شێرزاد شێخانی
قەت لەخۆتان پرسییە لۆچی سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئەوەندە سووڕ و مکووڕە لەسەر هەژماری من، قەت بیرتان لەوە کردیتەوە لەبەرچی و لەپای چی ئەو هەموو تەنازولە لەهەموو سەروەرییەکانی کورد و حکومەت و هەرێمیش دەکەن تەنها پڕۆژەی هەژماری من سەربگرێ ؟. کەس نەما لەو بەغدایە دەستو پێی ماچ نەکەن لۆ رەزامەندی لەسەر حیسابی هەژماری من .هەڵبەت ئێستا ئەو حکومەتەی هەرێم هەموو مافە دەستووریەکانی خۆی لەبیرچووە و تەنها و تەنها حیساب لۆ هەژماری من دەکا، کەواتە نھێنی ئەو مەسەلەیە چییە ؟
پێش ئەوەی وەڵامتان بدەمەوە دەبێ باش بزانن لەهیچ سووچێکى ئەو دونیایە نەبووە و نابێت حکومەت پارەی خۆی بخاتە ناو بانکی ئەهلییەوە و حکومەت حکومەتە و ئەهلیش ئەهلییە، ئەوجا با وەڵامتان بدەمەوە :
یەکەم- لەدوای لەدەستچوونی داهاتی نەفت و نیوەی داهاتی ناوخۆش، دەسەڵاتی پارتی هیچ پارەیەکی ئەوتۆی بەدەستەوە نەماوە بە کەیفی خۆی تەخشان و پەخشانى بکات، ئەگەر هەژماری من سەربگرێ ئەوە مانگانە دەیان ملیۆن دۆلاری دەست دەکەوێ لە مامەڵەی ئەو پارەیەی دێتە ناو حیسابەکەوە .
دووەم- عمولەی ئەو پارانەی لە مووچە دەگێردرێنەوە ئەویش داهاتێکی باشە لۆ پارتی کە خاوەنی بانکەکەیە .
سێیەم- پارتی دەیەوێ بە کۆنتڕۆڵکردنی ئەو بانکە وا لەمووچەخۆر بگەینێت، کە نان و قووتی خۆی و مندارەکانی هەر لە دەستی پارتییە چ لەناو حکومەت بێ یان لە دەرەوەی حکومەت .
چوارەم- هیچ دوور نیە ئەو هەژمارە لۆ کاتی هەڵبژاردنەکان بەکاری بێنی بەوەی مووچەخۆران بترسێنێ لەبڕینی مووچەیان ئەگەر دەنگی پێنەدەن، یان هەر نەبێ لەرێگەی فشاری دەروونییەوە ئەم کارە بکات .
مەخڵەسی کەلام ئەوەیە، پارتی هەموو شتێکی لەدەستچووە، ئەوەی ماوە تەنها مووچەیە، کە بتوانێت تەوزیفی بکا لۆ بەرژەوەندی خۆی هەر بەو داهاتەش دەتوانی ئەو لەشکری کۆیلە و بندیوار و هەوادارانی خۆی رابگرێ، چونکە پارتی بەبێ پارە یەکسانە بە سفری دوای فاریزە .
ئ.م
ئەم وتارە ڕاوبۆچوونى تایبەتى نووسەر خۆیەتى.
Comments are closed.