توێژەرێکی دەروونی: تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان توانیویانە پەیوەندی نێوان خێزان تێک بدەن

سلێمانی

بەهۆی زۆر بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەناو هاوڵاتییاندا، بووەتە هۆی تێکدانی پەیوەندییەکان و کاریگەریی نەرێنی لەسەر ژیان و ڕەوشی دەروونی خێزان و کۆمەڵگە، پسپۆڕێکی دەروونیش دەڵێت: تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە باشووری کوردستاندا توانیویانە پەیوەندی نێوان خێزان تێک بدەن، دەشڵێت: بیر و هزری تۆی بەکارهێنەر بەلای خۆیاندا ڕادەکێشن و کۆنترۆڵت بکەن.

تا دێت بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە جیهاندا زۆر بە خێرایی گەشە دەکات، لەم سەردەمەی پێشکەوتنی خێرای تەکنەلۆژیا و بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر ژیانی تاکەکان و کۆمەڵگە داناوە، کە ئەم کاریگەرییانەش هەم دەتوانین بڵێین، باش و هەمیش دەتوانین بڵێین، نەرێنی و خراپن.

بەختیار هاوار، پسپۆڕ و توێژەری دەروونی، باس لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەک هۆکارێکی پشێوی دەروونی نێو کۆمەڵگە، هەروەها تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە لە ئێستادا بوونەتە هۆکارێک بۆ لە کەدارکردنی ژنان لەناو کۆمەڵگەدا و هۆکار و ڕێگاچارەییە دەروونییەکان بۆ ئاژانسی ڕۆژنیوز دەکات.

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بووە بە باو

لە سەرەتای چاوپێکەوتنەکەدا، بەختیار هاوار، وتی: تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەم سەردەمەدا وەک باوێکی قەڵەمی و خوێندەواری لێهاتووە، کە پێویستە هەموو کەسێک ئاڵودە و تێکەڵیان ببێت، ئەو کەسەی ئامێرێکی زیرەک هەڵدەگرێت پێویستە زۆر بە ئاگا بێت لەوەی چی دەخاتە ناو یادگای مۆبایلەکەوە، بۆ ئەوەی ئەگەر هاتوو مۆبایلەکەی دزرا یان هاکرا هیچ زیانێکی وای پێ نەبەخشێت، کە ببێتە هۆی درووست بوونی کێشە و تەنگ و چەڵەمە بۆ خۆی و خێزانەکەی.

تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەیانەوێت تۆ کۆنترۆڵ بکەن

ئاماژەی بەوەشدا، ئەو خراپییانەی لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە تووشی مرۆڤ دەبێت، بەکارهێنەرانی بۆ خۆیان دەیانەوێت هەموو شتێکی تۆ بزانن بەبێ ویست و ئاگاداری تۆ، ئەو هەستەکان و حەزەکانی تۆ دەخوێنیتەوە گرنگی پێدەدات، بۆ ئەوەی بیر و هزری تۆ بەلای خۆیدا ڕابکێشێت و کۆنترۆڵت بکات.

ئەو توێژەرە وتیشی: کێشەی هەرە گەورەی تاک لە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ئەوەیە، کە ژیانی ڕاستەقینە و ژیانی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەک یەک تەماشا دەکەن، ئەمەش لە ڕاستییدا پێویست نییە ئەو کەسەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەیناسیت وەک ئەو کەسە مامەڵەی لەگەڵدا بکەیت، کە لە دەرەوە دەیناسیت، هەروەها پێویست نییە هەموو ئەو شتانەی لەودیویی مۆبایلەکەوە پێت دەڵێن تۆ بڕوایان پێبکەیت.

