دەربارەی کوشتنی کچێکی ١٨ ساڵ لە پێنجوێن زانیاری نوێ ئاشکرا دەکرێت

ناوەندی هەواڵەکان

ڕژاک دەربارەی کوشتنی کچێکی ١٨ ساڵ لە پێنجوێن بەدەستی باوکی، دیوێکی نەبینراوی ڕووداوەکە ئاشکرا دەکات و دەڵێت: دەستدرێژی کردنە سەر مێینە لەلایەن باوکەوە واتە دەست درێژی بۆ سەر تەواوی کۆمەڵگە.

ڕێکخراوی ژنانی ئازادیی کوردستان- ڕژاک، دەربارەی کوشتنی کچێکی ١٨ ساڵ بە دەستی باوکی  و پاشان دانە پاڵی تۆمەتی ئەخلاقیی بۆ پەردەپۆشکردنی ڕووداوەکە، ڕاگەیەندراوێكی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا جەختدەکاتەوە کوشتنی ژنان و دانەپاڵی تۆمەت جێی قبووڵ نییە و داوای هەڵوێستی بەپەلە و کاریگەر و بەسزا گەیاندنی تۆمەتباران دەکات.

لە سەرەتای ڕاگەیەندراوەکەی ڕژاکدا هاتووە، کوشتنی ژنان لەژێر ناوی نامووسدا بووەتە خواردنەوەی ئاو هێندە ئاسان بووە، چونکە سزای تاوانکاران و بکوژان و دەستدرێژکاران نادرێت و دەڵێن کێشەی نامووس و کۆمەڵایەتی و خێزانییە، واتە ڕەوایی دانە بەو تاوانانە، چونکە ئەو ئەقڵە بۆ زۆرینە گونجاوە و ڕەوایە.

ڕژک دەڵێت: لە ٢٠ـی ئایار، لە شارۆچکەی پێنجوێن باوکێک کچە ١٨ ساڵانەکەی خۆی بە چەقۆ دەکوژێت، دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچونمان و لە پرسەکەدا، کەسوکاری قوربانییەکە لە ناو خەڵکدا بە ئاشکرا باسی ڕووداوەکەیان کردووە، کە باوکەکە زۆرینەی جار دەستدرێژی کردووەتە سەر کچەکەی خۆی.

ڕوونکراوەتەوە، کە بۆئەوەی کچەکە لە دادگا ئاشکرای نەکات و گەواهی نەدات، باوکی بە چەقۆ لە گەرماودا کچەکە دەکوژێت و هێرش دەکاتە سەر هاوژینەکەشی، کە پێشتریش زۆر جار هاوژینەکەشی ئازارداوە و توندووتیژیی بەرامبەر کردووە.

ڕژاک دەشڵێت: باوکێک بەو شێوە دڕنەدەییە دەست درێژی دەکاتە سەر کچەکەی خۆی، دەیکوژێت و تۆمەتی نامووس و ئەخلاقیشی دەخاتە پاڵ، ئەوەش کارەساتێکی جەرگ بڕەو شایەنی قبوڵ کردن نییە.

باس لەوەشکراوە، ئەوە یەکەم ژن نییە لەلایەن کەسی نزیکییەوە دەستدرێژی بکرێتە سەری و بشکوژرێت، بەڵکو نمونەی لەو شێوەیە هەبووە هەندێکیان ئاشکرابوون و هەندێکیش بەشاراوەیی ماونەتەوە، ئەوەش لوتکەی بێ ئەخلاقی ئەو نێرە نیشان دەدات.

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە ناهۆشیاری بێ مافی ژنان گەیشتووەتە ئاستێک خێزان ناوێرن بەرامبەر پیاوی ماڵەکەیان پێیان دەوترێت “وەلی ئەمر” قسەبکەن و ناوێرن و بە مافی ژنانی نازانن، کە بەرگری لە خۆی بکات، یەکسەر دەبێتە جێگای تانەوتەشەر و تۆمەت کردن بۆیان، زۆرجار ناچاردەبن بێدەنگ بن، چونکە ڕێگای چارە و ڕزگاربوون نییە لەو دۆزەخە، یان خۆی دەکوژێت و یانیش دەکوژرێت.

