هەڵمەتێک لەدژی تێکدانى سرووشتی سلێمانی ڕاگەیەندرا

ناوەندی هەواڵەکان

بە بەشداری ژمارەیەکى زۆر لە کەسایەتى و ژینگە دۆستان و ڕۆژنامەنووسان و ئەندازیاران و رۆشنبیران دەستیەک بۆ داکۆکیکردن لە سرووشتی شاری سلێمانی و بەتایبەت بناری هەردوو شاخی گۆیژەو ئەزمەڕ ڕاگەیەندرا.

ماوەی چەند ڕۆژێکە کۆمپانیایەکی وەبەرهێنان دەستی کردوە بە بڕینی شاخی گۆیژە بەمەبەستى کردنی بە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون، بەڵام ئەم کارە کاردانەوەیەکى زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە و هاوڵاتییان و ڕۆشنبیران و کەسایەتییەکان و توێژەکانى شاری سلێمانی نیگەرانن و داوا دەکەن ئەو پڕۆژەیە ڕابگیرێت.

لەو چوارچێوەیەدا ئەمڕۆ دەستەیەک بەناوی “دەستەى داکۆکیکردن لە سروشتى سلێمانی” بە بەشداری ژمارەیەکى زۆر لە کەسایەتى و ژینگە دۆستان و ڕۆژنامەنووسان و ئەندازیاران و ڕۆشنبیران لەدژی تێکدانى سرووشتی شاری سلێمانی و بەتایبەت تێکدان و بڕینی سرووشتی هەردوو شاخی گۆیژەو ئەزمەڕ ڕاگەیەندرا.

شوان محەمەد ڕۆژنامەنووس لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنووسیدا لە شاری سلێمانی ڕایگەیاند: ڕۆژ بە ڕۆژ شاخی گۆیژە و ئەزمەڕ بچووکتر دەکرێتەوە و پڕۆژەکان زیاتر هەڵدەکشێن، بۆیە ئێمە دەستەیەکمان بەناوی دەستەى داکۆکیکردن لە سروشتی سلێمانی پێکهێناوە، ئێمە کە ئەو زیادەڕۆییکردنە لە شاخی گۆیژەمان بینی، پێمانوایە کە ئەمە لێرەدا ناوەستێت، بەڵکو دەیانەوێت ئەو پڕۆژەیە بەرەو ڕۆژهەڵات و لە پشتی پڕۆژەى چاڤیلاندەوە بڕوات، بەناوی شەقامی ١٠٠ مەترییەوە ئەم کارە دەکەن، ئەوکاتە شتێک نامێنێتەوە بەناوی شاخی گۆیژە و ئەزمەڕ.

وتیشی: ئێمە سروشتێکمان هەیە کە سروشتی سلێمانییە، دوو شاخمان هەیە کە گۆیژە و ئەزمەڕە هەوێنی ئەدەبیات و هونەری میللەتەکەمان و تێکۆشانى خەڵکی سلێمانی بووە، دەمانەوێت ئەو سروشتە وەکو خۆی بمێنێتەوە.

هەروەها شوان محەمەد باسی لەوەشکرد، تەنیا کۆمپانیایەک زیادەڕۆیی نەکردوەتە سەر شاخی گۆیژە، بەڵکو ژمارەیەک کۆمپانیای دیکەشن کە زیادەڕۆییان کردووەتە سەر ئەو دوو شاخە و زیانیان بە سروشتەکەی گەیاندوە.، بۆیە جەختیکردەوە، ئەوان دژی ئەو کارەن و پێویستە ڕابگیرێت.

هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ئەندامی دەستەى داکۆکیکردن لە سروشتی سلێمانی ڕوونیکردەوە، بەپێی قسەی شارەزایان و پسپۆران ئەو پڕۆژانەى کە بڕیارە لە بناری هەردوو شاخی گۆیژە و ئەزمەڕ بکرێن، ئەوا بەتەواوی سروشتی هەردوو شارەکە و سلێمانی تێکدەدەن، کە ئەمە پێچەوانەى ماستەرپلانی شاری سلێمانییە کە دەسەڵاتدارانى ئەمشارە پەسندیان کردوە.

هاوکات شوا محەمەد داواشی لە داواکاری گشتیی کرد، بێتە سەرخەت و ئەم کیسە بجوڵێنێت و دەشڵێت: لامان سەیرە کە تا ئێستا داواکاریی گشتى لەسەر ئەم پرسە هیچ قسەیەکى نەکردوە، بۆیە داوا لە داواکاری گشتیی و دادگاکان دەکەین ئەم پرسە بجوڵێنن، داواش لەسەرکردایەتى یەکێتی و گۆڕان دەکەین کە دەسەڵاتی ئەمشارەیان بەدەستە، ڕێزی ئەو هەموو داواکاریی و نیگەرانییەى هاوڵاتییان و خەمخۆرانی شاری سلێمانی بدەنەوە و تێکدانی سروشتی سلێمانی ڕاگرن.

هـ.ح

Comments are closed.