ئەگەری ئەوە هەیە تەواوی زانیارییەکان سیخوڕیی پێوەبکرێت

لەڕوانگە سیخوڕییەکەیەوە جەختی کردەوە، بەشێک لە کۆمپانیاکان ئەگەر بێنە ناو مۆبایلەکەوە یان ڕێگەی بەکارێننانی ئەپڵیکەیشنەوە بێت، ئەگەری هەیە تەواوی زانیارییەکانت بفرۆشێتەوە بە دەزگایەکی سیخوڕیی، چونکە دەزگا سیخوڕییەکانی هەر ناوچەیەک دەتوانن لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، کە پەیوەندییان لەگەڵدا هەیە، بۆ دەستکەوتنی سوودێک، زانیارییەکانی تایبەتی تۆ دەدات بەو دەزگا سیخوڕییە.

کاڵفامی لە بەکارهێناندا پشێوی دەروونی لە ناخی مرۆجدا درووستدەکات

لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشدا، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان توانیویەتی پەیوەندیی نێوان تاکەکانى نێو کۆمەڵگە و خێزانەکان تێکبدات، پەیوەندییەکانی کەم کردووەتەوە و بووەتە هۆکاری درووستبوونی کۆمەڵێک گومان، ئەمەش لە کاتێکدا کولتوور شتێکمان لێداوا دەکات و حەز و ئارەزووەکانی ئەو تاکەی گیرۆدەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بووە شتێکی دیکە، بۆیە هەموو شت پێچەوانە بووەتەوە و کۆمەڵێک کەس دەبنە سووتەمەنی لەو ململانێیەدا.

بەختیار هاوار وتیشی: کاڵفامی لە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکادا دەبێت هۆی درووستبوونی پشێوییەکی دەروونی قورس لەناخی مرۆڤدا، چونکە وا دەزانێت ئەو ژیانەی لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکاندا هەیە وا دەزانێت ڕاستییە، بەڵام بێ ئاگایە لەوەی تەنها ڕۆڵگێڕانە.

هەمیشە بە گومانەوە بابەتەکانی تۆرەکۆمەڵایەتییەکان وەرگرە

باسی لەوەشکرد، پێویست نییە تۆ متمانە بە هەموو کەس بکەیت و هەر شتێک وترا لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا باوەڕی پێکەیت، چونکە تۆ دواتر ناتوانیت ئەمانە پاک بکەیتەوە، بۆیە هەمیشە بە گومانەوە بابەتەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پشت ڕاست بۆیەوە بیکە بە یەقین و دڵنیای، بەڵام کە پشت ڕاست نەبوو و بە دڵنیای وەرتگرت ئەوا زیانی دەبێت بۆت.

لە کۆتاییشدا وتی: بۆ ئەوەی بتوانیت ڕووبەڕووی ئەو کێشانە ببیتەوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە تووشی دەبیت، پێویستە پێش هەموو شتێک خۆت لەو پەستانە دەروونیی و هەڕەشە و مەترسییانە دوربخەیتەوە، دەتوانرێت سەرەتا پەیوەندیی بە کەسێکی نزیکەوە بکەیت و پاشان ڕێگەی یاسایی بگریتەبەر و یاسا کێشەکەت بۆ چارەسەر بکات، دواتر دەتوانرێت بۆ چارەسەری زیاتر سەردانی دەروونناس بکرێت و بۆ ئەوەی بتوانیت ترس و توڕەییەکەت کۆنتڕۆڵ بکەیت.

لەگەڵ زیاتر تەشەنەکردنی ئینتەرنێت و دواتریش پەیدابوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەبێ ئەوەی خول و پەروەردە و سیمیناری تایبەت لەسەر چۆنێتی بەکارهێنانی ڕوونبکرێتەوە و تاکەکان لە شێوازی بەکارهێنانی تێبگەیەندرێت، لە عێراقدا بە لێشاو بڵاوبوویەوە و هاوڵاتییان ڕوویان لە سۆشیال میدیا کرد، بەپێی دواین ئاماری سەنتەری میدیای دیجیتاڵی DMC بەکارهێنانی تۆرە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان لە عێراقدا گەیشتووەتە نزیکەی ٣٢ ملیۆن بەکارهێنەر، ئەمەشیەکسانە بە نزیکەی ٧٠٪ کۆی دانیشتوانی عێراق.

ب. جـ

Comments are closed.