هەڵاواردنی جێندەری سەرچاوەی توندوتیژیی بەرامبەر ژنانە

سلێمانی

توندوتیژیی بەرامبەر ژنان و بەکەم بینین و وەلاخستنی توانا و ڕۆڵیان مێژووییەکی سەدان ساڵەی هەیە، لەمڕۆشدا لە ڕێگەی پەروەردەی خێزان بە درووستکردنی جیاکاریی لەنێوان منداڵی کچ و کوڕ، پاشان گواستنەوەی بۆ کۆمەڵگە بەردەوامی بە مانەوەی داوە.

هەڵاواردنی جێندەریی ڕێبازێکی بنچینەییە بۆ هێشتنەوەی باڵادەستیی ئەقڵییەتی پیاوسالاریی و بەردەوامیدان بە توندوتیژیی و نادادییەکان بەرامبەر ژنان، کە ئەوەش لە پەروەردە و شێوازی مامەڵەکردنی خێزانەکانەوە سەرچاوە دەگرێت و بەردەوامی بە خۆی دەدات.

لە پەروەردەی خێزانەکاندا تا ئەمڕۆش منداڵی کوڕ بە سەنەدی ڕەچەڵەکی ئەو خێزانە دادەنرێت، بەڵام بە پێچەوانەوە کچ میوانێکی کاتییە، کە هەڵگری (شەرەف و نامووس)ـی بنەماڵەیە، خاوەندارێتییەکەی بۆ پیاوانی ناو بنەماڵە دەگەڕێتەوە، کە مافی هەیە هەرکاتێک بیەوێت توندوتیژیی دەروونی و جەستەیی بەرامبەر ئەنجام بدات، تەنانەت ژیانیشی لێ وەربگرێتەوە ڕەوایەتی پێ دەدەن.

ئەشواق نەجیب
ئەشواق نەجیب

لەو بارەیەوە ئەشواق نەجیب پارێزەر و چالاکوان لە چاوپێکەوتنێکدا دەربارەی هۆکار، کاریگەریی و دەرئەنجامی جیاکاریی و هەڵاواردنی جێندەریی لەنێوان پەروەردەی منداڵی کوڕ و کچدا شیکردەوە.

سەرەتا باسی لەوە کرد، لە یەکەم ساتی درووستبوونی کۆرپەلە و دەرکەوتنی ڕەگەزەکەی لە سکی دایکیدا، هەڵاواردنی جێندەرەی سەرەچاوە دەگرێت و دەست پێدەکات و وتی: کە دەڵین کۆرپەکە کچە دایکەکە پەراوێز دەخرێت، بەڵام کاتێک دەڵین کوڕە جۆرێکی تر مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت لەلایەن هاوسەری یان خزمانی.

تیشکی خستەسەر ئەوەی، ئێمە لە کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاریی دەژین، بۆ چەوساندنەوە و لاوازکردنی ڕۆڵ و کاریگەریی ژنان، هەموو ئامرازێکیان بەکارهێنراوە و وتی: بۆیە هەندێک جار لە دایکان دەبیستین دەڵێن “نامانەوێت منداڵی کچمان هەبێت”، چونکە دەزانێت ڕووبەڕووی توندوتیژیی و چەوساندنەوە دەبێت لەسەر دەستی ڕەگەزی بەرامبەری.

لە ڕووی یاساییەوە ئەو پارێزەرە ڕوونی کردەوە، کە یاساکانیش هاوکارنین بۆ کەمکردنەوەی جیاکاریی ڕەگەزیی، بەڵکو هۆکارێکن بۆ فکری پیاوسالاریی یان فەرزکردنی کوڕ بەسەر کچدا.

نموونەی چەند یاسایەکی هێنایەوە و وتی: هەندێک یاسا هەیە ڕەگەزی نێری بەسەر مێدا فەرزکردووە، وەک لە دابەشکردنی میرات و ماڵ و ئەنجامدانی گرێبەستی هاوسەرگیریش.

بۆ چارەسەریش وتی: دەبێت هەر تاکێک لەخۆیانەوە دەستپێ بکەن و ئەو جیاوازییە نەهێڵن کە لە پەروەردەی خێزانەوە بە هۆکارە کۆمەڵایەتییەکان گاریگەر دەبێت، پێویستە بەبێ جیاکاریی منداڵەکان پەروەردە بکرێن، کچەکانیش بە شێوەیەک گۆشبکرێن کە شانازی بە ڕەگەزی خۆیانەوە بکەن.

ش. ئـ

Comments are closed.