کنێر عەبدوڵا: پێیان وتووم جارێکی دیکە نەچمەوە تورکیا

ناوەندی هەواڵەکان

كنێر عەبدوڵا نووسەر و چالاکوان ڕایگەیاند، لە کاتی گەڕانەوەی لە تورکیا بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک ڕاگیراوە و لێپرسینەوەی لەگەڵدا ئەنجامدراوە، دواتر هۆشدارییان داوەتێ لەوەی جارێکی دیکە بۆی نییە بچێتەوە ئەو وڵاتە.

کنێر عەبدوڵا نووسەر و چالاکوان، لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ ئاماژەی بەوەکردووە، پاش ئەوەی چووەتە باکووری کوردستان، لە کاتی گەڕانەوەی لەلایەن بەرپرسانی دەوڵەتی تورکەوە لە دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل ڕووبەڕووی ئاستەنگ و لێپرسینەوە بووەتەوە، هاوکات پێیان ڕاگەیاندووە جارێکی دیکە بۆی نییە بچێتەوە ئەو وڵاتە و لەوبارەیەوە هۆشدارییان داوەتێ.

ئاماژەی بەوەش کردووە، بەرپرسانی دەوڵەتی تورک لیستێکیان لایە، ناوی کۆمەڵێک ڕۆشنبیر و نووسەرانی باشووری کوردستانی تێدایە، بەدیاری کراوی ئەوانەی لەبارەی پرسی كورد و مافەكانیان دەنووسن، کە ناوی ئەمیش یەكێک بووە لەوان.

ئەو ژنە نووسەرە شێوازی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەکەی باسکردووە و وتویەتی: دوای سەردانمان بۆ باكووری كوردستان بە دیاریكراوی بۆ شاری ئورفە، لە كاتی گەڕانەوەمان لە سنووری ئیبراهیم خەلیل رووبەڕووی ئاستەنگ و لێپرسینەوە بووم لەلایەن لێپرسراوانی وڵاتی توركیاوە، كە دوای وەرگرتنی پاسپۆرتەكەم بەناوی ئەوەی پشكنین دەكەن‌ و كێشەی هەیە، پێیان ڕاگەیاندم كە دەبێت لەگەڵیان بچم بۆ لێكۆڵینەوە‌ و گومانیان لەسەرم هەیە.

دەشڵیت: ئەوەبوو بە ئۆتۆمبێلێكی خۆیان منیان برد بۆ ژوورێک كە ژمارەیەک كەسی لێ بوو، لە كۆمپیوتەرەكانیاندا ناوی ژمارەیەک لە نووسەران و ڕۆشنبیرانی باشووری كوردستانی تێدابوو، ئەوانەی لەبارەی پرسی كورد و مافەكانیان دەنووسن، منیش یەكێک بووم لەوان و دوای هێشتنەوەم بۆ ماوەیەكی زۆر پێیان ڕاگەیاندم كە بەهیچ شێوەیەک بۆم نییە جارێكی تر بچمەوە ناو خاكی توركیا.

ش. ئـ

Comments are closed.