ڕژاک ئاماژەی بە هۆکارەکان کردووە و دەڵێت: ئەوەش ئەرکی حکومەت و ڕێکخراوەکان و ئەو یاسایانەیە کە نین، یان ئەویاسایانەن کە دژی ژنن و هۆکارن بۆ ئەو کارەساتانە، هۆکاری ئەو ئەقڵ و چەمکانەن کە ژن بەلاواز دەبینێت، کە ژن تەنها وەک کاڵا، خزمەتکار و چێژ و ئامێری مناڵ درووست کردن دەبینن، ئەرکی هەمووانە کۆمەڵگە هۆشیار بکەینەوە و چەمک و ئەقڵی نامووسگەرایی کۆتایی پێ بهێنن، کە ژن بە نامووس دەزانن و لە ژێر ئەو بیانوەدا کوشتنی ژنان ڕەوادەکەن و ژن بە موڵکی خۆیان دەزانن.

جەختی کردووەتەوە، ئەو کارەساتە تاوانکارییە مەترسییەکی گەورە و قێزەونە لە کۆمەڵگەکەماندا ڕوویداوە، تەواوی لایەنەپەیوەندیدارەکان دەخاتەژێر پرسیار و ئەرک و بەرپرسیارێتی قورس، کە بەڕاستی دەبێت کاری جدی لەسەربکەین.

هەروەها ڕژاک دەپرسێت، چۆن باوکێک کارێکی وا قێزەون بکات و لە ژێر ناوی نامووس دا بۆ دەربازبوونی لە تاوانی دەستدرێژیی کچەکەشی بکوژێت و تۆمەتیشی بۆهەڵبەستێت، قبوڵ بکرێت؟ پێویستە چالاکوانان و ڕۆشنبیران وهەموو تاکێکی ئەم کۆمەڵگەیە بپرسین کاروئەرکمان چییە بەرامبەرئەو تاوانە، ئاخۆ ئێستە چەندان ژن و کچ لەژێر ئەو هەڕەشە و دەستدرێژیی و کوشتنانەدان؟

ڕژاک بە پێویستی دەزانێت، کە هەموو تاوانکاران و دەستدرێژیکاران سزای قورس بدرێن و ڕەوایی نەدرێت بە کوشتنی ژنان لەژێر بیانو و درۆی نامووسدا.

هاوکات، پێویستە شوێنی داڵدەدانی ژنان باوەڕ نەکەن بە خێزانەکان و بە ئاسانی ئەو ژنانەی کە پەنایان بۆ هێناون نەدرێنەوە بەخێزان و بنەماڵەکان و شوێنی داڵدەدانەکان بکرێنە شوێنی پەروەردە و هۆشیاری ژنان؛ ژنان مافی خۆپارێزیان هەبێت و مافی خۆی بزانێت.

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، وەک ڕێکخراوی ژنانی ئازادیی کوردستان ئەو کارەساتە بەمەترسی دەبینن بۆ کۆمەڵگە و قبوڵ کراونییە و چی ئەرکێک بکەوێتە سەرشانمان بە ئەرکی خۆمانی دەزانین و لەو چوارچێوەیەدا ئامانجمان پارێزگاری کردنە لە ژنان و ناساندنی مافی خۆی و تەواوی کۆمەڵگەیە.

لە کۆتاییشدا هاتووە، ئەو کارەساتە و هاوشێوەکانی شەرمەزاردەکەین و دەڵێین: پێویستە سزای تووند بدرێنە تاوانکاران و چارەسەری گونجاو و بەپەلە بکەینە ئامانجی تێکۆشانمان.

ئەم ڕاگەیەندراوەی ڕێکخراوی ئازادیی ژنان لە کاتێکدایە، پۆلیس لە بارەی ڕووداوەکەوە ئاماژەی بەوەکردووە، هۆکاری کوژرانی ئەو کچە کێشەی کۆمەڵایەتییە بووە و دۆسییەکەش بۆ ساڵێک پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.

وەک نەقیب سەرکەوت ئەحمەد بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی سلێمانی بە دەزگا هەواڵییەکانی ڕاگەیاندووە، ساڵێک لەمەوبەر کچەکە لەگەڵ کوڕێک ڕایکردووە بۆ هەولێر، بەڵام دواتر کچەکە گەڕێندراوەتەوە بۆ پێنجوێن و بە بڕیارى دادوەر کچەکە دراوە بە باپیرى، باپیریشى دواى ساڵێک کچەکەى ڕادەستى باوکى کردووەتەوە، بەڵام باوکەکە بە چوار چەقۆ کچەکەى کوشتووە.

ش. ئـ

Comments are closed.