن لیژنەکەمانەوە میوانداری دەكرێن سەبارەت بە خشتەكانی بودجەی ئەمساڵ.

عەتوان عەتوانی سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە بارەی وادەی پەسەندكردنی خشتەكانی بودجەی ئەمساڵ و میوانداری کردنى لایەنی پەیوەندیدار بۆ میدیاى فەرمی عێراق دەدوێت.

عەتوان عەتوانی ڕایگەیاند، خشتەكانی بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ گەیشتووەتە پەرلەمان، لە ئێستادا لە دیوانی سەرۆكایەتی پەرلەماندایە و چاوەڕێی گەیشتنی  لیژنەی دارایی دەكەین، هەروەها بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ نزیكەی ٢١٠ تریلیۆنە، كورتهێنانیش ٦٦ تریلیۆن دینارە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ڕێکارى دیاری كراومان بۆ گفتوگۆكردن لەسەر بودجە و خوێندنەوەی ئەو خشتانە بریتییە لە پێداچوونەوە بە ناوەڕۆكی خشتنەكە بە وردی، هەروەها وەزیرانی دارایی و پلاندانان یەكەم كەس دەبن، كە لەلایەن لیژنەکەمانەوە میواندارى دەکرێن، سەبارەت بە خشتەكانی بودجەی ئەمساڵ.

سەبارەت بە بودجەی وەبەرهێنان، عەتوان عەتوانی جەختی لەوە كردەوە، میكانیزمی پەسەندكراوی دابەشكردنی ئەو بڕە پارانە، چ بەسەر وەزارەتەكان یان پارێزگاكان بێت دیراسە و شیكاری بۆ دەكرێت، دوای ئەوە ڕاپۆرتەكە دەنووسرێت و دەخرێتە بەردەم سەرۆكایەتی پەرلەمان، دواتریش بودجەی عێراق دەخرێتە بەردەم پەرلەمانتاران بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت.

ڕوونی كردەوە، خشتەی بودجە دەبێت بەپێی ستاندارد و تایبەتمەندییەكان بێت، دابەشكردنی داهاتی نەوت و نا نەوت دادپەروەرانە بێت، هەروەها دەنگدان لەسەر خشتەی بودجە لەناو پەرلەماندا لە ٩ـی حوزەیران تێناپەڕێت.

جێگەی ئاماژەیە، ئەمڕۆ خشتەكانی بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ لە بەشی یاسایی ئەمینداریەتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە ڕەوانەی پەرلەمان كرا.

هـ.ئ

Comments are closed.